٥٠٠ منداڵ پەیوەندییان بە هێڵی گەرمەوە کردووە
بەپێی ئامارەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر ٥٩ منداڵ لە خانەی بێ سەرپەرشتاندان، هەروەها ١٩٠ بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچواندا وەرگیراون.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری تایبەتی ساڵی ٢٠٢٠ی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی خستەڕوو.
بە پێی ئەو ئامارەی ڕاگەیەندرا لە خانەی بێ سەرپەرشتاندا ٣٢ کوڕ و ٢٧ کچ هەن، ٢١٠ منداڵی دیکەش لەگەڵ کەسوکاریان لە دەرەوەی خانە دەژین بەڵام چاودێری توێژەری کۆمەڵایەتی و بەڕیوەبەرایەتییەکەیان لەسەرە، ساڵی پار هەزار و ٣١٨ منداڵ پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی ١١٨ی تایبەت بە فریاکەوتنی منداڵانەوە کردووە، لەو ژمارەیە ١٠٠ منداڵ زانیاری گەیاندووە، ٥٠٠ منداڵیان کێشەیان هەبووە و ئەو بەشەی دیکەش بۆ بابەتی دیکە پەیوەندییان پێوە کردوون.
بە پێی ئاماری چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر، پێشتر لە سەنتەرەکانی ئۆتیزمدا ٦١٤ منداڵ هەبوون، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کۆرۆناوە ٣٧٦ منداڵ سەردانی سەنتەرەکە دەکەن.
ئامارەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو ساڵی پار ١٩٠ بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچوان وەرگیراوە، لە ئێستاشدا ٦٧ بەساڵاچوو لە خانەکەدا هەن، کە ٢٦ ژن و ٤١ پیاون.
ت.پ