کۆنگرەی ستار نامەیەکی تایبەتی ڕادەستی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کرد
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ١٨ ڕێکخراوی ژنانی سووریا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕەوشی ژنان و پێشێلکارییەکان کرا و داوای گەرەنتی مافەکانی کورد کرا.
ناوەندی هەواڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمەشق لەگەڵ نوێنەرانی ١٨ ڕێکخراوی ژنانی سووریا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی کۆنگرەی ستار، بە نوێنەرایەتیی کۆنگرەی ستار بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕوکەن ئەحمەد خستوویەتیەڕوو، پێشتر ئەو ١٨ ڕێکخراوەی ژنان لە چوارچێوەی سێ گرووپدا خۆیان ڕێکخستبوو و سەبارەت بە ڕەوشی سووریا کۆبوونەوەی ئۆنلاینیان ئەنجامدابوو. ئەم سێ گرووپە سێ نامەیان ئامادە کردبوو و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەر سێ نامەکە کرا.
ناوەڕۆکی نامەکان تایبەت بوون بە ڕەوشی ژنان، ئابووری، دادپەروەری و ڕەوشی کۆمەڵایەتی لە سووریا. هەروەها لە یەکێک لە نامەکاندا، تیشک خراوەتەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە خەڵکی شێخ مەقسوود، ناوچەی کەناراوەکان و خەڵکی سوەیدا دەکرێن. هاوکات، پرسی پاراستنی مافەکانی کورد و نەهێشتنی دەرئەنجامەکانی سیاسەتی 'پشتێنەی عەرەبی' لە نامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارییانە دەکەن کە لە نامەکاندا هاتوون. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاگادارن بەشداریی ژنان لە حکومەتی کاتیی دیمەشقدا کەمە، و سەبارەت بەم پرسەش لەگەڵ حکومەتدا لە گفتوگۆدان.
لە کۆتاییدا ڕوکەن ئەحمەد ئاشکرای کرد کە، وەک 'کۆنگرەی ستار' نامەیەکی تایبەتیان ڕادەستی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کردووە.