١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ سزای زیندانی بەسەر چالاکوانێکی باکوری کوردستان لە ئورمیە سەپێندرا

سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی بۆ سنور تامارا، هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستان لە زیندانی ئۆرومیە دەرچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ژنێک بەناوی سنور تامارا، بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان" لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئۆرمیەوە بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیکردن سزا درا.

 

بەپێی زانیارییەکان دادگاییکردنی زیندانی سیاسی سنور تامارا، ڕۆژی ٢٣ی حوزەیران بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی و بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچووە، دوێنێش لە بەشی ژنانی زیندانی ناوەندی ئورمیە بە فەرمی سزاکەی بۆ دەرچووە.

 

سنور تامارا، لە سەرەتای پاییزی ساڵی ٢٠٢٠دا لە گوندێکی سنووری ئورمیە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا، لە بنکەی ئەلمەهدی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، لە کۆتایی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٠ گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئورمیە.

 

لە دوای دەستگیرکردنیشییەوە، زیندانی سیاسی سنور تامارا، مافی سەردانی پارێزەر و چاوپێکەوتنی خێزانی لێسەندرایەوە.

 

ت.پ