"کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ئەوروپا" بەرەو ڕاگەیاندنێکی کاریگەرتر و یەکگرتووتر

بڕیارە بەم نزیکانە دامەزراندنی فەرمی "کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ئەوروپا" ڕابگەیەندرێت. ئامانجی کۆمەڵەکە بەرەوپێشبردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەهێزکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسە.

ئەفراح  شەوقی

 

پاريس ـ ڕاگەیاندنی کوردی لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵەنگاری ئێستادا شایەتی پێشهاتە بەرچاوەکانە، ئەمەش وایکردووە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە ئەوروپا گروپێکی نوێ دابمەزرێنن بۆ ڕێکخستنی کاری ڕۆژنامەوانی و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و هاوسەنگی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕاگەیاندنی مۆدێرن.

 

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنی کوردی لە سەردەمی مۆدێرندایە، زیاتر لە حەفتا ڕۆژنامەنووس لە وڵاتانی جۆربەجۆری ئەوروپی لە ١٩ی نیسان لە شاری ئاڵست لە بەلجیکا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕاستی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ئاسۆی داهاتووی. ئامانجی ئەم دیدارە ڕێکخستنی ڕاگەیاندنی کوردی لە ئەوروپا لە چوارچێوەیەکی یاسایی مۆدێرن و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی سەردەمی ڕاگەیاندنی ئێستا بوو.

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی میدیا لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە کرایەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی هاوسەنگبوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم، وەک میدیای ئەلیکترۆنی، هەروەها گرنگی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی کوردی بۆ ئەوەی زیاتر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگی نوێیان هەبێت لە گۆڕەپانی ڕاگەیاندن.

 

لەو چوارچێوەیەدا دامەزراندنی "ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ئەوروپا" ڕاگەیەندرا. بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکە لە برۆکسلە و ئامانجی ڕێکخستنی ڕۆژنامەنووسانی کوردە کە لە ئەوروپا کاردەکەن، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ڕاگەیاندن پەرەپێبدات. ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات ئەکادیمیای ڕاگەیاندن بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی شارەزایی و ئەزموونی ڕاگەیاندنی کوردی بە شێوەی ئۆنلاین دابمەزرێنێت.

 

گردبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژنامەنووسان و بەرەوپێشبردنی ئازادییەکان

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووسی کورد دانیشتووی فەڕەنسا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە ،وتی: ئەم کۆبوونەوەیە یەکەم کۆبوونەوەیە لە جۆری خۆیدا، لە وەڵامی پێویستییەکی بەپەلەدا هاتووە. بە سەدان ڕۆژنامەنووسی کورد بە ژن و پیاو، بۆ ڕزگاربوون لە هەراسانکردن و هەڕەشەکان، ناچار بوون کوردستان بەجێبهێڵن، ڕوو لە ئەوروپا بکەن. بەشێکی زۆریان توانیان بۆ ڕێکخراوە دیارەکانی کورد لە ئەوروپا کار بکەن و بەشێکی دیکەشیان ڕوویان لە ڕێکخراوە ڕاگەیاندنە ئەوروپییەکان کرد. جگە لەوەش ڕۆژنامەنووسانی نوێ پێویستیان بە پاڵپشتی و هاوکاری هەیە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە بواری ڕاگەیاندن، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کارانەی کە لەدەستیان داوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسە نوێیەکان، بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، کە تووشی هەراسانکردن و هەڕەشەی گەورەتر بوون، دوای گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورەتر دەبنەوە، چونکە پێویستیان بە پاڵپشتی و هەل هەیە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن لە چوارچێوەی ژینگە نوێیەکەی ژیانیاندا درێژە بە کارە ڕاگەیاندنەکانیان بدەن، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی ژن. ئاماژەی بەوەش دا، گروپەکە گرنگی بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەدات، بەوپێیەی تا ئێستاش زۆرێکیان لە زیندانەکانی کوردستان، تورکیا، سووریا، ئێران ڕاگیراون، جگە لەو ژمارە زۆرەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا گیانیان لەدەستدا و بەرزبوونەتەوە بۆ ئاستی شەهیدبوون.

 

بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنە ڕۆژنامەنووسان

نیاز عەبدوڵا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی گروپەکە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و یەکگرتوو لە نێوان هەموو ڕۆژنامەنووسانی کورد لە دەرەوەی وڵات. بانگەشە بۆ مافە پیشەیی و ڕۆژنامەوانییەکانیان لە چوارچێوەی ئەوروپا و کوردستانی گەورەدا دەکات. سەرەڕای ئەوەش، هەوڵدەدات پشتگیری لەو ڕۆژنامەنووسانە بکات کە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

 

ئاماژەی بەوەدا کە ژنە ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردیدا، نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاو لە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و ڕووماڵی ڕاگەیاندن دەکەن. بەڵام ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە کە لە ئەنجامی جیاکاری لە نێوان خۆیان و ڕۆژنامەنووسانی پیاودا دروست دەبن. ئەوان پارێزگاری یان پشتیوانی پێویستیان نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی پێشەنگایەتی لەم دامەزراوانەدا، هێشتا بیروبۆچوونی پیاو زاڵە بەسەر دیمەنی ڕاگەیاندن و زۆرێک لە بەهرە و تواناکانی مێینە لە بەڕێوەبردندا پەراوێز دەخات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندن لە کوردستان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام دوای پچڕانی پاڵپشتی دارایی، پەراوێز خران. "فشاری سیاسی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، جگە لە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و فشاری خێزانی و ئاڵەنگاری دارایی، زۆرێکیان لە گۆڕەپانی پێشەنگایەتی ڕاگەیاندن دوورخستەوە".

