لە ئێران و پاکستان هەزار و ٤٧٧ ئەفغانی دیپۆرت کران
کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی تاڵیبان ڕایگەیاند کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و ٤٧٧ ئەفغانی لە ئێران و پاکستان دیپۆرت کراون، ئەوانەی دەگەڕێنەوە ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبنەوە لە وڵاتدا.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی تاڵیبان ڕایگەیاند، کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بە گشتی هەزار و ٤٧٧ پەنابەری ئەفغانی لە ئێران و پاکستان دیپۆرت کراون و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە وشکانییەکانەوە چوونەتە ناو وڵاتەکەوە.
لە ڕاگەیانراوەکەدا، دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانییەکان لە ئێران و پاکستان، کە کۆمیسیۆنەکە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ٢ی ئەیلوول دیپۆرتکراوەکان گەیشتوونەتە ئەفغانستان، بەپێی داتا فەرمییەکانی، لەهەمان ڕۆژدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ پەنابەر لە دوو وڵاتەوە گەڕێنراونەتەوە.
زۆربەیان لە پاکستانەوە دیپۆرتکراونەتەوە
دیپۆرتکردنەوە لە پاکستان لە زیادبووندایە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەوێ ڕێوشوێنەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانییە بێ بەڵگەنامەکان زیادکردووە، لە ئەنجامدا زۆرترین ڕێژەی دیپۆرتکردنەوە لەو وڵاتە بووە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.
ژنان و منداڵان زۆرترین مەترسیان لەسەرە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوانەی دوای دیپۆرتکردنەوە دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان، ڕووبەڕووی بارودۆخی ژیانی سەخت دەبنەوە، بە تایبەتی نەبوونی شوێنی مانەوە، سنوورداربوونی هەلی کار و خراپی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە، لە هەمان کاتدا ژنان و منداڵان زۆرترین مەترسیان لەسەرە.