خستنەڕووی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریا... هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەرو دیموکراتیک
ئیبتیسام حسێن، دەڵێت: داهاتووی سووریا ناتوانێت دادپەروەرانە یان دیموکراتیک بێت، مەگەر مافەکانی ژنان بە ڕوونی و ئاشکرا لە دەستووردا جێگیر نەکرێن و کاتی ئەوە هاتووە کە بوونی خۆیان وەک هاوبەشی ڕاستەقینە لە بڕیارداندا جێگیر بکەن.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- پرسی مافەکانی ژنان لە پێشەنگی گفتوگۆکانی دەوروبەری داڕشتنی دەستووری نوێی سووریادایە، بەو پێیەی بە پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراتیک دادەنرێت، دوای دەیان ساڵ لە پەراوێزخستن و دوورخستنەوە لە پۆستەکانی بڕیاردان، لەوانەش مافەکانی ژنان لە دەستووردا بووەتە هەنگاوێکی پێویست بۆ مسۆگەریکردنی بەشداری چالاکانەیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی سووریا و شێوازی سیستەمی سیاسی سووریا، پرسی مافەکانی ژنان وەک یەکێک لە دۆسیە دیارەکان لە پرۆسەی داڕشتنی دەستووری نوێدا سەرهەڵدەدات، وەرگرتنی مافەکانی ژنان چیتر تەنها داواکارییەکی یاسایی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەک بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و دەرفەتی یەکسان.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیبتیسام حسێن، لە شاری قامیشلۆ دووپاتی دەکاتەوە، کە ساتەوەختی ئێستا نوێنەرایەتی دەرفەتێکی مێژوویی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆڵی ژنانی سووریا و چەسپاندنی بەشدارییان لە بڕیاردان.
”ترس لە بەهێزکردنی ژنان”
ئیبتیسام حسێن ڕوونیشیکردەوە، ترسە سیاسییەکانی دەوروبەری بەهێزکردنی ژنان، ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێیەکن سەبارەت بە پەرەسەندنی هۆشیاریی ژنان و توانای کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان، هەروەها ناڕەزایەتی هەندێک هێز لە خستنەڕووی مافەکانی ژنان لە دەستووردا لە ترسێکی ڕاستەقینە سەرچاوە دەگرێت لەو گۆڕانکاریانەی کە بەشداری ژنان لە ژیانی گشتیدا ڕەنگە بیهێنێتە ئاراوە، بەتایبەتی کاتێک ژنان درک بە ماف و تواناکانی خۆیان دەکەن و بتوانن بەسەر ئەو کۆت و بەندانەدا زاڵ بن کە سیستمە تنەریتییەکان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا سەپاندویانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانی ژنان تەنها بڕگەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە کە دەرگا بەڕووی بەشداریکردنی کاریگەرانەی ژنان لە سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵگەدا دەکاتەوە، ئەم بەشدارییە ئەگەر بەدی بهێنرێت، یارمەتیدەر دەبێت لە دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی نەریتی کە ساڵانێکی زۆرە پیاوان زاڵن بەسەریدا، ئەمەش نیگەرانی لای هەندێک لە هێزە سیاسییەکان دروست دەکات کە درک بەوە دەکەن چەسپاندنی مافەکانی ژنان ئامرازی یاسایی و سیاسییان پێدەبەخشێت کە بتوانن بگەنە پێگەی کاریگەری و بڕیاردان.
”ژنان هاوبەشی سەرەکین لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا”
ئیبتیسام حسێن وتی: ژنان بە هۆشیاری و ئیرادەی خۆیان، توانای بەشداریکردنیان هەیە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوسەنگی، هەر باسێک لە ئازادی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵگەدا بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، مەگەر ژنان هاوبەشی بناغەی نەبن لە پرۆسەی بونیادنانەوە و گۆڕانکاریدا، چونکە دوورخستنەوەیان بە واتای وەدەرنانی نیوەی کۆمەڵگە و للسستکردنی توانای گەشەسەندنی.
پێی وایە کۆمەڵگەی ئازاد لە خێزانێکی دیموکراتیکیەوە دەست پێدەکات کە دان بە ڕۆڵی ژناندا بنێت و ڕێز لە مافەکانیان بگرێت، کاتێک جێگای مافی خۆی بە ژنان دەدرێت، لە هەموو کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە.
”پەراوێزخستنی مێژوویی... میراسێکی سەخت کە بەردەوامە لە سەپاندنی خۆی”
ئیبتیسام حسێن ئاماژەی بەوەدا، ئەو پەراوێزخستنەی ژنان بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی بووەتەوە، ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی کۆبوونەوەی درێژخایەنی سیاسەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بووە کە ڕۆڵی ژنانی لە کایەیەکی تەسکدا قەتیس کردووە، کە سنووردارە بە لەدایکبوون و کاری ناوماڵەوە، لە هەمان کاتدا بە ئەنقەست لە پۆستەکانی کاریگەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوورخستوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە هێزەکان بەدرێژایی مێژوو کاریان کردووە بۆ ئەوەی ژنان بێ دەنگ و بێ ئامادەیی کاریگەر بمێننەوە، لە ترسی توانای کاریگەریکردنیان بۆ گۆڕانکاری، ئەوەی ئەمڕۆ هەندێ لایەن نیگەران دەکات، ئەگەری چەسپاندنی مافەکانی ژنانە لە دەقە دەستوورییەکاندا، کە ئەوەش پێگەی هاوبەشێکی ڕاستەقینەی به ژنان دەبەخشێت لە بەڕێوبردنی دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.
”دیالۆگە سستەکان بۆ دەرکردنی ژنان”
ئیبتیسام حسێن ڕوونیشیکردەوە، کە هەندێک هێز هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی بیانووی کۆمەڵایەتی یان ئایینی پاساو بۆ دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستە پێشەنگایەتییەکان بهێننەوە، وەک بانگەشەی ئەوەی کە ڕۆڵی ژن سنووردارە لە ماڵەوە یان شایستەی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکان نییە.
پێی وایە ئەم دیالۆگانە ئامانجیان ئەوەیە کە کایەی گشتی تایبەت بێت بە پیاوان و ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە ژنان بۆ پۆستە کاریگەرەکان، هەروەها بڕیارەکان لەناو زۆرێک لە دامەزراوە سیاسییەکان هێشتا بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ژنان دەدرێن، بەو پێیەی زۆرجار بوونیان سنووردارە بە نوێنەرایەتیکردنی سیمبولی کە لە بەشداریکردنی ژمارەیەکی سنوورداریان تێناپەڕێت، لەکاتێکدا پرۆسەی بڕیاردانی ڕاستەقینە لە بازنەیەکی بچووکی پیاواندا قەتیس دەمێنێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستیە پێویستی بە بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە کە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە گرنگی بەشداریکردنیان، هەروەها یەکڕیزی ژنان هێزێک پێکدەهێنن کە توانای بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی پەراوێزخستن و وەدەرنانی هەیە.
”دەرفەتێکی مێژوویی کە نابێت لەدەست بدرێت”
ئیبتیسام حسێن لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە قۆناغی ئێستا نوێنەرایەتی دەرفەتێکی مێژوویی دەکات بۆ ئەوەی ژنان بەبێ سازش داوای مافەکانیان بکەن و چەسپاندنی مافەکانیان بکەن، هەروەها داوای لە ژنان کرد لە هەموو باکگراوندەکانەوە، کە هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و ڕاستەقینە لە دەستووری نوێی سووریا و لە هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان بە ئیرادە و هێزی خۆیانەوە توانای بەشداریکردنی کاریگەریان هەیە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیدا کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانیدا دامەزراوە، دەبێت ئەمڕۆ بەهێزی دەنگی ژنان ئامادە بێت بۆ ئەوەی پەراوێزخستنیان دووبارە نەبێتەوە.