 

دووپاتیشی کردەوە کە پەراوێزخستنی ژنان بۆتە ڕاستیەکی بەرجەستە لە دیمەنی ڕاگەیاندنی ئەمڕۆدا لە کوردستان، بەجۆرێک ڕۆڵی سنووردار بە ڕۆژنامەنووسانی ژن لە بەرنامەکانی سەرگەرمی و هونەریدا پێدەدرێت، بەبێ ئەوەی هەلی پێشەنگایەتی یان ڕۆڵی کاریگەر لە بەڕێوەبردنی بەرنامە سیاسییەکاندا بگرنە ئەستۆ.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ڕۆژنامەنووسانی ژن کە پێشەنگایەتی بەرنامە سیاسییە سەربەخۆکان دەکەن، هێشتا دەگمەنە، چونکە ئەم بوارە نزیکەی تەنها پیاوان زاڵن.

 

خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ژمارە زۆرەی ڕۆژنامەنووسانی ژن و پیاو کە ئەمڕۆ لە دامەزراوە و لە تۆڕە ڕاگەیاندنە بەناوبانگەکاندا کاردەکەن، کە تێیدا دەستکەوتی بەرچاویان و خەڵاتیان بەدەستهێناوە، ڕۆڵەکانیان کردووەتە جێگەی سەرنجی بەرفراوان بەهۆی توانا ناوازەکانیان لە بواری ڕاگەیاندندا، کۆمەڵەکە هەوڵدەدات پشتگیری ئەو ڕۆڵانە بکات، ئامادەبوونیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرزبکاتەوە، بە ئامانجی پەرەپێدانی کاری ڕاگەیاندنی هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی زیرەکی دەستکرد، هاندانی پیشەییەکانی ڕاگەیاندن بۆ هاوسەنگی لەگەڵ ئەم پێشهاتانە و وردترکردنی لێهاتووییەکانیان بۆ ئەوەی هاوسەنگ بن لەگەڵ سەردەمدا.

 

ئەکادیمیای ڕاگەیاندن و ناوەندیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆژنامەگەریی کوردی

لە نێو ئەو دەستپێشخەرییانەی کە گروپە نوێیەکە پەیڕەوی لێدەکەن، پێشنیارێک هەیە بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای ڕاگەیاندن لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تایبەت بە گەیاندنی ئەزموونە کوردییەکان، گۆڕینی بۆ بەڵگەنامەی نووسراو، بۆ پاراستن و دڵنیابوون لە بەردەوامییان. هەروەها ئامانجی پڕۆژەکە زاڵبوونە بەسەر دووبارەبوونەوەدا، گرنگیدان بە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بنیاتنانی کۆمەڵایەتیدا و هێنانەدی گۆڕانکاری هزری ئەرێنی.

 

جگە لەوەش گروپەکە گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان دەدات، هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ دامەزراندنی یەکێتییەکی نیشتمانیە کە هەموو ڕۆژنامەنووسانی کورد لەخۆ بگرێت، بەرزکردنەوەی هاوکاری و یەکخستنی هەوڵەکان لە پشتیوانیکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و پەرەپێدانی کاری ڕاگەیاندنی کوردی لەسەر ئاستی جیهانی.

 

شایانی باسە کە چاپەمەنی کوردی ڕۆڵێکی سەرەکی لە خەباتی کورد لە پێناو ئازادیدا گێڕاوە، دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە. بە بڵاوبوونەوەی دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی و ئاژانس و ڕادیۆیی کوردی، سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار لە سەرانسەری جیهاندا، کورد ئامادەیییەکی ڕوونی لە دیمەنی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتیدا بەدەستهێناوە.

 

بڕیارە بەم نزیکانە کۆنگرەیەکی گەورە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت. کۆنگرەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکەوە ڕێکدەخرێت کە لە ١١ ڕۆژنامەنووس پێکهاتوون، ٥یان ژن و ٦ پیاون. ئەندامێتی کراوە دەبێت بۆ ڕۆژنامەنووسانی وڵاتانی جۆربەجۆری ئەوروپا، هاوکاری و پەیوەندی نێوان پیشەگەرانی ڕاگەیاندنی کوردی لە دەرەوەی وڵات بەرز دەکاتەوە، پاڵپشتی هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری و بەرگریکردن لە مافەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێت.