پانێلێک دەربارەی کێشە و گرفت و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان بەڕێوەچوو

​​​​​​​بۆ باسکردن و خستنەڕووی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە باشوری کوردستان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک پانێلێکی ئەنجامدا.

سلێمانی


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بۆ خستنەڕووی ئەو کێشە و گرفتانەی دێنە بەردەمی ژنان پانێلێکی بە دروشمی"بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو چارەسەری کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە هەنگاو دەنیێن" ئەنجامدا.


پانێلەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و هەریەکە لە کوردە ئەحمەد کۆمەڵناس و چرۆ شوانی پارێزەر بەشداریان تیادا کرد. 

لە درێژەی پانێلەکەدا ڤیدۆیەک لەسەر ژیانی ژنان و ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، پێشانی ئامادەبووان درا.

 

"جگە لە توندوتیژی حاڵەتی کوشتنی ژنان زیادی کردوە"
دواتر کوردە ئەحمەد، کۆمەڵناس ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا بەربەستەکان لە بەردەم ژناندا زۆرن و بارگرانیەکیان بۆ دروستکراوە کە لەو پرسانەشی تایبەتە بە خۆیان نەتوانن بە پێی پێویست بەشدار بن تیایدا، پرسی ژنیش پرسێکی مێژووییە و بە درێژایی مێژوو ژنان چەوسێندراونەتەوە، جگە لەوەی ژنان هەمیشە توندوتیژی دەروونی و جەستەییان بەرامبەر دەکرێت لە ئێستادا حاڵەتی کوشتنی ژنان بەناوی شەرەفەوە زیادی کردوە.


وتیشی: بە پێی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی  ٢٠٢٢ ئەوەیە ٪١٦.٤ی ئەو توندوتیژیانەی دەکرێتە سەر ژنان ئەوەیە پێیان دەوترێت لەگەڵ کێ قسە دەکەی، لەگەڵ کێ ڕۆشتیتە دەرەوە، ٪١٣.٥ بڕیار لەسەر جلوبەرگی ژنان دەدرێت و ناهێڵن بە ویستی خۆیان جل بپۆشن، ٪٣٧.١ بەهۆی ناهۆشیاری پەروەردەیی خێزانیەوەیە، ٪٣٩.٧ بەهۆی ناهۆشیاری پیاوانەوەیە، بۆیە بەها باڵاکانی کەسایەتی لەناو تاکەکان دروست ناکات و ژنان بوونەتە قوربانی دەستی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری.

 

"ژنان هۆشیار نین بە مافەکانیان و یاساش مافیان ناپارێزێت"
چرۆ شوانی، پارێزەر، لە ڕووی یاساییەوە سەبارەت بەو مافانەی ژنان هەیانە وتی"هەرچەندە یاسا هەیە، بەڵام کێشەکانی ژنان بەردەوامە، چونکە بەشێک لە ژنان بەرامبەر بە مافەکانی خۆیان هۆشیاریان نییە بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یاساکان وەکو خۆی جێبەجی ناکرێت، یاسا کاتێک دەردەکرێت کە تاوان هەبێت و سزا دابنرێت لە بەرامبەریدا نەک ئەم یاسایانەی لە باشوری کوردستان بە فەرمانی حزب بەڕێوە دەچن و تاوانباران سزا نادرێن، لە کاتی کارکردنیشدا ئەو ژنانەی کار دەکەن لە شوێنە ناحکومیەکاندا پێشێلکارییەکی تەواو بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، بۆیە تەنها هۆشیاری ژنان خۆیان دەتوانێت گۆڕانگاری دروست بکات."

 

"بە هاوژیانی ئازاد کێشەی ژنان ڕوو لە چارەسەری دەکەن"

لە بەشی دووەمی پانێلەکەدا، هەریەک لانیاس عەتا، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی و ڕوناک مەجید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان باسیان لە هاوژیانی ئازاد و ڕێگەچارەسەری کێشەکان کرد.

 

لانیاس عەتا، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی، لە بابەتێکدا بە ناونیشانی” زانستی ژنۆلۆژی وەک چارەسەر بۆ کێشە جەوهەرییەکانی کۆمەڵگە” زانستی ژنۆلۆژیی بە ئامادەبووان ناساند و ئاماژەی بەوە کرد، کە گرنگە هەموو ژنان و بەتایبەت ژنانی کورد خاوەندارێتی لەو زانستە بکەن و بیکەنە بنەمایەک بۆ ژیانیان، لەپێناو ڕزگار بوون لەو درۆ و فێڵانەی کە سیستم بۆ بە مێگەل کردنی کۆمەڵگە بڵاویان دەکاتەوە، چونکە تا ئێستا هیچ فیکر و ڕێباز و سیستم و ئایینێک بەو جۆرە کێشەکانی کۆمەڵگە و پرسی ژن دەستنیشاننەکراوە و هەر خودی ژنیش نەکراوەتەوە بە چەقی چارەسەریی بۆ پرسەکان.


ڕوناک مەجید، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی ژن پرسێکی جیهانیە، بۆیە ڕێگە چارەسەریەکەشی جیاوازە و لە باشوری کوردستانیشدا کێشەکانی ژنان قوڵ بوونەتەوە، بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاریەی لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە، کێشەی ژن تەنها لەگەڵ خێزاندا نییە، بەڵکو لە کۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە تەنها بە هاوژیانی ئازاد و ژیانێک کە مافەکانی ژن و مافەکانی کۆمەڵگە بە گشتی دەستەبەر بکات، چارەسەر دەبێت.