٤ی نیسان جەژنی زیندووبوونەوە و بونیادنانی هێزی ئیرادەی ژن

ڕۆژی ٤ی نیسان لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیدا لەگەل لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد ئەمڕۆژە بووەتە سەرەتایەک بۆ ڕاگەیاندنی گرنگترین هێزە سیاسی و پاراستنییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان کە دامەزراندنی پژاک و یەپەژەیە.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ ٤ی نیسان، لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە بووە لەدایکبوونی هیزی ژنانی کورد، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک: و یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە"،  ئەم سێ بۆنەیە پێکەوە گرێدراوی فیکر و فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکن کە تێیدا ٤ی نیسانی ساڵی ١٩٤٩ وەک خاڵی دەسپێکی هۆشیاری نەتەوەیی پێناسە دەکرێت، دواتریش لە ساڵی ٢٠٠٤دا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستییەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پژاک دامەزرا و لە ساڵی ٢٠١٣دا لە ناو جەرگەی شۆڕشی رۆژئاوادا یەپەژە وەک یەکەمین هێزی سەربەخۆی ژنان راگەیەندرا تا ببێتە پارێزەری دەستکەوتەکانی گەل و تێکشکێنەری تاریکی و بووە سیمبولی بەرگری جیهانی دژ بە تاریکی داعش هەردوو ڕێکخراوەکە لە کات و ساتێکدا دروست بوون کە ناوچەکە پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی تێکۆشان و پاراستنی ڕەوا هەبوو.

 

٤ی نیسان؛ ڕۆژی ژیانەوە

لە مێژووی گەلاندا هەندێک رۆژ هەن دەبنە ناسنامەی گۆڕانکارییە گەورەکان و ٤ی نیسانیش بۆ گەلی کورد یەکێکە لەو وێستگانەی کە وەک رۆژی ژیانەوە ناوزەند دەکرێت ئەم رۆژە پێش هەموو شتێک گوزارشت لە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ دەکات کە توانی پرسی کورد لە قۆناغی بێدەنگی و پەراوێزخستنەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی تێکۆشان و سەلماندنی بوون فەلسەفەی ئەو تەنها بۆ رزگاری خاک نەبوو بەڵکو بۆ رزگارکردنی مرۆڤ و بە تایبەت ژن بوو لە کۆیلایەتی فیکری و کۆمەڵایەتی.

 

پژاک؛ ڕێکخستنی گەلی کورد

لەسەر هەمان رێچکەی فیکری و لە چواری نیسانی ٢٠٠٤دا، لە ناوچە شاخاوییەکانی قەندیل لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان ،پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە بە "پژاک" ناسراوە،  وەک هێزێکی سیاسی و رێکخراوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتە کایەوە تا وەڵامدەرەوەی زوڵم و چەوسانەوە بێت و سیستەمێکی دیموکراتی و ئازاد پەیڕەو بکات کە هەڵگری پەیامی پێکەوەژیانی گەلان بێت لە کوردستان و ئێراندا، ئەم پارتە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوان و تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا کە پێشتر لەناو ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ئەزموونیان پەیدا کردبوو هەروەها ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی پژاک بریتی بوو لە ڕێکخستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای فکری ڕێبەر عەبدوڵائۆجالان و نەتەوەی دیموکراتیک و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵبژاردنی ئەمڕۆژەش وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا بۆ گرێدانەوەی لەدایکبوونی پارتەکە بوو بە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر، تاوەکو وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ تێکۆشانی ئازادی لەو پارچەیەی کوردستان تەماشا بکرێت .

 

یەپەژە ڕۆڵی پیشەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ژنان بەخشی

یەکینەکانی پاراستنی ژن کە بە کورتکراوەی "یەپەژە " لە ٣ی نیسانی ٢٠١٣، لە ناوچەی دێرک لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکەمین کۆنفرانسی خۆیان بەست و بە فەرمی دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند ئەم هێزە پاراستنە تەنها لە ژنان پێکهاتووە و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکانی پاراستنی جەوهەری ژنان لە کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هاتە کایەوە، یەپەژە لەسەر بنەمای فیکری ئازادیی ژن و پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک دامەزرا کە تێیدا ژن نەک تەنها وەک شەڕڤانێک بەڵکو وەک پێشەنگێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵ دەبینێت هەڵبژاردنی ڕۆژی چواری نیسانیش بۆ دامەزراندنی ئەم یەکینانە هێمایەکی قووڵی تێدایە چونکە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، کە ئەو وەک داڕێژەری فیکری ژنۆلۆژی و ئازادیی ژن دەناسرێت بۆیە گەریلایانی یەپەژە ویستیان ئەم ڕۆژە بکەنە جەژنی لەدایکبوونی ئیرادەی پاراستنی ژنان و نیشاندانی هێزی ڕێکخراوی مێینە لە بەرامبەر عەقڵییەتی پیاوسالاری و توندڕەوی جیهانی وەک داعش.

 

پەیامی ڕێبەر ی گەلی کورد لەسەر دامەزراندنی یەپەژە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ئازادی ژن ئەستەمەو پێویستە ژنان ببنە خاوەن هێزی پاراستنی جەوهەری خۆیان، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر عەقڵییەتی پیاوسالاری و هێرشەکاندا ناسنامەی خۆیان بپارێزن، دامەزراندنی یەپەژە وەک گەورەترین هەنگاوی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبینێت کە تێیدا ژن نەک تەنها وەک شەڕڤان بەڵکو وەک پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵ دەبینێت و پێیوایە ئەم هێزە دەبێتە بنەمایەک بۆ بونیادنانی ژیانێکی یەکسان و دیموکراتیک لەسەر بنەمای فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی.

 

دامەزراندنی هێزی پاراستن لە ٤ی نیسان گوزارشتە نوێبوونەوەی ئیرادەی گەلێک

گرنگی دامەزراندنی پژاک و یەپەژە لەوەدایە کە توانییان چەمکی پاراستن و ڕێکخستنی سیاسی لە چوارچێوەی کلاسیکی دەربهێنن و بیکەنە کارێکی جەماوەری و بە تایبەت ڕۆڵی پێشەنگایەتییان بە ژنان بەخشی، ئەم دوو هێزە توانییان نیشانی بدەن کە گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی جەوهەری خۆی ڕێکبخات و ببێتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، هەڵبژاردنی ڕۆژی ٤ی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد وەک ڕۆژی دامەزراندنی ئەم هێزانە هەڵبژاردنێکی ڕێکەوت نییە بەڵکو هەڵگری پەیامێکی قووڵی فیکری و سیمبولییە تێکۆشەرانی ئەم ڕێگەیە پێیان وایە کە لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا لەدایکبوونی فیکرێکی نوێ بوو کە ژن و کۆمەڵگای لە کۆیلایەتی ڕزگار کرد بۆیە ویستیان بە دامەزراندنی ئەم هێزانە لەو ڕۆژەدا ئەوە بسەلمێنن کە باشترین دیاری و وەفاداری بۆ ڕێبەرەکەیان تەنها لە ڕێگەی تێکۆشان و دروستکردنی سیستمێکی پاراستنی بەهێزەوە دەبێت،  ئەمڕۆژە وەک ڕۆژی بوژانەوەی سروشت و مرۆڤ دەبینن و پێیانوایە کە دامەزراندنی هێزی پاراستن لەمڕۆژەدا گوزارشتە لە نوێبوونەوەی ئیرادەی گەلێک کە چیتر بێدەنگی و ژێردەستەیی قبوڵ ناکات.