لە هەڵەبجە ژنانی ڕەنجدەر ئەرکێکی زۆرو مافێکی کەمیان هەیە

لە هەڵەبجە ١ی ئایار پیرۆزکراو ژنانی ڕەنجدەر ئاماژەیان بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی ئەرکیان زۆرە، کەمترین مافیان پێدەدرێت.

هە‌ڵەبجە

 

ئەمڕۆ بەبۆنەی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، لەلایەن حزبی شیوعی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجەوە ڕێز لە کرێکارانی سەرۆکایەتی شارەوانی گیراو هەوڵ و ماندوبوونی کرێکاران بەرز نرخێندرا.

 

 لە چالاکیەکی دیکەدا لەلایەن سەندیکای کرێکارانی کوردستاوە بەیاننامەی کرێکاران خوێندرایەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە سەرجەم کرێکاران دەکەین و پاش ١٣٧ ساڵ لەوەی کە کرێکارانی شیکاگۆ بە زەبری هیزو ئاسن وەڵام درانەوە لە کوردستانیش لەم ڕۆژەدا کە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، کرێکاران شانبەشانی گەلەکانیان لە هەوڵداندا بوون و شەهیید بوون.

 

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: لە دوای ڕاپەرینی گەلی کورد کرێکاران دووبارە خۆیان ڕێکخستووەتەوەو ماوەی ٣٠ ساڵە لەسەرداوای کرێکاران هاتوونەتە دەنگ.

 

"بە زووترین کات یاساکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە"

سەندیکای کرێکاران لەبەیاننامەکەیدا باسی لە یاسای پەرلەمانی کوردستان کردووەو ئاماژەی بەوەکردووە، خەباتی مەدەنی کرێکاران لە پەرلەمان پەسەند کراوەو پابەندی یاسایی مافی یاسای کرێکاران چەسپاوە، داواکارن بە زووترین کات یاساکان بچنە بواری جێبەجێکردن و میکانیزمی جیا بگیریتە بەر بۆ ئەوەی یاساسکە بچەسپێت، هەروەها مافی کرێکاران بەزوترین کات دەستەبەر بکرێت و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێندرێت.

 

ژنان ئەرکێکی زۆرو مافێکی کەمیان هەیە

ژنانی کرێکار لە هەڵەبجە بە گوڵ پیرۆزباییان لە یەکتر کردو سۆزان شەعبان، سەرۆکی سەندیکای ڕستن و چنین لە پارێزگای هەڵەبجە پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکاران و بە تایبەت لە ژنان کردو وتی: ژنان جێگە دەستیان دیارە، بەڵام ئەرکێکی زۆر و مافێکی کەمیان هەیە، داوا لە پیاوان دەکەم بە یەکلاو تەبایی و یەکڕیز کار بکەین و چونکە لە ئەرکەکاندا هاوبەشین، هەروەها بتوانین لە ڕووی ماددەوە هاوکار بین.

 

ڕۆشنا سەباح، ژنێکی ڕەنجدەرەو لەم ڕۆژەدا بە جلی کوردیەوە بەشداری ڕۆژی جیهانی کریکارانی کردو وتی: هەرچەندە ژن و پیاو لە ئیستادا پێکەوەو شانبەشانی یەکتر کار دەکەن بەڵام لەڕووی ماددەوە وەک پێویست هەقی ماندووبوەنیان پێنادرێت، باسی مامۆستا و فەرمانبەرانی حکومەت ناکەین، باسی ژنان لە کاری سەربەخۆ و کەرتی تایبەتدا دەکەین، کارکردنی ژنان و پیاوان هەمیشە جیاوازییان هەیەو لە کەرتی تایبەتدا ئەو بڕە پارەیەی بە پیاوان دەدرێت بە ژنان نادرێت، لە کاتێکدا یەک کارەو یەک ماوەش پێکەوە کار دەکەن.

 

ڕۆشنا داواکارە کە شوێن دابین بکرێت بۆ گەنجان و ژنان بۆ ئەوەی کارەکانیان بە کۆمەڵ بکەن و کرێیەکی باشی هەبێت تاوەکو بتوانن ژنانیش وەک پیاوان بەردەوام بن.

 

ژنان توندوتیژی ئابورییان بەرامبەر دەکرێت

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان، لە ساڵی ڕابردوو لە کۆی ٥١٨ فۆڕم کە بەسەر ژنانی کرێکاردا دابەشکرا سەرجەمیان ئاماژەیان بەوەکردووە توندوتیژی ئابورییان بەرامبەر دەکرێت.

 

لەسنوری سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٥١٢ کرێکار ئەندام بوون و هیچ قوربانییەک تۆمار نەکراوە، هەروەها لە شارەدێی تەوێڵە لە ساڵی ٢٠٢٣دا دا ١٤٧ کرێکار بوونەتە ئەندام و تا ئێستا هیچ سکاڵایەکی یاسایی و هیچ قوربانییەک تۆمار نەکراوە.