بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان هەنگاوێک دەستیپێکرد

ڕێکخراوەکان و تەڤگەری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی ژنان لە شەنگال و ئەفغانستان.

 

 

 

قامیشلۆ- چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال و لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی ڕەسەنی ئێزدی ئەنجامدرا، هەزاران ژنی ئێزدی ڕفێندران و لە بازاڕدا فرۆشران، هەروەها چارەنووسی زۆرێک لە ژنانی ئێزدی هێشتا ڕوون نییە، لە لایەکی دیکەوە لە ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتەدەست، بەدوایدا هێرشێکی گەورە کرایە سەر ناسنامەی ژنان و بوونی ژنان کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ڕێکخراوەکان و تەڤگەرەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ دروشمی "ئێمە لە دژی قڕکردنی ژنان ژیان دروست دەکەین" هەنگاوێکیان دەستپێکرد بۆ پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی ژنان لە شەنگال و ئەفغانستان.

ئەم هەنگاوە ئەمڕۆ بە بەشداری ١٢٩ ژن لە ڕێکخراوەکان و تەڤگەرەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری محەمەد شێخۆ لە قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد.

 

"لە ٣ی ئابدا هەزاران ژن و منداڵ ئێزدی کۆمەڵکوژکران"

لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە، وتی: ٩ ساڵ بەسەر هێرشەکانی سەر شەنگال تێدەپەڕێت، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر خەڵکی شەنگال دەستیپێکرد، لەبەرچاوی جیهان بە دڕندەیی گەورەوە لە دژی خەڵکی ئێزدی ئەنجامدرا، هەزاران ژن و خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون، هەزاران ژن و منداڵ ڕفێندران و فرۆشراون، منداڵان ڕووبەڕووی قڕکردنی کولتوور و ناسنامە و ئایین بوونەتەوە، ئەوان لەنێو چەتەکانی داعشدا بەکارهێندراون لە شەڕدا، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە کوشتن، کردەوەی نامرۆڤانە، توندوتیژی و هەموو جۆرەکانی قڕکردن ڕوویانداوە و چارەنووسی هەزاران ژن کە تا ئێستا ڕفێندراون ڕوون نییە.

 

"هەمان سیاسەتی قڕکردن دژی ژنانی ئەفغانی ئەنجامداوه "

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەمان سیاسەتی قڕکردن و دڕندەیی دژ بە ژنانی ئەفغانی لە مانگی ئابی ٢٠٢١ لە ڕێگەی تاڵیبانەوە ئەنجامدرا دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، پلانی ڕادەستکردنی ژنانی ئەفغانی بە تیرۆری تاڵیبان و ڕادەستکردنی ژنانی شەنگال بە دەستی داعش سیاسەتێکی قڕکردنی سیستماتیکە کە بە پیلانی گڵاوی هێزە هەژمۆنییەکانەوە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت و دەیانەوێت ئیرادەی ژنێکی ئازاد بە کراسی تاریک بپێچن و  ژنان بگەڕێننەوە سەردەمی کۆیلایەتی.

 

"لە دژی قڕکردنی ژنان ژیان دروست دەکەین"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەوان هەنگاوی خۆیان بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان دەستپێکردووە و بە دروشمی "ئێمە لە دژی قڕکردنی ژنان ژیان دروست دەکەین"، ڕێکخراوەکان و تەڤگەرەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یادی شەهیدانی بەرخۆدانی شەنگال و ئەفغانستان دەکەنەوە، ژنانی شەنگال و ئەفغانستان هیوای خۆیان بە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبینن و بە هەموو تواناوە وەڵامی هیوا و داواکارییەکانیان دەدەینەوە، بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەڵمەتەی کە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی کوردستانەوە دەستیپێکرد لە نێوان ٣ بۆ١٥ی ئاب، زنجیرەیەک چالاکی و پشتیوانی لە هەوڵەکان دژ بە هەموو سیاسەتی قڕکردن و دژە ژنان لە سەدەی ٢١دا، ژنان مێژووی خۆیان بە نامەیەکی زێڕین بە بەرخۆدان و خەبات دەنووسنەوە و هەموو پلانەکانی قڕکردن دژی ژنان پووچەڵ دەکەنەوە، بژی بەرخۆدان و خەباتی ژنان و ژن، ژیان ئازادی.

 

پلانی هەنگاو

ئێوارەی ڕۆژی ٢ی ئاب لە هەموو شەقامەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوە دەچێت، لە ٧ی ئابدا فۆرمێک لە ڕەقە بە ناوی ڕێکخراوەکان و تەڤگەرەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت، لەو شوێنەی کە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە ڕەقە فرۆشراون، لە کۆتاییدا لە ١٠ی ئاب، بە ئامادەبوونی هەزاران ژن لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیکهاتەکان کە لە چالاکییەکدا بەشدار دەبن چالاکی بەڕێوەدەچێت.