ڕاپۆرتەکان: نازەنین زەغەری پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە

بە وتەی ژمارەیەک لە شارەزایان، نازەنین زەغەری پێویستی بە چارەسەری بەپەلەی دەروونی هەیە، دوای زیندانیکردنی بۆ ماوەیەکی درێژ.

ناوەندی هەواڵ
 
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی بەریتانی کە لەلایەن چەند شارەزایەکەوە ئامادە کراوە، نازەنین زەغەری، چالاکوانی ئێرانی بەریتانی، بەو پێیەی ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دەدرێت، پێویستی بە چارەسەری بەپەلەی دەروونی هەیە و لە ڕاپۆرتەکەدا بە "قوربانی ئەشکەنجە" بەناوی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، ئەو ڕاپۆرتە ٧٧ لاپەڕەییەی دەستکەوتووە لەسەر ئەشکەنجەدانی نازەنین زەغەری ئێرانی لە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانییە و ماوەی ٥ ساڵە لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندایە.
 
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، کۆپییەکی دانیشتنی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەوەی قوربانیانی ئەشکەنجەی بەدەست گەشتووە ئاماژەی بەوە داوە، لە درێژەی دانیشتنێکی ڕاوێژکاری  ٦ کاتژمێریدا لەگەڵ نازەنین زەغەریدا، ئەوەی پێڕاگەیاندوون کە ئەشکەنجە و زەختێکی زۆری لەسەرە.
 
نازەنین ئەوەی پێوتوون کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی جۆراوجۆر بووەتەوە لە کەم خەوی، گۆشەگیری درێژخایەن، دۆخی دژوار، کەلەپچەکردن و زنجیرکردن و ئازاردانی چاو بۆ ماوەی درێژ، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە نازەنین دووچاری خەمۆکی، فشاری دەروونی و دوودڵی و قەلەقی بووەتەوە.
 
ئەو ڕاپۆرتە کە بە پێوەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان - یوئێن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەشکەنجە ئامادەکرابوو، پزیشکەکان باس لەوە دەکەن، نازەنین زەغەری شانسی چاکبوونەوەی نییە، تەنها ڕێگا ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی لە وڵاتی بەریتانیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بەریتانی – ڕایدەرس، بە فەرمی دانی بەوەداناوە کە نازەنین زەغەری "قوربانیی ئەشکەنجە"یە،
 
نازەنین زەغەری لە ٣ی نیسانی ٢٠١٦ لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتی بەریتانیا، لە فڕۆکەخانەی خومەینی نیودەوڵەتی لە تاران، لەلایەن پاسدارانەوە، بەتۆمەتی سیخوڕی کردن، سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ماوەی چوار ساڵی زیندانییەکەی لە دوو زیندانی ئێراندا تەواوکرد، نۆ مانگی دیکەشی لە زیندانی تاکە کەسیدا تێپەڕاند.
 
لە ڕۆژی ٧ی ئازاردا، دوای تەواوکردنی ماوەی ٥ ساڵی سزاکەی، پێ بەندی ئەلکترۆنییان لە پێی نازەنین کردووە تا نەتوانێت وڵاتی ئێران بەجێبهێڵێت و لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕێگەی لێگیراوە، هەروەها بۆجارێکی دیکەش بانگی دادگا کرا تا تۆمەتی دیکەی بەسەردا بسەپێنن.
 
ت.پ