٧٩ هەزار منداڵ لە نێو تازە ئاوارەبووەکان لە ڕۆژئاوای یەمەن هەن

یونیسێف ڕایگەیاند، کە لە ماوەی نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوولدا نزیکەی ٧٩ هەزار منداڵ لە ڕۆژئاوای یەمەن ئاوارە بوون بەهۆی نوێبوونەوەی پێکدادانی سەربازی و گۆڕینی هێڵەکانی پێشەوە لە شارەکانی تەعز، حودەیدە و کەنارەکانی ڕۆژئاوا.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرەسەندنی سەربازیی ئەم دواییە قەیرانی مرۆیی توندتر کردووە و هەزاران خێزانی ناچار کردووە پەنا ببەن بۆ ئەو کامپە قەرەباڵغانەی کە خزمەتگوزاری سەرەتایییان نییە، لە کاتێکدا زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵی یەمەن زۆر پێویستیان بە پشتیوانییە.

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف)،دووی تشرینی یەکەم ئاشکرای کرد کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە نزیکەی ٧٩ هەزار منداڵیان تێدایە، لە نێوان سێ بۆ ٢٨ی ئەیلوول لە ڕۆژئاوای یەمەن ئاوارە بوون بەهۆی نوێبوونەوەی پێکدادانەکان و گۆڕینی هێڵەکانی پێشەوە.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا، ڕوونیکردووەتەوە، کە هەڵکشانی سەربازی لە شارەکانی تەعز، حودەیدە، کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دەوروبەری، دۆخی مرۆیی خراپتر کردووە و هەزاران خێزانی ناچارکردووە جارێکی دیکە ماڵ و کەلوپەل و بژێوی ژیانیان بەجێبهێڵن، هەروەها ئەم شەپۆلە نوێیەی ئاوارەبوون لە کاتێکدایە کە قەیرانی مرۆیی خراپتر دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵ لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، هاوکات ململانێکان زیانی زۆری بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان گەیاندووە، زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکان لە کامپە قەرەباڵغەکاندا دەژین کە ئاوی پاک و چاودێری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان نییە.

 

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، هەندێک خێزان جگە لە جلوبەرگەکانی سەر پشتیان هیچی دیکەیان نەبووە گەیشتوونەتە کامپی ئاوارەیی و هۆشدارییانداوە لە دەرئەنجامە مرۆییەکانی پەرەسەندنەکە.

 

هەروەهاپشتگیری بەردەوامی خۆی بۆ کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان دووپاتکردەوە و داوای دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنێکی پارێزراوی بۆ یارمەتییە مرۆییەکان بۆ منداڵان و خێزانە هەرە لاوازەکان کردەوە.