١٠ ڕۆژنامەنووس ڕێزلێنانیان پێبەخشرا

لە یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان و بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، ١٠ ڕۆژنامەنووسی ژن لە پای ماندووبوون و کارکردنیان لە بواری ڕاگەیاندن و ژناندا خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

لە یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان و بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، ١٠ ڕۆژنامەنووسی ژن لە پای ماندووبوون و کارکردنیان لە بواری ڕاگەیاندن و ژناندا خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان لە هۆڵی ئازادی لە شاری سلێمانی یادی ٦٩ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەکە و ڕۆژی جیهانی ژنیان کردەوە، وەک یەکەم ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان.

 

لەسەرەتای یادەکەدا لەلایەن ڕووپاک ئیسماعیل ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتان وتاری کۆمەڵەکە خوێندرایەوە و ڕایگەیاند، دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و دروستبوونی حکومەتی کوردی پێمان وابوو دۆخی ژنان باشتر دەبێت، بەڵام بەهۆی قەیرانە یەک لە دوایەکەکانەوە دۆخی ژنان تا دێت خراپتر دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەم یادکردنەوەیە تەنها بۆ ڕووکەش نییە، بەڵکو ئامانجیان بەرەوپێشبردنی تواناکانی ژنان و کارکردنی زیاترە بۆ نەهێشتنی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان.

 

دواتر لەلایەن بەیان محەمەد ئەندامی لقی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان وتاری ئەو حزبە خوێنرایەوە، پشتگیری حزبی شیوعی بۆ کۆمەڵەی ئافرەتان دووپات کردەوە، ڕاشیگەیاند سەرباری کار و چالاکی ڕێکخراوەکان بەڵام هێشتا ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

دواتر ڕێزلێنان بەخشرایە ١٠ ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون، کە ساڵانێک لە بواری ڕاگەیاندن و ژناندا کاریان کردووە، دوو لەوانیش هەردوو پێشکەشکاری ژن تیڤی بێریڤان شاهۆ و ئەڤین نەسرین بوون.

 

چیمەن عومەر ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕایگەیاند کە ژنان سەدان ساڵە تیدەکۆشن و ٨ی مارس ڕۆژی نوێبوونەوەی ژنانە.

 

ساکار ئەرسەلان یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانەی زیاتر لە ١٣ ساڵە کاری ڕاگەیاندن دەکات و ڕیزلێنانی پێبەخشرا، باسی لەوەکرد کە ڕێزلێنانی ژنانی ڕاگەیاندنکار وزەیەکی زیاتر دەداتە ڕۆژنامەنووسان تا کاری باشتر بکەن.

هەروەها باسی لەوەشکرد، ژنانی ڕۆژنامەنووس خۆیان دەبێت ڕێگەنەدەن و لەو دەزگایانەدا کار نەکەن کە وەک کاڵایەک و بۆ کۆکردنەوەی بینەر بەکارییان دەهێنن.

 

هەر لە مەراسیمەکەشدا چەندین پارچە سروود و شعر بۆ ڕۆژی ژنان خوێندرایەوە، و بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی بە ئاهەنگەکە هات.

 

ت.پ