بۆ حکومەت، پێنجوێن و شارباژێڕ نزیکترن یا کابول؟

سەرۆکایەتی هەرێم هیچ هەڵوێستێکی لە ئاست بۆردومانکردنی گوندەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ نەبوو، بەڵام پاش کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە تەقینەوەکەی کابول هاوخەمی ئاڕاستەکردوون، ڕووداوەکەی کابول سەرۆکایەتی هەرێمی هێنایە دەنگ، بەڵام ماڵ وێرانبوونی هاوڵاتیانی کورد سەرۆکایەتی هەرێمی نەهێنایە دەنگ.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگەدا فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی ژمارەیەک گوندی شارباژێڕ و پێنجوێنیان کرد، وەزارەتی بەرگری تورکیاش بە شانازییەوە ڤیدیۆی چۆنیەتی پێکانی ئامانجەکانی بڵاوکردووەتەوە.

 

لەبەرامبەردا نە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێک یاخود بەیاننامەیەکیان دژی ئەو بۆردومانکردنانە بڵاونەکردەوە، وەک هەمیشە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە ئاستی ئەو داگیرکاری و کاولکاریانەدا بێ دەنگ بوون.

 

حکومەتی هەرێم بۆ کابول لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هاتە دەنگ

پاش دوو ڕۆژ لە بۆمبارانکردنی گوندەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەداوە، لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان دوو تەقینەوە ڕوویدا، یەکێکیان لە نزیکی دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی کابول و دووەمیشیان لە نزیک هۆتێلێکی فڕۆکەخانەکە بووە.

 

لە تەقینەوەکەدا چەندین سەربازی ئەمریکی و تاڵیبان کوژران، زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

ئەم ڕووداوە کاردانەوەی لێ کەوتەووە، هەر زوو ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان ڕاگەیاند، پاش ڕۆژێک و لە ٢٧ی مانگدا لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوخەمی لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە بۆ کابول دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا "هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کابول شەرمەزار دەکەین کە دەیان هاوڵاتی ئەفغانی و سەربازانی ئەمەریکایان کوشتووە، بیر و نزاکانمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و خۆشەویستاندایە".

 

ت.پ