ڕێکخراوی ستێرک؛ هێڵێکی پاراستنی مرۆیی بۆ پاراستنی منداڵ لە کاتی ململانێدا

دەستپێشخەرییەکانی ژنان قەڵایەکی مرۆیی پێکدەهێنن، هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی ئەو شتانەی کە لە منداڵیدا دەمێننەوە و شەڕیان لەسەرە، ئەم دەستپێشخەرییانە چیتر تەنها لە فریاگوزاری یان یارمەتی کاتیدا سنووردار نین، پەرەیان سەندووە بۆ هەوڵی درێژخایەن.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ-لە نێوان پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی ململانێ چەکدارییەکان و ئەو بارگرانییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە قووڵانەی کە لەسەر منداڵاندا بەجێیدەهێڵن، دەستپێشخەرییەکانی ژنان هەنگاو دەنێنە پێشەوە بۆ پێکهێنانی هێڵی یەکەمی بەرگری مرۆیی لە بەرامبەر کاردانەوەکانی شەڕ لەسەر منداڵی، ڕۆڵی ئەم دەستپێشخەرییانە چیتر تەنها لە دابینکردنی یارمەتییە فریاگوزارییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو فراوانتر بووە بۆ گەڕاندنەوەی باشی دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵان و بونیادنانی ژینگەیەکی پەروەردەیی کە یارمەتیان دەدات ژیانێکی ئاسایی بەدەستبهێننەوە.

 

لەم ڕوانگەیەوە ڕێکخراوی ستێرک لە قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی بەرنامەی تایبەتمەندەوە بە ڕابەرایەتی ژنان کاردەکات کە هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان و چاودێریکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن، لە هەمان کاتدا پاڵپشتییەکی بەردەوامی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات.

 

”بەرنامە و چالاکییەکانی هۆشیاری”

سەباح فازل، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ستێرک دووپاتیکردەوە، کە کارەکانی ڕێکخراوەکە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی منداڵان و چاودێریکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان،چئەمەش بریتییە لە دەرکردنی ڕایگەیاندنی شەرمەزارکەر و بانگەوازکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە زیانگەیاندن بە منداڵان، ئەمە جگە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی هۆشیاری و چالاکییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕ و داکۆکیکردن لە باشترکردنی بارودۆخی پەروەردەیی و ژیان بۆ منداڵان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستێوەردانیان کاتێک منداڵێک دەگاتە ئەوێ کە بەدەست ترسێکی توند یان زەبر و زەنگەوە دەناڵێنێت لە ئەنجامی شەڕەکەدا لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتییە کە هەستکردن بە ئاسایش دەگەڕێنێتەوە پێش هەر کارێکی تر، منداڵەکە لە ژینگەیەکی ئارام و پارێزراودا پێشوازی لێدەکرێت و بە میهرەبانییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەبێ ئەوەی ناچار بکرێت قسە بکات، چونکە یەکەم هەنگاو لە چاکبوونەوەدا ئەوەیە هەست بکات کە لە مەترسی دەرچووە.

 

ڕوونیکردەوە کە دواتر پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەدا دەکەن بۆ ئەوەی تێبگەن کە منداڵەکە چی ئەزموونی کردووە و پلانێکی پشتیوانی گونجاو دابڕێژن، ئەم پلانە بریتییە لە بەشداریکردنی منداڵ لە چالاکییەکانی کەمکردنەوەی فشار وەک وێنەکێشان، یاریکردن و چالاکییە گروپییەکان کە ڕێگەیان پێدەدات بە پارێزراوی خۆیان دەرببڕن، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکەن کە وردە وردە منداڵەکە تێکەڵ بە چالاکییە پەروەردەیی و کات بەسەربردنەکان دەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕۆتینێکی ڕۆژانە بۆ ژیانی بگەڕێننەوە، کە بە توخمێکی بناغەی چاکبوونەوە دادەنرێت.

