بە هاتنی ساڵی ٢٠٢٦ هیوای ژنانی سووریا بۆ ئاشتی نوێ دەبێتەوە

ژنانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب و ژنانی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هیوای خۆیان دەربڕی کە ساڵی ٢٠٢٦ ئاسایش و ئارامی بهێنێتە ئاراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٥ و دەستپێکردنی ساڵی نوێ، دانیشتوانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەبی سووریا، هیواکانیان نوێکردەوە بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسایش زاڵ بێت لە سووریا و کۆتایی هێنان بە گەمارۆی سەر گەڕەکەکانیان بێت، هاوکات ژنان لە پارێزگای دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خواستی خۆیان دەربڕی کە "وڵاتەکەمان جارێکی دیکە گەشە بکات".

 

"مافی ئێمەیە لە ئارامی و ئاسایشدا بژین"

زیاتر لە ساڵێکە جیهادییەکان و چەتەکانی داگیرکەری تورکیا قێزەونترین کۆمەڵکوژی و پێشێلکارییان لە دژی گەلی سووریا ئەنجامدا، گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب تا ئەمڕۆش زیانبەرکەوتووی سیاسەتی گەمارۆدان بوون و هەرواش دەمێننەوە.

 

زیلان محەمەد، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسود، هیوادارە لە ساڵی نوێدا ئەو گەمارۆیەی بەسەریاندا سەپێنراوە کۆتایی پێبێت، وتی: لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا جیهان بە خۆشی و بەختەوەرییەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن، جیاواز لە ئێمە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، وامانزانی دواجار ئاسایش گەیشتە سووریا، بەڵام دوای ئەوەی جیهادییەکانی هەتەشە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر گەلی سووریادا سەپاند و کۆمەڵکوژییان بەرامبەر پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا ئەنجامدا، ئەو گەمارۆیەی سەپێنراوە ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و پێداویستی پزیشکی لەخۆدەگرێت، ئەمە جگەلەوەی ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی سووتەمەنی بۆ ناو ئەو دوو گەڕەکە، زۆرێک لە منداڵانی ئێرە پێویستیان بە گەرمکردنەوە و شیر و پێداویستییەکانی دیکە هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران ئەم تاکتیکانە بەکاردەهێنن بۆ فشارخستنە سەر گەلی سووریا و زیادکردنی ئازارەکانیان، ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بە ئارامی و ئاسایشدا بژین، دوور لە شەڕ و ململانێ.

 

حەنا سلێمان ئاماژەی بەوەدا، کە لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ، دڵخۆشیمان تەواو نەبوو بەهۆی ئەو گەمارۆ و هێرشانەی کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە بۆ سەر گەڕەکەکەمان ئەنجامدرا، ئەمە جگە لەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر ئێمە و گەلی سووریا بەگشتی ئەنجامدرا، لە سەرانسەری هەموو پێکهاتەکانیدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، جیهادییەکان ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییە مرۆییەکانیش دەکەن، بەڵام هیوامان ماوەتەوە کە ڕێککەوتنی ئاشتی بکرێت و گەلی سووریا بەبێ گوێدانە مەزهەب و ئایینەکەیان، بە خۆشەویستی و سەقامگیری و ئاسایشەوە بژین، هەروەها ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی خێر و خۆشی بۆ هەموو سوورییەکان.

 

سەبارەت بە روکەن حەمۆ، ئاماژەی بەوەدا، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، گەلی سووریا، بە هەموو هەمەجۆرییەکەیەوە، تووشی ترسناکترین پێشێلکاری کرا، ئەو گەمارۆیەی بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێنراوە، جگە لە تاکتیکی فشار لە دژی دانیشتووانی بێ بەرگری بۆ زیادکردنی ئازارەکانیان، هیچی تر نییە، ئەو دوو گەڕەکە شوێنی پێکهاتەی جیاوازن، لەوانە کورد، عەرەب، تورکمان، هەموویان لە ئەنجامی گەمارۆدان و پێشێلکارییە سەپێنراوەکان زیانیان پێدەگات.

 

ئاواتەخوازی ساڵی نوێ بوو کە سووریا و گەلەکەی چێژ لە خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاسایش وەربگرن و ساڵی داهاتوو دوور بن لە شەڕ و گەمارۆدان و هێرش و تەنانەت دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریادا، وتی: گەلی سووریا لە شەڕ و قەیرانەکان بێزار بووە، کاتی ئەوە هاتووە ئاشتی لە سووریادا زاڵ بێت.

 

"هیوای ئیسراحەت و ژیانێکی پڕ لە شکۆ"

ساڵێک لەگەڵ بارگرانی و سەختییەکانیدا تێپەڕی و دڵەکان بە هیوای ڕزگاربوون ماونەتەوە، ساڵی ٢٠٢٥ بەم شێوەیە بۆ ژنانی دێرەزوور تێپەڕی، کە سەختییەکان و ئەو ئاڵەنگاریانەی ژیانیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە لەبیر نەکردووە.

 

هەدیە خەزر هیوای خۆی دەربڕی کە ساڵی نوێ باشتربوونی بارودۆخی ژیان بەدوای خۆیدا بهێنێت دوای ئەوەی بە سەختترین ساڵ پێناسەی کرد، وتی: هیوای ئاشتی بۆ گەلی سووریا دەخوازین، ساڵی ڕابردوو زۆر توند بوو بەسەرماندا، ئازارێکی زۆرمان چەشت، ساڵێکی تاریک بوو بۆ زۆر کەس.

 

ڕابردوو و ئێستای بەراورد کرد و وتی: دۆخەکە باشتر بوو، بەڵام ئێستا ژیان بووەتە بارێکی قورس، سەرەڕای ئەوەش هیوامان لەدەستنەیاوە، هیوای تەندروستی و خۆشگوزەرانی دەخوازین لە ساڵی نوێدا،وڵاتەکەمان جارێکی دیکە گەشە بکاتەوە و گوڵەکانی گەشەبکەن و میهرەبانی لەناو خەڵکدا زاڵ بێت.

 

سەرەڕای ئەو ڕاستیە سەختە، ژنانی سووری هێشتا بە هیواوە دەلکێن و پێیان وایە کە داهاتوو چاکەیەکی لەمێژە چاوەڕوانکراو بهێنێتە ئاراوە، لە نێوان نزاو و ئارامیدا، لەگەڵ هەر ساڵێکی نوێدا ئاواتەکان نوێ دەبنەوە و خەونی گەل بە یەک دەمێنێتەوە، نیشتمانێکی سەلامەت و ژیانێکی پڕ لە شکۆ و سبەینێیەکی باشتر. لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئاڵەناریەکاندا، هیوا وەک دیارترین بابەت دەمێنێتەوە.