٩٥ ڕێکخراوی مەدەنی لە جنێڤ یاساکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد
٩٥ ڕێکخراوی مەدەنی و نێودەوڵەتی لە جنێڤ یاساکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد و هۆشدارییان دا لەوەی کە ئەو یاسایە شەرعیەت دەدات بە چەوساندنەوەی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ ٦١یەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، ٨٢ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەفغانستان و ١٣ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد یاسا تاوانکارییەکانی دادگاکانی تاڵیبان شەرمەزار بکات.
ئەم ڕێکخراوانە لەوان ڕێکخراوی مافی مرۆڤ “لێبوردەیی” جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم یاسایە لە کاتێکدا دەرچووە کە ژنان و منداڵانی کچ لە خوێندن و دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ و بەشداری کۆمەڵایەتی بێبەش کراون و لە کاتێکدا هەر ناڕەزایەتییەک سەرکوت دەکرا. بە وتەی واژۆکاران، شەرعیەتدان بە جاڕنامەیەکی لەو شێوەیە، سنووردارکردن و توندوتیژی دژی ژنان چەسپاندووە.
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و فشار لەسەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی ژنان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ کرا.
یاسای سزادانی تاڵیبان کە لە سێ بەشی و دە بەش و ١١٩ مادە پێکهاتووە، دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆکی بزووتنەوەکە، ڕەوانەی دادگای پارێزگاکان و دامودەزگاکانی دادوەری کرا، لێدانی منداڵ و ژنان بە تاوان نازانێت، بەڵکو ڕێگە بە کۆیلایەتی دەدات.
سەرەڕای ئەو سنووردارکردنە بەرفراوانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەلایەن تاڵیبانەوە بەسەر ژناندا سەپێندراوە، ئەم یاسایانە نیگەرانییەکانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و سنووردارکردنی ژنان دروستکردووە.
وەزارەتی دادی تاڵیبان هۆشداری دەدات لەوەی هەر ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکە "تاوان"ە، هەروەها خۆپیشاندەران ڕەوانەی دامودەزگاکانی دادوەری دەکرێن.