بەرنامەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا
ڕێکخراو و بزووتنەوە فێمینیستەکان لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرنامەی خۆیان بۆ ٨ی ئادار لە ژێر دروشمی "بە ئیرادەی ئازادی ژنان کۆتایی بە سیاسەتەکانی جینۆساید و داگیرکاری و گۆشەگیری دەهێنین" ڕاگەیاند
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٤ی شوبات، لە شاری حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە بەشداری بەڕێوەبەران و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان، بەرنامەی چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژنان بڵاوکرایەوە.
لەلایەن ڕیهان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و ئاماژە بەوەکرا، کە خەباتی ژنێکی ئازاد بە مێژوویەکی دێرین لە ڕۆزا لوخسمبۆرگانەوە تا ساکینە جانسیز، ئارین میرکان، ڕهان عامودا، یوسرا دەروێش، زلال زاگرۆس و سورخێن دەرسیم بەردەوامە.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕیها وتی : دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا پێشەنگانی ژنان دەکاتە ئامانج و شەهیدیان دەکات، لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک سەرێکانی، عەفرین، گرێ سپی، بال و جەرابلوس تاوانی وەک دەستدرێژی، گرتن، لێدان، کوشتن ئەنجام دەدەن، بۆردوومانی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، لەو هێرشانەدا چەندین ژن و منداڵ شەهید و بریندار بوون.
ڕیهان لۆقا ئاماژەی بەوەشکرد، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشی ژنان مسۆگەر بووە، ژنان بە هێز و ئیرادەی خۆیان لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکان وەستاونەتەوە، ئامانجیانە دژی سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەر بوەستنەوە سەرەرای هەبوونی قەرانە جیاوازەکان بەڵام بەردەوامن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باسی لەوەکرد، چالاکییەکانی ٢٠٢٤ بە درووشمی "بە ئیرادەی ژنی ئازاد، سیاسەتەکانی جینۆساید و داگیرکاریی و گۆشەگیریی تێکدەشکێنین"، لە ٢٤ـی شوباتەوە دەستپێدەکات و تا ٨ـی ئازار بەردەوام دەبێت.
پلانی چالاکییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت
هەر شارێک بە ڕەنگی ژنان دەڕازێنرێتەوە، درووشمی چالاکییەکان لە شەقامەکانی شارەکاندا هەڵدەواسرێت، کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ خەڵک سەبارەت بە خەباتی ژنان ئەنجام دەدرێت، لە سەرجەم گوند، گەڕەک و دامەزراوەکان سیمینار ئەنجام دەدرێت، لە ڕۆژانی ١ و ٢ـی ئادار فێستیڤاڵێکی ژنان بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی هیلالی زێڕین و دەستەی کەلتووری بەڕێوەدەچێت، لە شاری کۆبانێ پێشانگایەکی وێنەیی دەکرێتەوە.
هەروەها لە ٤ـی ئاداردا لە سەرجەم شارەکاندا سەردانی گۆڕستانی شەهیدان دەکرێت و مۆم داگیرسێنرێت، ئەنجامدانی پانێڵێکی ئۆنلاین لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان، پێشانگای فۆتۆی بۆ شەهیدان و کورتە باسێک لەسەر ژیانیان ئەنجامدەدرێت، ڕۆژی پێنجی ئادار ،ئەنجوومەنی ژنانی پەیەدە سیمینارێک لەسەر ئاستی سووریا سازدەکات، ڕۆژی سێی ئادار لە کۆبانێ، عەین عیسا، حەسەکە، قامیشلۆ و ڕەقە وۆرکشۆپ بەڕێوەدەچێت، بروشەرەکانی بانگەشە لە ٨ـی ئادار دابەش دەکرێن، ڕێپێوانێکی گەورە لە ڕۆژی سێی ئادار لە ڕەققە ڕێکدەخرێت، ڕۆژی ٨ـی ئادار، ڕێپێوانی گەورە لە قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ، شەهبا، حەلەب، دیمەشق، باشوور، لوبنان و ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، هەڵمەتە ژینگەییەکان بەردەوام دەبێت.