کوژراوانی سودان لە ١٤ هەزار کەس نزیکدەبێتەوە
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو نەبوون لە کۆتاییهێنان بە ململانێیە بەردەوامەکانی سودان، ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە پانزەی مانگی نیسانی ڕابردووەوە تا ئێستا، ١٣ هەزار و ٩٠٠ کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٣ی شوبات، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بڵاویکردەوە، ململانێ ماوەی ١٠ مانگە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، تا ئێستاش ١٣ هەزار و ٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەمەش ئازارەکانی خەڵکی سودان نەوەستاوە، بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٢٧ هەزار کەسیش بریندار ببێت و ملیۆنان کەسیش ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی سودان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەماوەی ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ تا ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ نزیکەی ٢٧ هەزار و ٧٠٠ کەس لەوناوچانەدا تووشی کۆرۆنا بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە، بەپێی داتاکانی ماتریکسی بەدواداچوونی ئاوارەیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان تەنها لە ماوەی هەفتەیەکدا ٥٣ هەزار و ٥٠٠ کەس زیادیکردووە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی سعودیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە، بەڵام هێشتا ململانێ بەردەوامە و دۆخێکی سەختی مرۆیی دروستکردووە.
پێشتر بەرنامەی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی برسێتی و بەدخۆراکی بەرزبووەتەوە دوای ئەوەی نزیکەی ٢٥ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.