بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان لە ڕاپرسییەکدا

لە ڕاپرسییەکدا کە لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، ٪٤١ ڕۆژنامەنووسانی ژن ڕووبەڕووی پێشێلکاری و توندوتیژی دەبنەوە، ٪٥٧ ڕۆژنامەنووسانیش پێیان وایە کە هەرێمی کوردستان لەباری نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی.

سلێمانی

 

لە چوارچێوەی مەراسیمی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامی ڕاپرسییەک بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن لیژنەی داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە.

 

لە ڕاپرسییەکەدا ٩٩ ڕۆژنامەنووس لە پەیامنێر، پێشکەشکار، هەواڵساز، بێژەر، ئامادەکاری بەرنامە، کاری ئیداری، بەشی تەکنیک، بەڕێوەبەر، بەرپرسی بەش، وێنەگر و ئەوانی دیکە لە سەرجەم دەزگاکانی تەلەفزیۆن، ماڵپەڕ، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، پەیجی ئەلیۆکترۆنی و دیجیتاڵ میدیا بەشداربوون، کە ٢٤ ڕەگەزی مێ و ٧٥ ڕەگەزی نێربوون.

 

بەپێی ڕاپرسیەکە ٪٤٥.٥ ئەو ڕۆژنامەنووسانە خاوەنی هیچ بڕوانامەیەکی دبلۆم، بەکالۆریۆس یاخود زیاتر نین، ٪٥٣.٥ ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نین، ٪٦٦.٧ ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

جۆری توندوتیژییەکان دەگۆڕێت، لەوانە ڕووبەڕووی ڕێگری لە ڕوماڵکردن ٪٤٤.٥ ، هەڕەشە ٪٣٠.٦، سوکایەتی ٪٢٤.٧، لێدان ٪١٩.٨، دەستگیرکردن ٪١٨.٢، جیاکاری ٪١٢.٨، دەرکردن لە کار ٪١١.٨، خستنەپاڵ و ناوزڕاندن  ٪٦.٩، بڕینی موچە و هاوکاری ٪٥.٩.

 

٪٤١.٦ی ژنان ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانکردن بوونەتەوە

لە پرسیارێکی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسانی ژن کە ئایا ڕووبەڕووی گێچەڵ یان هەراسانکردنی سێکسی بویتەتەوە؟، لە وەڵامدا ٪٤١.٦ وەڵامیان بەڵێ بووە، کە لەلایەن هاوپیشەکان، کەسانی دەرەوەی دەزگا، بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەکان ئەنجام دراون.

 

هەراسانکردنەکان زۆرینەیان داوای پەیوەندی و عیلاقە بووە، قسەکردن بە تەنهایی، داواکردنی سێکس یان گێچەڵی سێکسی، بیانووپێگرتن، داواکردنی خواستی بەرامبەر لە پۆشینی جلوبەرگ و هەڵسوکەوت، دڵپیسی و چاودێری کردن، کە لەبەرامبەر دەستکەوتنی ئۆفەرێک، پلە یان کارێک، دامەزراندن و زیادکردنی مووچەدا بووە، کە زۆرینەیان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا لە ڕۆژنامەنووسەکان کراوە.

 

لە کاتی ڕەتکردنەوەی ئەو گێچەڵەدا، ٪٥٠ ژنان بێبەشکراون لەو هەلەی هاتووەتە بەردەمیان و دەەکراون، ٪٣٠.٣ ڕۆژنامەنووسان بە هەردوو ڕەگەزەوە لە کاتی کارکردندا لەناو دەزگاکەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، کە خۆیدەبینێتەوە لە جیاکاری لە مامەڵە ٪١٦.٨، پێنەدانی ماف ٪١٥.٨، جیاکاری لە کرێ ٪١٣.٨، بڕینی مووچە ٪٦.٩، دەکردن ٪٦.٩، پابەند نەبوون بە گرێبەست٪٥.٩، بێزارکردن ٪٥.٩، نەبوونی گرێبەست بۆ کارکردن ٪٥.٩، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست بێ ئاگاداری ڕۆژنامەنووسان ٪٣، هەڕەشە ٪٢.٩، سوکایەتی ٪١.٩، لێدان ٪٠.٩، کە بەڕێوەبەری گشتی پرسی یەکەمی ئەو گێچەڵانەیە.

 

دەستوەردانی حزبی پێشێلکاری لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات

بەپێی ڕاپرسییەکە، هۆکاری بەردەوامی پێشێلکارییەکان لە دەرەوە و ناوەوەی دەزگاکان بە پلەی یەکەم گەڕێندراونەتەوە بۆ نەبوونی یاسا کە ٪٤٢.٥، جێبەجێنەکردنی یاساکان ٪٣٩.٦، ئەدای سەندیکا ٪٢٧.٧، سیستمی میدیای حزبی ٪٢٦.٧، نا سەربەخۆی دادگاکان ٪٢٢.٧، دەستێوەردانی حزبی ٪٢١.٧.

 

٪٦٢.١ بەشداربووانی ڕاپرسییەکە زۆرینەیان سەندیکا بە هۆکاری کەمی کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکان دادەنێن، ٪٥٧.٤ پێیان وایە ژینگەی کوردستان لەبار نییە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی.

 

لە کۆتایشدا لە دەرئەنجامدا ئەوە دەرکەوتووە، ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان گونجاو نییە، زۆرینەیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن توندوتیژییەکان بووەتە دیاردە، کەموکورتی و جێبەجێنەکردنی یاساکان هۆکاری سەرەکی پێشێلکارییەکانن، مووچەکەش لە ئاستی کارکردندا نین، سەرباری بوونی گرێبەست بەڵام کاری پێناکرێت.

 

پێشنیار و ڕاسپاردە بۆ باشکردنی دۆخی ڕۆژنامەنووسان

کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەش کراوە، ئەوانیش پڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکان، کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ ڕۆژنامەنووسان، سەندیکا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی پێویستیان بۆ مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسدا هەبێت، کێشەی کات و مووچەی ڕۆژنامەنووسان ڕێکبخرێت.

 

لە هەمان کاتدا، ئاماری پێشێلکارییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خوێندرایەوە، ١٨٧ پێشێلکاری بەرامبەر دەزگا و ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، دەستگیرکردن ٣٥، ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ ٦١، هێرش و سوکایەتی ٧٩، لێدان ٥، هەڕەشە چوار، داخستنی نوسینگە و کەناڵ سێ، کۆی گشتی ٧٩ حاڵەت بەرامبەر ١٨٧ دەزگا و ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، بەڵام بە پێی ئەوەی تۆمارکراوە تەنها یەک ژنی ڕۆژنامەنووس توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدراوە، کە ڕۆژنامەنووسان ئەم ئامارە بە ڕاست نازانن.

 

ت.پ