٥٠ کوژراوکە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن بوونەتە زیانبەرکەوتووی مین و ئەمنی لە سووریا
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ٥٠ کەس کە لە نێویاندا دوو ژن و ١٤ منداڵ هەن، بەهۆی بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆو مینەوە لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا ئاشکرا کرد، ئەم ڕووداوانە قەبارەی ئەو مەترسییە ڕۆژانانە دەردەخەن کە هەڕەشە لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕووداوەکانی کوشتنی هەڕەمەکی لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا بەردەوامن، لە نێو هەڵکشانی دۆخی ئالۆزی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی چەک و پاشماوەکانی جەنگدا، ئەمەش ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی دەخاتە بەردەم مەترسیی ڕۆژانەی ڕوو لە زیادبوون و داواکارییەکان بۆ سەپاندنی سەقامگیری دوو هێندە دەکاتەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ٥٠ کەسی تۆمار کردووە، کە لە نێویاندا دوو ژن و ١٤ منداڵ هەن، لە ئەنجامی فرەیی سەرچاوەکانی مەترسی کە بریتین لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ و موشەکو مین، ئەم ئامارە لە ماوەیەکی کورتدا قەبارەی ئەو هەڕەشە بەردەوامانە دەردەخات کە ڕووبەڕووی هاوڵاتییانی مەدەنی دەبنەوە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
ڕوانگەکە دوێنێ ١٣ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی داعش ئەنجامیان دەدات، هێشتا یەکێکن لە دیارترین سەرچاوەکانی هەڕەشە بۆ سەر ژیانی دانیشتووان، لە سایەی بەردەوامبوونی بێ ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵدا، هەروەها مین و پاشماوەکانی جەنگ مەترسییەکی بێدەنگ پێکدەهێنن کە هەڕەشە لە جووتیاران و منداڵان و گەڕاوەکان بۆ ناوچەکانیان دەکات، لەگەڵ نەبوونی پرۆسەی ڕێکخراو بۆ هەڵگرتنەوەیان و پاراستنی ناوچەکان.
ڕوانگەکە جەختی لەسەر پێویستیی جووڵانی لایەنە بەرپرسەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جددی و بەپەلە بە مەبەستی سنووردارکردنی بێ ئەمنی و ڕووداوەکانی تەقەکردنی هەڕەمەکی، کارکردن بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەکانی جەنگ و مین، داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی تێوەگلاوان تێیاندا، بۆ مسۆگەرکردنی دەربازنەبوونیان لە سزا و پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی.