ژنانی گەنج لە دڵی خەبات: ئاستەنگەکانی ئامادەیی ژنان لە کایەی گشتیدا

ئامادەیی ژنانی گەنج لە کاری ژنان و مافەکانیاندا، بنەمای بەردەوامیی خەباتی یەکسانیخوازییە، بەتایبەت لەناو ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و یاساییانەی کە کۆتوبەند دەخەنە سەر بەشداریی کاریگەری ژنان لە کایەی گشتیدا.

ئەسما فەتحی

قاهیرە-پرسی بەهێزکردنی ژنانی گەنج لە چوارچێوەی کایەی مافی مرۆڤ و ژناندا، کۆمەڵێک پرسیاری زۆر دەوروژێنێت کە پەیوەندییان بە توانای دامەزراوە و کۆمەڵگەکانەوە هەیە بۆ دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ نەوە نوێیەکان، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵەنگاریە بەردەوامانەی پەیوەستن بە تێڕوانینی نەریتی ژنان و باڵادەستی پێکهاتە پیاوسالارییەکان لە کایەی گشتیدا، هەروەها یاسا جیاکارییەکان کە بەردەوامن لە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی ژنان و منداڵانی کچ لە ناوچەی عەرەبیدا.

 

سوعاد ئەبو دیە، چالاکوانی مافی مرۆڤ، باس لە کاری دەیان ساڵەی خۆی دەکات لەگەڵ ژنان و منداڵانی کچی فەڵەستین و ئوردن، کە ئەزموونێکی بەرفراوانی لە چاودێریکردنی پرسە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان و بەرگریکردن لە مافەکانیان لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیانەی کە ئاڵەنگاری سیاسی و کولتووری و یاسایی یەکتر دەبڕن، لە ڕێگەی کاری مەیدانی و بەشداریکردنی لە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە یەکسانی و بەهێزکردنی ژنان، دیدێکی ڕەخنەگرانەی لەبارەی ڕاستی ژنانی گەنج و ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا، و کاریگەریی یاسا جیاکارییەکان، هەراسانکردنەکان و ململانێکان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان پەرەپێداوە.

 

لەم چاوپێکەوتنەدا ئاژانسەکەمان بەدواداچوون بۆ شیکارییەکانی سوعاد ئەبو دیە بۆ بزووتنەوەی ژنانی ناوچەکە دەکات.

  

لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆ سەبارەت بە گرنگی سەرکردە گەنجەکان لە کایەی گشتیدا، چۆن گرنگی بەهێزکردنی ژنانی گەنج لەناو کاری ژنان و مافی مرۆڤدا دەبینیت؟

گرنگیدان بە سەرکردە گەنجەکان زۆر گرنگە، نەک تەنها بۆ ژنانی گەنج، بەڵکو بۆ گەنجان بەگشتی، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵگەکاندا ڕوونادات ئەگەر لەگەڵ نەوە نوێیەکان دەست بە کارکردن نەکەین و ئەو ئەزموون و شارەزایی و زانیاریانەی کە لە ماوەی چەندین ساڵ خەبات و کاری مافی مرۆڤ و چالاکی ژنانی کۆبووەوە بۆیان بگوازینەوە.

 

پێم وایە ئەو گۆڕانکارییەی ئێمە ئاواتەخوازین، چ سەبارەت بە یاسا، هەڵوێستی کۆمەڵایەتی یان پرسەکانی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، بەدی نایەت بەبێ ژن و پیاوی گەنج کە باوەڕیان بەو بابەتانە هەیە و توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتوودا بەرەو پێشەوەیان ببەن و بەرگریان لێبکەن.

 

بۆیە پێم وایە کارکردن بە تایبەتی لەگەڵ ژنانی گەنج گرنگیەکی زۆری هەیە و پێویستە بەشێکی بنچەی بێت لە کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ڕێکخراوە ژنان، چونکە ئەو دامەزراوانە دەبێ بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کێ درێژە بەم ڕێبازە بدەن.

