٨ژن کە کارەکانی تاڵیبانیان شەرمەزار کرد دەستگیرکران

تاڵیبان بە تۆمەتی "تێکۆشان دژی تاڵیبان" لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا ٨ ژنی دەستگیرکردو تا ئێستا نازاندرێت ئەو ژنانە بۆ کوێ براون.

 

ناوەندی هەواڵ - لە ٢٠ی ئاب لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ٨ ژن کە خۆپیشاندانیان دژی سیاسەتەکانی تاڵیبان و فشارەکان دەکرد، لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا دەستگیرکران.

پزیشک زەهرا حەقپەرست، دامەزرێنەری بزووتنەوەی یەکێتی و هاوکاری ژنانی ئەفغانستان بۆ ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستانی پشتڕاستکردەوە کە خۆپیشاندەرانی ژن لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکراون، تاڵیبان هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو ژنانە نەداوە کە دەستگیرکراون و نازاندرێت بۆ کوێ براون.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە کاتی دەستگیرکردنیدا گیراوە؛ ئەندامانی تاڵیبان بەشێوەیەکی چەکداری و چوونە سەر ماڵان بە بیانووی "تێکۆشان دژی تاڵیبان" ئەو ژنانە کە ناویان " هاجەر، حەسینا سەروەر، فەریدە موهیب، تولا ئەتای، لیما و خەتول" دەستگیر کردووە.