"سزادانی داعشێک بە ١٠ ساڵ لە ئازارەکانی ژنانی ئێزدی کەم ناکاتەوە"

داعشێکی هۆڵەندی لە بەرامبەر چوونە ناو چەتەکانی داعش و ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنانی ئێزدی ئەنجامیداوە، لەلایەن وڵاتەکەیەوە سزای ١٠ ساڵ زیندانی دراوە، بەڵام تانەی لە بڕیارەکە داوەو وتەی ناڕاست پێشکەشی دادگا دەکات، ئەمەش توڕەیی ئیزدییەکانی لێکەوتووەتەوە.

 

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- داعش کە لە ٢٠١٤دا سەری هەڵدا و بەشێکی بەرچاوی سنوور و خاکی عێراق و سووریای بە دەستەوە بوو، تاوانی جۆراوجۆریان کردووە، بە تایبەت لە شنگال کاتێک لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی کرد، هەزاران منداڵ و ژنی ئێزدی بە ئامانج گرت و بازرگانی پێوە کردن، هەندێک لەو ژنانە کە برانە سووریا تا ئیستاش چارەنووسیان نادیارە، ئەوانەشی ڕزگار کران لە بارودۆخێکی دەروونی سەختدا بەردەوامن لە ژیان و چاوەڕێن چەتەکانی داعش لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێن.

 

 زۆر دەزگا و ڕێکخراو دەوڵەتیش، ئەو کارانەی داعشیان شەرمەزار کرد و هەوڵی جۆراوجۆر درا تا تاوانکاران سزا بدرێن و شوێنەواری تاوان و شێواندنەکانیان نەهێڵرێن و دۆخی زیانبەرکەوتووان و ڕزگاربووانی دەستی داعش ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستاش نەتواندراوە تاوانەکانی داعش لە شنگال بە جینۆساید بناسێندرێت، لەوەتەی شنگال لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە دەستی داعش ڕزگارکراوە هەتا ئێستا ئەو شارۆچکەیە وەک خەڵکەکەی دەڵێن پشتگوێ خراوە و کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە دۆخەکەی ئاسایی ببێتەوە.

 

لە دادگای هۆڵەندا پرۆسەی دادگایی کردنی داعشێکی وڵاتەکەی کەلە کۆتایی ٢٠٢٢ لە کامپی هۆل گەرێندراوەتەوە هۆڵەندا دەستپێکرد، کە ژنێکەو بۆ چوار تاوان سزای ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرکردووە، ئەم ژنە داعشە کە ناوی "حەسنا"یە، دوو ژنی ئێزدی کۆیلە کردووە، لێرەدا چیرۆکی سێ ژن هەن، کە هەرسێکیان زیانبەرکەوتووی سیستمێکی تاکڕەوی بەناوی ئیسلامیین، یەکێکیان توندڕەو دووانیان کۆیلە کراو، حەسنا تانەی لە بڕیاری سزادانەکەی داوەو دانیشتنی دادگا بۆ گوێگرتن لە تانەکە لە ٩ تا ١٢ی شوبات بەڕێوەچوو، دانیشتنی دادگا بۆ بڕیاردان لە تانەکە لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

 

"دوو ژنی ئێزدییان کۆیلە کردووەو توندوتیژی جەستەیی و سێکسیان بەرامبەر کراوە"

ڕاز حەسەن، چارەسەرکاری دەروونی کە بەشداری دادگای هۆڵەندای کرد کاتێک دانیشتن بۆ تانە لە سزای ئەو داعشە بەڕێوەچوو، دەربارەی دانیشتنەکە وتی: حەسنا ژنێکی ٣٣ ساڵە، هاوڵاتی هۆڵەندایەو بە ڕەچەڵەک مەغریببیە، لە ساڵی ٢٠١٥ دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ سەیری چالاکییەکانی داعش دەکات، بڕیار دەدات لەگەلیان بێت و منداڵە کورە تەمەن چوار ساڵانەکەی لەگەڵ خۆیدا بەرێت و بچێتە سووریا، لەڕێی تورکیاوە دەگاتە سووریا، کە گەیشتووە هەرزوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامێکی داعش لە ڕەققە دەکات، ژنێکی ئێزدییان بە کۆیلە کردووە، کاروباری ماڵەکەیان پێکردووەو وایلیکردووە ئاگاداری منداڵە ئۆتیزمەکەی بێت، ئەو ژنە ئێزدییە لە دادگا بەناوی "ژنی سێکس" ناوی دەهێندرێت، توندوتیژی جەستەیی و سێکسی بەرامبەر کراوە، کە حەسنا بەشداربووە لەو توندوتیژییەدا، لە کۆتاییدا کە داعش وردە وردە دەسەڵاتی کەم دەبێتەوە، حەسنا چووەتە عێراق و لەوێش ژنێکی ئێزدی تری کۆیلە کردووە، هەرچەندە لە سزادانەکەیدا ئەو تاوانەی بەسەردا نەسەپێندرا.