 

 

لەگەڵ پەرەسەندنی دیالۆگ سەبارەت بە دوورخستنەوەی هەندێک گروپی تەمەنی ژنان و ژنانی گەنج لە کایەی گشتیدا، چۆن ڕاستی تێکەڵکردنی ژنانی گەنج لە دامەزراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤەکاندا دەبینیت؟

بە پشت بەستن بە ئەزموونی خۆم پێم وایە لە مێژە ژنانی گەنج لە مافی مرۆڤ و کاری ژنانی دوورخراونەتەوە، لە کاتێکدا ڕەنگە ئێستا هەندێک ڕێکخراو دەست بکەن بە ناسینی گرنگی یەکخستنی گەنجان، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر دیمەنەکە لەلایەن هەمان تاک و ڕووخسارەوە لە کۆنگرە و بۆنە و پانێڵەکاندا زاڵ بووە.

 

ئەمە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ من چونکە هەر بزووتنەوەیەکی مافی مرۆڤ یان ژنا  ئەگەر لە هەمان بازنە و هەمان خەڵکدا قەتیس بمێنێتەوە ناتوانێت بەردەوام بێت، هەروەها لە ناو هەندێک ڕێکخراودا هۆشیارییەک لە زیادبووندایە سەبارەت بە پێویستی بەشداریکردنی ژنان و پیاوانی گەنج لە بواری مافی مرۆڤ و کاری ژناندا، ڕەنگە ئەم هەنگاوانە هێشتا سست یان سنووردار بن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشکەوتنێکی ئەرێنین.

 

تەنها بوونی من لێرە لە قاهیرە ئەمڕۆ، کە لەلایەن کۆمەڵێک ژن و پیاوی گەنجەوە دەورە دراوم، نیشاندەرێکی بەرچاوە بۆ پەرەسەندنی هۆشیاری لە گرنگی بەشداریکردنی نەوە نوێیەکان، بەڵام هێشتا پێویستمان بە زیاتر لە تەنها نوێنەرایەتییەکی ئامڕازی یان ڕووکەش هەیە، تەنها بوونی ژنانی گەنج وەک چاودێر یان وەک بەشێک لە وێنەکە بەس نییە، ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە کەشی ڕاستەقینەیان پێ بدرێت بۆ کاریگەریکردن و بەشداریکردن و بڕیاردان و وەک هاوبەشی چالاک لەم کارەدا سەیریان بکەین، نەک تەنها وەک ئامادەبووانی تەواوکەر.

 

 

بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامیی پێکهاتە پیاوسالارییەکان لەناو کۆمەڵگە عەرەبییەکان، کاریگەریی ئەم پێکهاتە لەسەر ژنان و ژنانی گەنج چۆن دەبینن؟

ئێمە هێشتا لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا دەژین کە پیاوان لە زۆر ئاستدا باڵادەستن، چ لەناو خێزان، چ لە بازاڕی کار، تەنانەت لە کایەی گشتیدا، ژنان بە گشتی و ژنانی گەنج بە تایبەتی تا ڕادەیەکی زۆر لە پەراوێزدا دەمێننەوە، ئەمەش بەهۆی یاسای جیاکارییەوە ئاڵۆزتر دەبێت کە ژنان لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەوانە یاسای باری کەسی و یاسای سزادان و یاساکانی تر کە پێویستیان بە هەموارکردنەوەی بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی دادپەروەرانەتر بن.

 

ئەم ژینگەیە کاریگەری لەسەر ژنانی گەنج هەیە، چونکە کاتێک ژنێکی گەنج هەوڵدەدات بچێتە ناو کایەی گشتی، بەشداری لە کاری مافی مرۆڤدا بکات، بەشداری لە چالاکییە ژناندا بکات، خۆی دەبینێتەوە ڕووبەڕووی ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە کە ڕۆڵ یان تواناکانی کەمدەکاتەوە یان بە ناشایستە دەزانێت بۆ بەشداریکردن و کاریگەری هەبێت، بۆیە من پێم وایە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەقڵی پیاوسالارییە زیاتر لە یاسای دەوێت، پێویستی بە کاری کۆمەڵایەتی و هەڵمەتی هۆشیاری و پێشخستنی بەشداریکردنی ژنان و ژنانی گەنج لە کایەی گشتیدا هەیە.

 

هەروەها هەموو کەسێک پێویستی بە سەرچاوەیەکی داهات هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە چەمکی بەشداریکردنی کۆمەڵگا و کاری خۆبەخشانە لەنێو ژنانی گەنجدا جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەزموون و هۆشیاری لە پرسە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەدەستبهێنن.

 

 

بە لەبەرچاوگرتنی لێکچوونی زۆرێک لە یاسا و قەیرانەکانی ناوچەکە، ڕاستی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکانی عەرەبی بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان چۆن دەبینن؟

ژنان لە ناوچەی عەرەبیدا بارگرانییەکی بەرچاو لە ئازارەکانی پەیوەست بە توندوتیژی و جیاکاری هاوبەشن، جا ئەم توندوتیژییە یاسایی بێت، کۆمەڵایەتی بێت، ئابووری بێت یان تەنانەت لەناو بازاڕی کاردا، کاتێک لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبیدا بەدواداچوون بۆ یاسای سزادان یان یاساکانی باری کەسی دەکەین، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەیەک دەچن، بە نزیکە وەک "کۆپی دووبارەبووەوە" کە تەنها گۆڕانکارییەکی بچووکیان هەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بوونی بەهێزی بیرکردنەوەی پیاوسالاری باڵادەستە لە زۆربەی کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا.

 

ژنان لە میسر، ئوردن، فەڵەستین و سووریا بەدەست جۆرە جیاکارییەکی هاوشێوەوە دەناڵێنن، چ لەڕێگەی یاساوە بێت، چ لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ڕۆژانە، چ لەڕێگەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی یان توندوتیژی لەناو بازاڕی کاردا.

 

بۆیە پێم وایە ژنان لە ناوچەی عەرەبیدا چەندین بابەتی هاوبەشیان هەیە، بۆ نموونە لە فەڵەستین، ڕەنگە ژنان ناچار بکرێن لە خاڵە سەربازییەکان منداڵیان ببێت، کە ئەمەش جۆرێکی توندی پێشێلکارییە، لە سودان ژنان بەدەست برسێتی و هەژاری و ئاوارەیی و خەوتن لە شوێنی کراوە و نکۆڵی پێداویستییە سەرەتاییەکانیانەوە دەناڵێنن.

 

بۆیە ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان نەک هەر ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی شەڕ، داگیرکاری یان ئاوارەبوون دەبنەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو جیاکاری و توندوتیژییە دەبنەوە کە پێشتر لەناو کۆمەڵگەکانیاندا هەن، کەئەمەش ئازارەکانیان ئاڵۆزتر و ئاڵۆزتر دەکات.

 

 

سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، پەرەسەندنی ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی و بڕیاردان لەم ساڵانەی دواییدا چۆن دەبینیت؟

بەڕاستی لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتن هەبوو، ئێستا ژنان لە دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و پۆستی بڕیاردان و بازاڕی کاردا ئامادەن، هەروەها لە ڕێگەی خوێندن و دامەزراندنەوە زیاتر دەستیان پێگەیشتووە و ئەمەش پێشکەوتنێکی بەرچاوە کە نکۆڵی لێ ناکرێت.

 

بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێستا بارودۆخی ژنان بە تەواوی دادپەروەرە، هێشتا پێویستە زۆر زیاتر بکەین بۆ بەدەستهێنانی بەشداریکردنی ڕاستەقینەی ژنان لە کایەی گشتیدا.

 

بیرۆکەی ئەرێنی یان تەرخانکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی کورسی بۆ ژنان ڕەنگە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگ بێت، بەڵام ئامانجی کۆتایی نییە، ئامانجی ڕاستەقینە بە بڕوای من ئەوەیە کە ژنان بە پشتبەستن بە لێهاتوویی و توانای خۆیان بگەنە ئەو پۆستانە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پشکێک یان ڕێژەیەک بۆیان تەرخانکراوە.

 

هێشتا پێویستمان بە باوەڕی ڕاستەقینە بە دۆزی ژن لەناو کۆمەڵگە و دامەزراوەکاندا هەیە، چونکە هیچ پێشکەوتنێک بەردەوام نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای باوەڕێکی ڕاستەقینە لە مافی ژنان بۆ بەشداریکردنی تەواو و دادپەروەرانە لە کایەی گشتی و بڕیارداندا نەبێت.