ڕاپۆرتێکی ناوەڕاستی ساڵ کوژرانی ٢٧٦ ژن و منداڵ لە سووریا بەڵگە دەکات

ڕاپۆرتێکی ناوەڕاستی ساڵ لەلایەن ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تیشکی خستۆتە سەر پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە سووریا، بە بەڵگەی کوشتنی ٢٧٦ ژن و منداڵ لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، کە ئەمەش ئاماژەیەکی زیاترە بۆ خراپتربوونی پێشێلکارییەکان.

ناوەندی هەواڵ

توندوتیژی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە سووریا بێ وەستان بەردەوامە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە کوشتن و بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆی گروپە لاوازەکان بە شێوەیەکی ترسناک پەرەی سەندووە، کە ئەمەش گوزارشت لە تێکچوونی بەردەوامی دۆخی مرۆیی و فراوانبوونی بازنەی مەترسییەکانە کە هەڕەشە لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکان دەکات.

 

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی نیوە ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە بەردەوامی بەرکەوتنی ژنان و منداڵان لە سووریا بە توندوتیژی، ٣ی تەمووز، زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە گروپە هەرە لاوازەکان ئاشکرا کرد، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ شاهیدی کوشتنی ٢٧٦ ژن و منداڵ بووە لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییە بەردەوامە.

 

ڕوونیشی کردەوە، ئەو بەڵگەنامانەی لەماوەی سەرەتای مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی حوزەیران کۆی کردووەتەوە، کوشتنی ٩٢ ژن و ١٨٤ منداڵ نیشان دەدات، کە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنییە لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا.

 

ئاماژەی بەوە کردووە، کە مانگی کانوونی دووەم خوێناویترین مانگ بووە، شایەتحاڵی کوشتنی دەیان ژن و منداڵ بووە، کە زۆرترین ژمارەی کوژراوانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵە.