ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان... لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانەوە تا داڕشتنی دەستوورێکی نوێ

لە ڕێگەی دامەزراندنی پەروەردە بە زمانی دایک و پێشەنگایەتیکردنی ناوەندە تەندروستییەکان بە ڕۆحێکی پیشەیی و مرۆیی، ئەزموونی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک نموونەیەکی کردەیی دەردەکەوێت کە پشتڕاستی دەکاتەوە، بەشداری ژنان لە بڕیارداندا داواکارییەکی سیمبولی نییە.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ-بەشداری ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە پەروەردە و تەندروستیدا، ئیتر تەنها بەڕێوبەری نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ نموونەیەکی پراکتیکی دەسەڵاتی بەشدارانە، کە ڕەنگدانەوەی توانای ژنانە بۆ پێشەنگایەتیکردنی دامەزراوەکان و دامەزراندنی بناغەکانی دەوڵەتێکی دیموکراتیکی کە مسۆگەری بەشداریکردنی ڕاستەقینەیان دەکات لە بڕیاردان.

 

لەناو ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە ڕۆژئاوای کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بە چاوی خۆیەوە بینیوە، ژنان نەک هەر هاوبەشی تەڤگەری کۆمەڵایەتی بوون بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتی بوون لە بونیادنانەوەی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بناغە نوێیەکانی بەشداریکردن، دادپەروەری و یەکسانی.

 

لە دڵی شۆڕشێکەوە کە چەمکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی داڕشتەوە، بوونی ژنان لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا وەک بەرجەستەکردنی کردەیی بیرۆکەی دەسەڵاتی بەشدارانە سەریهەڵداوە، نەک وەک دروشمێکی تیۆری، وەک پراکتیکێکی پتەوی ڕۆژانەی لەسەر زەمینە، لە ڕێگەی ئەزموونی پێشەنگایەتی ژنان لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا، هێڵکارییەکانی نموونەیەکی دەستوری ڕاستی ئەمڕۆ لە قاڵب دەگرن، ئەم نموونە داوای چەسپاندنی مافەکانی ژنان دەکات و مسۆگەری بەشداریکردنیان دەکات لە بڕیاردان لە چوارچێوەی هەر داڕشتنێکی داهاتووی دەستووری سووریا، بە پشتبەستن بە ئەزموونی کۆبووەی لە ماوەی ١٥ ساڵ لە کاری دامەزراوەیی و مەیدانیدا.

 

”لە پاراستنی زمانەوە بۆ دروستکردنی هۆشیاری”

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆڵی ژنان لە چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر درێژ بووەوە و پاراستنی شوناسی کولتووری و پاراستنی زمانی دایکی لەخۆگرتبوو، ناوچەکە شایەتی شۆڕشێکی زمانەوانی بوو کە هاوڕێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بوو، لە هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو پرۆگرامی خوێندنگە و مسۆگەرکردنی مافی فێربوونی منداڵان بە زمانی دایکی دوای دەیان ساڵ لە دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دەرکەوت.

 

حەسینە عەلی، ئەندامی دەستەی پەروەردە لە قامیشلۆ ڕایگەیاند، کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە چەسپاندنی ئەم گۆڕانکارییە هەبووە، مامۆستایانی ژن سەرەڕای ئاستەنگەکان بەرپرسیارێتی درێژەدان بە خوێندن بە زمانی دایکی لە ئەستۆیان گرت، ژنان خۆیان لە وانەوتنەوەدا سنووردار نەکردووە بەڵکو بەشدارییان لە پەرەپێدانی بابەت و خول و دامەزراندنی سەنتەری زماندا کردووە، ئەمەش بەشداری کردووە لە بونیادنانی نەوەیەکی ئاگادار لە ناسنامەی کولتووری و میراسی مێژوویی.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەزموونی هاوسەرۆکایەتی ڕۆڵێکی ڕاستەقینەی بە ژنان بەخشی لە بڕیاردانی پەروەردەیی، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیاسەتی پەروەردەیی و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن لەناو دامەزراوەکاندا هەبوو، هەروەها بوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان تەنها سیمبولی نییە، بەڵکو توخمێکی چالاکە لە پەرەپێدانی پرۆسەی پەروەردەیی و دەستەبەرکردنی بەردەوامییەکەی.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە پەراوێزخستنی ژنان لە کەرتی پەروەردەدا بە واتای دوورخستنەوەی نیوەی کۆمەڵگە لە ڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی هۆشیاری نەوەکانی داهاتوو، هەر دەستورێکی نوێی سووریا دەبێت دان بە مافەکانی ژناندا بنێت و ئەو بابەتەی کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی دەوترێتەوە وەک ئەزموونێکی پەروەردەیی دامەزراو کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان بەدەوریدا بڕوات، چەسپێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لەڕێگەی کارە بەردەوامەکانیان لە خوێندنگەکان و ناوەندەکانی پەروەردە، نەک تەنها هەوڵی گەیاندنی زانستیان داوە بەڵکو بەهاکانی دیموکراتیک و یەکسانی لە مێشکی خوێندکاراندا دەچێنن. هەروەها ژنان هاوبەشی سەرەکی بوون و هەرواش دەمێننەوە لە داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوەیی و یەکسان.

