١٩ هاوڵاتی مەدەنی کوژران، هۆشداری بۆ دانیشتوانی باکووری غەززە دەرچوو
لەئەنجامی تۆپبارانی کۆبوونەوەی مەدەنی لە ناوەندێکی دابەشکردنی هاوکاری و کامپی پەنابەرانی نەسیرات لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە، دەیان هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و برینداربوون کە لە نێویاندا منداڵ و ژن بوون.

ناوەندی هەواڵ
لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆسایدیان، لەوانە کوشتن، برسیکردن، وێرانکردن و ئاوارەبوون، ئەمەش بە بێ گوێدانە تەواوەتی بانگەواز و فەرمانە نێودەوڵەتییەکانی دادگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە.
لە هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی حوزەیران دژی هاوڵاتیانی کۆبووەوە لە نزیک ناوەندێکی دابەشکردنی یارمەتییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ڕەفحە لە باشووری کەرتی غەززە و کۆبوونەوەی مەدەنی لە کامپی پەنابەرانی نەسیرات، لانیکەم ١٩ هاوڵاتی کوژران و ٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شەڕی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ١٨١ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، زیاتر لە ١١ هەزار کەسیش بێسەروشوێن بوون. سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و برسێتی ژیانی زۆر کەسی لە نێویاندا منداڵەکانی گەیاندووە. ئەمە جگە لە تێکدانی بەربڵاوی ژێرخان و پەککەوتنی زۆرێک لە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان، کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە.
وتەبێژی سەربازی ئیسرائیل ئەمڕۆ هۆشدارییەکانی نوێکردەوە بۆ ئەوانەی لە هەندێک ناوچەی جەبەلیای باکووری کەرتی غەززە ئامادەبوون بەرەو ناوچە ئارامەکانی شاری غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، بە زۆر لەو شوێنانە چالاکی دەکەن و جەختی لەسەر گرنگی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە کردەوە.
هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە فراوانتر کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشڕەوی نوێ لە چەند ناوچەیەکی ناوەندی شارەکە و بەشەکانی ڕۆژئاوای غەززە ڕوویداوە. شارەکە نزیکە لە چۆڵی دانیشتوان، زۆربەیان ڕوویان لە ناوچەی مەواسی کردووە دوای فەرمانی فراوانکردنی هێرشە زەمینییەکان بۆ ناوچە زیادەکانی کەرتی غەززە.