١١ سووری لە سنووری لوبنان و سووریا خنکاون کە منداڵیشیان تێدایە

١١ هاوڵاتی سووری لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری لوبنان بۆ ناو خاکی سووریا خنکاون کە منداڵ و ژنیشیان تێدایە، سوپای لوبنان لە نێوان بارودۆخی کەشوهەوای سەخت و لافاوێکی سەختی ناوچەکە پاڵیان پێواوە بەرەو ڕووبارێکی سنووری.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٨ی کانوونی یەکەم، سوپای لوبنان ١١ هاوڵاتیی سووری ناچارکرد لە کەشوهەوای مەترسیداردا لە ڕووبارەکە بپەڕنەوە و لە ئەنجامدا پێنج منداڵ و دوو ژن و پیاوێکی بەتەمەن گیانیان لەدەستدا،  دوو ژن و پیاوێک ڕزگار کران.

 

سەرچاوە خۆجێییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، کە سوپای لوبنان ئەو ١١ هاوڵاتییە سوورییەی دەستگیرکردووە و دواتر لە شەودا بردوویانە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان، ناچاریان کردوون لە ڕووبارێک بپەڕنەوە کە هەردوو وڵات جیادەکاتەوە، چالاکوانانی هەردوو وڵات ڕەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران گرت و وتیان ئەوە تەنها هەڵە نییە، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران و کۆچبەران بەم شێوەیە ڕەنگدانەوەی نەبوونی بەرپرسیارێتی ڕەوشتییە و سنوورەکە دەگۆڕێت بۆ تەڵەی مردن لەبری شوێنێک بۆ تێپەڕاندنی پارێزراو.

 

جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەم کارەساتە دەبێت وەک بانگەوازێکی بەئاگاهێنانەوە بێت بەرامبەر بەو پراکتیزە ستەمکارانەی کە ژیانی مرۆڤەکان پشتگوێ دەخەن و مرۆڤەکان دەخەنە بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەترسیدا، ئەمەش پێویستی بە لێپرسینەوە و پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە سیاسەتەکانی ئێستا هەیە.

 

ڕووخانی ڕژێمی سووریا هیوای بۆ بەشێک لە سوورییەکان زیندوو کردەوە، کە بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، بەڵام بارودۆخی ئاسایشی و سیاسی و ئابووریی سووریا تا ئێستاش بە نەگونجاو دادەنرێت بۆ پێشوازیی پاریزراو و بەکۆمەڵی پەنابەران، بۆیە سوورییەکان لە لوبنان دوو هەڵبژاردەی سەختیان لەبەردەمدایە، مانەوە لە هەلومەرجی سەختدا لە لوبنان، یان گەڕانەوە بۆ سووریا و بەرەنگاربوونەوەی مەترسی نوێ، ئەم دووڕیییە مرۆییە پێویستی بە پلانێکی نێودەوڵەتی تۆکمە هەیە کە مسۆگەری گەڕانەوەی خۆبەخشانە و پارێزراو بکات، دوور لە فشارە سیاسی و ئابوورییەکان کە دەیانکاتە زیانبەرکەوتوو.