 

ڕوونیشیکردەوە، بوونی ژنان لە بواری پەروەردەدا ڕەهەندێکی مرۆیی و بەرزبوونەوەی هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو زیادکردووە، بەشداری کردووە لە پێکهاتنی کەسایەتی سەربەخۆ کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەشداری چالاکانەی کۆمەڵگەیان هەیە، هەروەها بەشداری ژنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوە چەمکەکانی هاوڵاتیبوونی یەکسان لە مێشکی خوێندکاراندا چەسپاندووە و بەشدارییان کردووە لە دامەزراندنی بناغەیەکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگتر.

 

حەسینە عەلی لە کۆتای قسەکانیدا، دووپاتی کردەوە، کە هەر پڕۆژەیەک بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی سەردەمی و دیموکراتیک، بەبێ داننان بە ڕۆڵی ژنان لە پەروەردە و داڕشتنی هۆشیاریدا، ناکرێت تەواو بێت، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ژنان لەم بوارەدا بە مسۆگەرییەکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامیی ڕێبازی دادپەروەری و یەکسانی و بۆ چەسپاندنی بناغەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کە لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا زانی.

 

”بەڕێوەبردنی ژنان لە تەندروستیدا”

لە کەرتی تەندروستیدا، ئەزموونی بەڕێوەبردنی ژنان وەک نموونەیەکی سەرەکی لە توانای ژنان بۆ تێکەڵکردنی لێهاتوویی پیشەیی لەگەڵ ڕێبازێکی مرۆڤدۆستانە لە کاری دامەزراوەییدا سەریهەڵداوە.

 

مەیسا مەتەر، بەڕێوبەری ناوەندی شۆردنی خوێن لە قامیشلۆ دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنان سەرکەوتنی ڕوونیان لە بەڕێوەبردنی بنکە تەندروستییەکان نیشانداوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی کە پێویستیان بە هەستیارییەکی بەرز و کارلێکی ڕاستەوخۆ و مرۆڤانە لەگەڵ نەخۆشەکان هەیە، بوونی ژنان لە بەڕێوەبردنی سەنتەرەکاندا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پاکوخاوێنی و ڕێکخستن و کۆردیناسیۆنی نێوان کارمەندانی پزیشکی و نەخۆشەکان هەبووە، وتی: نەخۆشەکان هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکەن لە ژینگەیەکدا کە بە ڕۆحێک بەڕێوەدەبرێت و پتەویی و بەزەیی تێکەڵ دەکات.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کۆمەڵگە لە ناوچەکەدا ڕەتی نەکردووەتەوە کە ژنان پۆستی بەڕێوەبەرایەتی وەربگرن، بە پێچەوانەوە، ئەزموونەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێ کراوە و هاندراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی وردە وردە لە تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە بۆ ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان، ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی هەندێک لە ژنان بووەتەوە، ڕێگرییان لێنەکردووە لە سەلماندنی لێهاتوویی خۆیان، بەڵکو وەک هاندەرێکی زیادە بۆ نیشاندانی کارایی و بەدەستهێنانی سەرکەوتن کاری کردووە.

 

ڕوونیکردەوە، بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەشداربووی ڕاستەقینە بەدی نایەت، مەگەر ئامادەبوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان کارا و کاریگەر نەبێت، نەک تەنها سیمبولی، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە داڕشتنی سیاسەت و پلاندانان و بڕیاردانی چارەنووسسازدا، هەروەها بەشداریکردنی ژنان لە بەڕێوەبردندا ڕوونی کاری دامەزراوەیی بەرز دەکاتەوە و بنەمای دابەشکردنی هاوسەنگی بەرپرسیارێتیەکان بەهێز دەکات، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کوالیتی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی کۆمەڵگە هەیە.

 

جەختی لەوەکردەوە، کە ئەزموونی چاودێری تەندروستی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی ئەنجامە بەرجەستەکراوەکانەوە لەسەر زەوی سەلماندوویەتی کە ژنان توانای پێشەنگی دامەزراوەکانیان هەیە بە کارایی بەرز و پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردن و داڕشتنی چارەسەر بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی کەرتی پزیشکی دەبنەوە، بەڕێوەبردنی ژنان توانایەکی ڕوونی نیشانداوە بۆ تێکەڵکردنی پتەویی بەڕێوبەری لەگەڵ ڕێبازێکی مرۆیی، کە توخمێکی بنەڕەتییە لە کەرتێکدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان و کەرامەتی خەڵکەوە.

 

مەیسە مەتەر لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی لە کەرتی تەندروستیدا بەدەست هاتووە بەڵگەیەکی کردەییە کە ژنان نەک تەنها هاوبەشی پاڵپشتکارن، بەڵکو هێزێکی پێشەنگن کە توانای داهێنان و گەشەپێدانیان هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا، هەروەها چەسپاندنی ئەم ڕۆڵە و دەستەبەرکردنی بەردەوامییەکەی هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە ڕێگای بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشی یەکسان لە نێوان هەموو ئەندامەکانیدا.