 

"بە چوار تۆمەت بە ١٠ ساڵ زیندانی سزا دراوەو حەسنا تانەی لە بڕیارەکە داوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش نەمانی دەسەڵاتی داعش، حەسنا لە کامپی هۆل دانیشتووە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ کۆمەڵێک داعشی هۆڵەندی تردا گەڕێندراونەتەوە بۆ هۆڵەندا، حەسنا یەکەم داعشە لە وڵاتەکەدا کە دادگایی کراوەو سزای بەسەردا سەپێندراوە، بۆ چوار تۆمەت بڕیاری دەستگیرکردنی دراوە، تاوانی یەکەم بەشداری کردنە لە گروپی داعش، تاوانی دووەم بە کۆیلە کردنی ژنێکی ئێزدییە، تاوانی سێیەم هاوکاریی کردنی چەکدارانی داعش بووە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان، تاوانی چوارەم خستنە ناو مەترسی منداڵە چوار ساڵانەکەی بووە، کە لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ سووریا کە ناوچەیەکی جەنگ بووە، بۆ ئەم چوار تۆمەتە بڕێاری دەستگیر کردنی دراوە بۆ ماوەی چوار ساڵ، دوای دەرکردنی بڕیارەکە، حەسنا تانەی لە بڕیارەکە داوە، لە ٩ تا ١٢ی ئەم مانگە شوبات، دانێشتنی دادگا بۆ گوێگرتن لە حەسناو پێداچوونەوەی کەیسەکەی بەڕێوەچوو.

 

"گوێگرتن لە ناڕاستییەکان بۆ ئێمەو ئێزدییەکان سەخت بوو"

ڕاز حەسەن وتی: لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگا ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک کچ و کوڕی ئیزدی کە زۆربەیان ڕزگاربووی دەستی داعشن بەشداربووین، حەسنا لە ڕۆژی یەکەم ڕۆژی دانیشتنکەدا، لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی تا ٥:٣٠ ئیوارە پرسیاری زۆر لێکرا لەلایەن دادگاوە، گوێی لێگیرا کە بزانن بۆچی پێویستە ئەو سزایە کەم بکرێتەوە، ئەوەی سەخت بوو هەم بۆ ئێمە هەم بۆ ئێزدییەکان کە لەوێ بوون، گوێگرتن لەو هەموو ناڕاستییە بوو کە حەسنا لە وەڵامی پرسیارەکاندا بەکاری دەهێنا، بۆ نموونە دادگا پرسیاری دەکرد چی وایلێکردووە بڕواتە ناو داعش، دەیوت لەبەر ژیانێکی باشتر بۆ کوڕە چوار ساڵانەکەی، بۆ ئێزدییەکان گوێگرتن کەم ناڕاستیانە بەدرێژایی ڕۆژی دادگایی کردن زۆر قورس بوو.

 