 

”پێداویستی منداڵانی ئاوارە جیاوازە لەگەڵ منداڵانی نیشتەجێی وڵات”

ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکانیان تەنها لە دانیشتنە کورتخایەنەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بەدواداچوونی درێژخایەن کە هەم منداڵەکە و هەم خێزانەکەیان بەشدارن، ئەمەش لە تێگەیشتنیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاریگەرییەکانی زەبر و زەنگ بە خێرایی نامێنن، بۆیە بەدواداچوون بریتییە لە دانیشتنی ڕێکوپێک، چالاکییە بەردەوامەکان، ڕێنماییکردن بۆ دایک و باوکان سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دڵەڕاوکێ و فشار، بە ئامانجی بونیادنانی خۆڕاگری منداڵ و خێزان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە سەختەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتگیریکردنی منداڵێک لە کاتی بۆردوومانکردن یان کۆچکردندا بەبێ بەهێزکردنی خێزانەکە تەواو نییە، چونکە دایک و باوک سەرچاوەی سەرەکی ئاسایشن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێکخراوەکە کاردەکات بۆ ڕاهێنانی دایکان و باوکان بۆ ئەوەی لەبەردەم منداڵەکانیاندا ئارام بمێننەوە و ڕەفتاری پشتیوانیان بگرنەبەر کە یارمەتیان دەدات بەسەر کاریگەرییەکانی توندوتیژیدا زاڵبن بە کەمترین زیان، هەروەها سەختترین حاڵەتەکان ئەو حاڵەتانەن کە منداڵێک شاهیدی کردەوەی توندوتیژی ڕاستەوخۆ دەبێت، وەک لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانەکەی یان ڕزگاربوون لە تەقینەوەیەکی وێرانکەر، ئەم ئەزموونانە پەڵەی دەروونی قووڵ بەجێدەهێڵن کە پێویستی بە دەستێوەردانی تایبەتمەند و ماوەیەکی زۆر هەیە، هەر دەستێوەردانێک، هەرچەندە بچووک بێت، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ژیانی منداڵێکدا دروست بکات کە لە بارودۆخی ناوازەدا دەژی.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە پێداویستی منداڵانی کۆچبەر جیاوازە لە پێداویستی منداڵانی نیشتەجێ، منداڵانی کۆچبەر ماڵ و هاوڕێ و خوێندنگە و هەستی ئاسایشیان لەدەست دەدەن، لە کاتێکدا منداڵانی نیشتەجێ سەرەڕای ترسەکە هەندێک توخم لە سەقامگیری دەپارێزن، بۆیە وەڵامدانەوەکە بەپێی بارودۆخی تاکەکەسی هەر منداڵێکە، چونکە تێگەیشتن لە بارودۆخیان بۆ دەستێوەردانی کاریگەر، گەڕاندنەوەی منداڵی بۆ منداڵان پەیوەستە بە بەرنامە دەروونی و کۆمەڵایەتییە یەکگرتووەکانەوە، وەک وێنەکێشان، ڕەنگکردن، یاری چارەسەری و چالاکییە هاوبەشەکان. ئامانج تەننها کات بەسەربردن نییە، بەڵکو دووبارە بونیادنانەوەی متمانەیە، بەهێزکردنی هەستی ئاسایش و گەڕاندنەوەی مافی منداڵە بۆ ئەزموونکردنی منداڵی سەرەڕای شەڕ.

 

لە کۆتای قسەکانیدا سەباح فازل جەختی لەوە کردەوە، کە پشتیوانی دەروونی بۆ منداڵان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی داهاتوویان، چونکە پشتگوێخستنی زەبر و زەنگ دەبێتە هۆی تێکچوونی درێژخایەن، داوای لە دایک و باوکان و دامەزراوەکان و کۆمەڵگەکرد کە کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر منداڵان بە کەم نەزانن، ڕەنگە دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراو وەک هەنگاوێکی سادە دەرکەوێت، بەڵام وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینەیە لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیرتردا، چونکە پاراستنی خۆشگوزەرانی دەروونی منداڵ ئەمڕۆ بە واتای پاراستنی داهاتووە.