بەهۆی باران و لافاو ١٣ کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا

بەهۆی باران بارینی بەخوڕو دروستبوونی لافاو ١٣ کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداو زیانێکی ماددی زۆریش بەر هاوڵاتیان کەوت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێوارەی ١٦ی کانونی یەکەم شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوەو بووە هۆی بەرز بوونەوەی لافاو لە زۆرینەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر.

 

بەپێی زانیارییەکان ١٢ کەس لە هەولێر گیانیان لەدەستداو خەڵکی بیانیان تیدایە و تا ئێستا تەنها تەرمی یەک کەس نەدۆزراوەتەوە کە منداڵێکی تەمەن ١٠ مانگە، هەروەها زیاتر لە ٢٥٠ ماڵ و ٥٠ دوکان لە قوشتەپە و ڕۆشنبیری ئاویان تێچووە و سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەر کەوتووە.

 

شەپۆلی باران بارینەکە کە لە دوانیوەڕۆی ١٧ی کانونی یەکەم ناوچەکانی سلێمانی و چەمچەماڵ و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕینی گرتەوە، لە کاتی شەودا بووە هۆی دروستبوونی لافاو، چەندین ماڵ ئاوی تیچوو بەڵام هەر زوو تیمەکانی بەرگری شارستانی بەدەم هاوڵاتیانەوە چوون و کەمترین زیان هەبوو.

 

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە کوڕێکی گەنج کە تەمەنی نزیکەی ١٧ ساڵە ئاو بردی و توانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوەو ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.