٢٥ ژن بە دەنگی خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق سەركەوتوون
بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ٨٤ ژن دەرچوون و ٢٥ ژن بە دەنگی خۆیان سەركەوتن، واتە بەبێ سیستمی کۆتا کە ٢٥٪ە دەنگی پیویستیان بەدەستهێناوە.
ناوەندی هەواڵ
سەرەڕای بوونی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان لە هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان، سیاسەت و سەرکردایەتی کە وەک ئەرکی پیاوان دەبینن، لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ٨٤ ژن دەرچوون و ٢٥ ژن بە دەنگی خۆیان سەركەوتن.
پێگەی ژنان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق
بەشداری ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بابەتێکی زۆر گرنگە لە چوارچێوەی دیموکراسی، یەکسانی ڕەگەزیی، گەشەسەندنی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاماژەیەکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی یەکسانی دەرفەتەکان لە گۆڕەپانی سیاسییدا، بەڵام ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستەکانی وەک جیاکاری ڕەگەزیی، نەبوونی پاڵپشتی دارایی و سیاسیی، هەڵوێستی نەریتی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
کلتووری پیاوسالاری و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا ڕێگرن لە هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان، بەڵام بە تێکۆشانەکانیان بەردەوامن تا لە ناوەندەکانی بڕیاردان پێگەی خۆیان دیاری بکەن، لەو چوارچێوەیەشدا، ٨٤ ژن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن کە ٢٥ ژنیان بە دەنگی خۆیان دەرچوون، لە ئێستادا ڕێژەی ژنان لە پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتە ٢٥.٥٪ و بە بەراورد بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کەمیی کردووە کە ئەو کات ٩٥ ژن گەیشتنە پەرلەمانی عێراق و ڕێژەکە ٣٠٪ بوو.
پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکهاتووە کە ٣٢٠ـیان گشتی و نۆ کورسییەکەی دیکە کۆتان، ژنانیش بە سیستمی کۆتا ٢٥٪ دەچنە پەرلەمان.
ڕۆڵی ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا
ژنان بە ژمارەی جیاواز لە شەش خولی پەرلەمانی عێراقدا بەشداریان هەبووە، کە ٥٠٣ ژن پەرلەمانتار بوون.
لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە خولی کاتی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ئەرکی نووسینەوەی دەستووری هەبوو، ٨٧ ژن بوونە پەرلەمانتار لەکۆی ٢٧٥ کورسی، ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بوو لە ٢٥٪ کۆتا و بووە هێمایەکی بەهێزی ئامادەیی ژنان.
دوای ئەوە خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ئەنجامدرا کە لە خولی یەکەمدا ٧٥ ژن، لە خولی دووەمدا ٨٠ ژن، خولی سێیەم ٨٣ ژن، خولی چوارەم ٨٤ ژن و خولی پێنجەم ٩٧ ژن بوونە پەرلەمانتار و بە بەرزبوونەوەی بەشدارییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ژمارەی پێوانەیی ساڵی ٢٠٠٥ـیان شکان، بەڵام لەم خولەدا نوێنەرایەتیی ژنان لە پەرلەمان کەمتر بووەتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا لە حەوت پارێزگای عێراق و پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان کاندیدە ژنەکان بە کۆتا دەرچوون.
ئەو کاندیدە ژنانەی لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرێمی کوردستان سەركەوتن بۆ پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیەیە:-
هەولێر؛ یەک کاندید بەبێ کۆتا و سێ کاندید بە کۆتا
سلێمانی؛ پێنج کاندید بەبێ کۆتا
دهۆک؛ سێ کاندید بە کۆتا
ئەو کاندیدە ژنانەی لەم هەڵبژاردنەدا لە شارەكانی دیكەی عێراق و ناوچە دابڕێندراوەكان سەركەوتن بەمشێوەیەیە:-
کەرکووک؛ یەک کاندید بەبێ کۆتا و دوو کاندید بە کۆتا
ئەنبار؛ چوار کاندید بە کۆتا
بەسرە؛ دوو کاندید بێ کۆتا، چوار کاندید بە کۆتا
دیوانیە؛ سێ کاندید بەبێ کۆتا
موسەننا؛ سێ کاندید بەبێ کۆتا
نەجەف؛ سێ کاندید بە کۆتا
بابل؛ چوار کاندید بەکۆتا
ببەغداد؛ شەش کاندید بەبێ کۆتا و ١١ کاندید بە کۆتا
دیالە؛ چوار کاندید بە کۆتا
زیقار؛ یەک کاندید بەبێ کۆتا، سێ کاندید بە کۆتا
سەلاحەددین؛ یەک کاندید بە بێ کۆتا و دوو کاندید بە کۆتا
کەربەلا؛ سێ کاندید بە کۆتا
مەیسان؛ دوو کاندید بە بێ کۆتا و یەک کاندید بە کۆتا
نەینەوا؛ یەک کاندید بە بێ کۆتا، حەوت کاندید بە کۆتا
واست؛ سێ کاندید بە کۆتا
مافی ژنان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراقدا
لە ساڵی ١٩٨٠ـەوە ژنان بە فەرمی مافی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و چەندینی دیکە هۆکاربوون کە ژنان نەتوانن بەپێی پێویست بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ژنان بەڕێژەیەکی بەرچاو و فراوانتر هاتنە ناو کاری سیاسەت و وەک پەرلەمانتار ڕۆڵی بەرچاویان گێرا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لەسەر بنەمای یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠٢٣، هەموواری سێیەمی یاسای ژمارە ١٢ـی ساڵی ٢٠١٨ـی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، کە لە ٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرابوو.
بە پێی دەستووری عێراق و بەپێی ماددەی ١٦ لە یاسای پەرلەمانی عێراقی ساڵی ٢٠١٩، پێویستە بەشداری ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت و دەبێت لەو ٣٢٩ کورسییە ٨٤ کورسی بۆ ژنان بێت، کە وەک کۆتای ژنان دیاریکراوە.
بەپێی ئەو یاسایەی ٢٠٢٣، هەر پارێزگایەک بە یەک بازنەی هەڵبژاردن دادەنرێت و دەنگەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش هەژمار دەکرێت، واتە؛ دەنگەکان دابەشدەکرێن بەسەر ژمارەی ئەو کورسییانەی بۆ پارێزگاکە تەرخان کراوە، بۆ نموونە، کورسییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشکراوە، بۆ هەولێر ١٥ کورسی، بۆ سلێمانی ١٨ کورسی، لە دهۆکیش ١١ کورسی.
لێرەدا مافی ژن زەوت دەکرێت، چونکە لە ڕۆژی ١٤ـی نیسانی ئەمساڵ لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگ لەسەر بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە درا و پەسەند کرا، بۆیە بەپێی یاساکەی ٢٠٢٣ تا ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە، گەر بەراوردی بکەین بە سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کە فرە بازنەییە و هەڵەبجە سێ کورسی پەرلەمانی بۆ دانرابوو، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا کورسییەکانی هەڵەبجەش لەسەر پارێزگای سلێمانی هەژمار دەکرێت، واتا یەک لەو سێ کورسییەی هەڵەبجە کە بۆ کۆتا دانرابوو، دەبێتە کۆتا لە کورسییەکانی پارێزگای سلێمانی و کورسی کۆتای هەڵەبجە نامێنێت، بەمەش ژنان بێبەش دەبن لە کورسییەکی پەرلەمان.