"ئێزدییەکان ناڕەزاییان بۆ دادوەرەکان دەربڕی کە ١٠ ساڵ سزای داعشێک لە ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش بەشێکە لە ئاڵۆزییەکانی سیستمی دیموکراسی کە زۆربەی کات تا بەڵگەت نەبێت ناتوانی کەسەکە بە ناڕاست دەربخەی، بەڵام دوای ئەوە ئەوەی جێی سەرنج بوو دووان لە دادوەرەکان هاتنە سەرەوە بۆلای ئامادەبووان، بە تایبەت لەگەڵ ئێزدییەکان قسەیان کرد، وێڕای سوپاسی دادگای ئەمستردام و هۆلەندا، نارەزایی خۆشیان دەربڕی کە ١٠ ساڵ سزای زیندانی بەهیچ جۆرێک لە ئازارەکانی کۆمەلگەی ئێزدی کەم ناکاتەوە، دادوەرەکان خۆشیان ئاماژەیان بەوەکرد کە وەڵامەکانی حەسنا بۆ دادگا جیاوازەو ناراستی هەیە، وەک دادوەر سەرنجی خۆیان لەناو راپۆرتەکاندا دەنووسن، بەڵام پێویستیان بە بەڵگە دەبێت بۆ ئەوەی ناڕاستییەکان بسەلمێنن، ئێمەو ئێزدییەکانیش چاوەڕێین لە ٢٥ی ئادار، بڕیاری دادگا بدرێت و بزانین بڕیارەکە چی دەبێت، هەروەها بۆ دەربڕینی ناڕەزایی کۆمەلگەی ئێزدی لە ئەمستردام لەبەردەم دادگا کۆبوونەوەو وتیان سزادانەکە کەمە لەبەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی کە ئەنجام دراوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕاز حەسەن وتی: ئەو داعشە "حەسنا" سێ منداڵی لە چەکدارانی داعش بووەو ئێستا چوار منداڵەکەی لە لای لایەنی سێیەمەوە بەخێودەکرێن، بەڵام دەرفەتی ئەوەی پێدراوە کە هەفتەی جارێک منداڵەکانی ببینێت.

"ژنانی ئێزدی تا ئێستاش لە باروودۆخی ناتەندروستی دەروونیدان و دەترسن"

حەلو باپیر، ژنێکی ئیزدی خەڵکی گوندی حەردان لە شنگال و ئامادەی دانیشتنی دادگایی کردنی داعشە هۆڵەندییەکە وتی: ژنانی ئێزدی کە کەوتنە دەستی داعش، سێ بۆ چوار ساڵ هیچ تاوانێک نەما کە بەرامبەریان نەکرێت، لەبەر ئەوە ژنانی ئێزدی تا ئێستاش بریندارن و لە بارودۆخی ناتەندروستی دەروونیدان، پشتگیری و چاودێری ئەو ژنانە وەک پێویست نییە، لەکاتێکدا دەبوو شوێنێکیان بۆ دابینبکرایە کە نەترسن و بژین و کار بکەن، ئەوەی هەیە پێویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە، هەندێک هاوڕێ و خزمی من لەوێ هەن دەترسن دەڵێن داعش دووبارە هاتۆتە سنووری عێراق.

 

"ئێزدییەکان لە قەفەزدا سووتێندران، تاوانباران بە دادپەروەری سزا نادرێن"

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: لە دادگایی کردنەکەی داعشە هۆڵەندییکە لەگەڵ کچێکی هاوڕێمدا بەشداربووین، کە خۆی کەوتوبووە دەستی داعش و سێ ساڵ، حەسنا وەک داعش لەوێ دەستدرێژی کردبووە سەر ژنانی ئێزدی، هەموو تاوانەکانی کە کردبوونی ئاشکران و هەموو کەس دەزانێت، بەڵام لە دادگا نکۆڵی لە تاوانەکانی دەکرد، ئەو کە ئەندامی داعش بووبێت و سێ منداڵی لە داعش بووبێت، کەواتە تاوانی ئەنجام داوە، ١٠ ساڵ زیندانی لە بەرامبەر ئەو هەموو تاوانە کەی سزایە، ئێمە داوای لەسێدارەدان ناکەین، داوای دادگایی و سزادانێکی دادپەروەرانە دەکەین، بۆ ئەو مرۆڤانەی تاوان دەکەن بە دادپەروەردی سزا بدرێن، زیندانی کردنی تاهەتایی مافی ئەوانە، لە عێراقیش دادپەروەری نییە، کاتێک ئێزدییەکان گیران خرانە ناو قەفەزەوەو سووتێندران، هیچ نەما بەسەر ئێزدییەکاندا نەهێندرێت، ژنی ئێزدی ناچارکرا گۆشتی منداڵی خۆی بخوات، کاتێک داعش لە عێراق دەستگیردەکرێت و دادگایی دەکرێت دەبێت لەسێدارە بدرێن.