"٤٨ ژن لە ماوەی هەشت مانگدا لە هەرێمی کوردستان کوژراون؛ یاسا لە پاراستنی ژنان ناتوانێت ڕۆڵی پێویست ببینێت"

دڵسۆز زەنگەنە، سەرۆکی ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەڵێت: لاوازی جێبەجێکردنی یاساکان، نەبوونی سزای توند بۆ تاوانباران و دەستوەردانی هەندێک لایەنی پەیوەندیدار لە کەیسەکاندا، هۆکاری بەردەوامی کوشتنی ژنانە.

 

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ لە کاتێکدا پاراستنی ژنان و مسۆگەرکردنی مافی ژیان و ئاسایشیان یەکێکە لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بەڵام دیاردەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا بەردەوامە و نیگەرانییەکی جدی دروست دەکات، کوشتنێک کە لە زۆر حاڵەتدا بەهۆی ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتیی هەڵە، لاوازیی جێبەجێکردنی یاسا و نەبوونی سزای گونجاو بۆ تاوانباران، ژیانی ژنان دەکاتە قوربانی،  لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ٤٨ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون؛ ئامارێک کە جارێکی دیکە پێویستیی بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی ژنان و سەپاندنی سزای دادپەروەرانە بەسەر تاوانباراندا دەخاتەڕوو.

 

"بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە کوشتنەکانی ژنان کەمدەبێتەوە، نەک بە داڵدەدانی تاوانباران"

دڵسۆز زەنگەنە، سەرۆکی ڕێکخراوی دابین بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، چالاکوانی مافی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستاندا ژنان لەبەر سەلماندنی ژنبوونیان دەکوژرێن وتی: لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ٤٨ ژن کوژراون، ئەمە دەریدەخات کوشتنەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە، ژنان لەبەر سەلماندنی ژن بوونیان دەکوژرێن، سەرەڕای ئەوەی ژنان لە ڕێکخراوەکاندا هەوڵ بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی کوشتنەکانی ژنان دەدەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کوشتنەکان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، هەروەها چارەسەری بنەڕەتیشمان نییە، پاشان ژنان ئاشنای مافە سەرەتایی و یاساکانی ژنان نەبوون، ژنان ئەو مافە سەرەتاییەی بۆ ژیان هەیانە پێیان نابەخشرێت، بۆیە دامودەزگاکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنانەوە پابەندی یاساکانی ژنان نابن، یاساکان تەنها لەسەر کاغەزەکان دەمێنێتەوە، هەروەها سیستمێکی تۆکمە بۆ بەسزا گەیاندنی تاوانباران لە کەیسەکانی کوشتنی ژناندا بەدی ناکێت.

 

"نەبوونی سزای توند کوشتنەکانی ژنانی زیاد کردووە"

جەختی لەوەشکردەوە، بکوژانی ژنان لە لایەن دادگاکانەوە ئاسانکاریان بۆ دەکرێت، یان لە ڕێگەی نەبوونی سزایەکی توند بۆ بکوژان و هەبوونی سوڵحی عەشایەری کوشتنەکانی ژنانی زیاد کردووە، پێویستە یاساکان لە بەرامبەر کوشتنەکانی ژنان توندتر بکرێت، هەروەها لە خواروی عێراقدا مدەوەنەی جەعفەریی هەیە، کە منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان پێدەکرێت، ئەو یاسایە کۆچکردنی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنا، دایکان لەگەڵ منداڵەکانیاندا کۆچدەکەن بەرەو وڵاتانی دەرەوە تا منداڵەکانیان پارێزراو بێت، لە دوای وەرگرتنەوەی منداڵەکان لەلایەن باوکیانەوە پارێزراو نابن، زۆرێکیان بەزۆر ناچاری ژیانن لەگەڵ باوکیان دەبن، ئەم دیاردەیە ئەگەری گواستنەوەی بۆ هەرێمی کوردستانیش هەیە.

 

دڵسۆز زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد لە هەرێمی کوردستاندا یاسای توندوتیژی دژی ژنان و یاسای خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بەڵام پێویستە لە ناو دادگاکاندا ئەو کەیسانەی تایبەتە بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان توندتر بڕیارەکان جێبەجێ بکرێت یان بەدەم کەیسەکانی ژنانەوە بێن، تا لەناو دادگاکاندا تاوانبارانی کوشتنەکان و توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەلاڕێدا نەبرێت، زۆرجار لە کەیسەکانی کوشتندا تاوانباران لەژێر سێێبەری بەرپرسێکدا دااڵدەدرێن، پێویستە ئەو کەیسانە لە ناو دادگاکاندا بە سزای خۆیان بگەن، نەوەک لایەنی پەیوەندیدار و بەشێک لە بەرپرسەکان تاوانباران داڵدەبدەن، چونکە هەرکات بکوژی ژنێک سزای یاسایی و توندی بەسەردا بسەپێندرێت توندوتیژی و کوشتنەکان ڕوو لەکەمبونەوە دەکات، بە پێچەوانەوە کوشتنەکان و کێشە کۆمەڵاییەتییەکان بەردەوام ڕوو لەزیادبوون دەکات.

 

"بە دیالۆگ هەوڵ بۆ ڕێگری لە کوشتنەکانی ژنان بکەین"

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: تێمە تەحالوفی ١٨٨ مان هەیەو لە ڕێکخراوی تۆری ٨ی مارسدا هەوڵ بۆ بنەڤبڕکردنی کوستنەکانی ژنان دەکەین، هەروەها لە ڕێگەی هەڵمەتێک لەژێرناونیشانی هەڵمەتی دژ بە خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان" هەوڵی بە شەرمکردنی کوشتنەکانی ژنان دەدەین، یان ببینە هۆشیارکردنەوەی ژنان لە توندوتیژییەکانی بەرامبەریان، زۆرجار منداڵان قوربانیدەری تاوانەکانی کوشتنن، هیوادارین هەموو هاوڵاتیان بێنە پاڵ هەڵمەتەکەمان تا بە دیالۆگ هەوڵ بۆ ڕێگری لە کوشتنەکانی ژنان بکەین.