هاوپشتی ژنان لە مەغریب نیگەرانییە نەتەوەییەکانی تێپەڕاندووە
هاوپشتی ژنان لە مەغریب نیگەرانییە نەتەوەییەکانی تێپەڕاندووە، درێژدەبێتەوە بۆ هەڵوێستی پشتیوانی ژنان کە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەژین و ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی دەبنەوەو هەزاران کیلۆمەتر دوورن، لە سووریا و عێراقەوە تا سودان و یەمەن و فەڵەستین.
حەنان حارت
مەغریب-کراوەیی هاودەنگی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بزووتنەوەی ژنانی مەغریب وەک پرسێکی گشتگیر سەیری مافەکانی ژنان دەکات، بەو پێیەی پشتیوانیکردنی ژنانی دوور لە جوگرافی ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی ڕەگداکوتاوی دادپەروەری و یەکسانییە.
کەواتە بۆچی ژنان لە مەغریب هاوسۆزی خۆیان نیشان دەدەن لەگەڵ ئەو ژنانەی کە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دەژین، لە چوارچێوەی شەڕ و ململانێدا کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵدا نییە؟
پرسیارەکە سادە دەردەکەوێ، بەڵام باسێکی بەرفراوانتر لەسەر سروشت و سنووری هاوپشتی ژنان دەکاتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا شێوازێکی گەشەسەندووی پشتیوانی یاسایی و سیمبولی بۆ ژنان لە سووریا، عێراق، سودان، یەمەن، فەڵەستین و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە لە مەغریب سەریهەڵداوە، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە تێگەیشتن لە خەباتی ژنان وەک پرسێکی فرانتەیشناڵ.
”هاوپشتی بەستراوەتەوە بە جوگرافیا”
عایشە لخماس، چالاکوانی مافی مرۆڤ، پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشوو، وەڵامەکە لە خودی سروشتی ئەزموونی ژنانی مەغریبدایە، وتی: هاودەنگی ژنان لەسەر بنەمای نزیکی جوگرافی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەزموونە هاوبەشەکانە.
وتیشی: ژنان چ لە مەغریب یان ناوچە جێناکۆکەکان، چەندین جۆری سستی و توندوتیژییان هەیە و سەرەڕای زەمینە جیاوازەکان، هاوسۆزی بۆ ئازارەکانی ئەوانی دیکە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، هەروەها خەباتی درێژخایەنی ژنانی مەغریبی دژی توندوتیژی و جیاکاری هۆشیارییەکی پێبەخشیون کە وایان لێدەکات بزانن ئەوەی ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا ئەزموونی دەکەن، پرسێکی دوور نییە، بەڵکو درێژکراوەی شەڕێکی ڕۆژانەیە بۆ کەرامەت و دادپەروەری.
ڕوونیدەکاتەوە، ئێمە لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ڕێگەی چەندین تۆڕەوە لە سەرانسەری جیهان کاردەکەین، لەنێویاندا تۆڕەکانی ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست، ئەم بەشدارییە نێودەوڵەتییە ڕەنگدانەوەی باوەڕێکە کە پرسەکانی ژنان بەیەکەوە گرێدراون و بەرگریکردن لە مافەکان ناتوانرێت لە سنوورە نیشتمانییەکاندا قەتیس بکرێت.
”ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت”
عایشە لخماس ئاماژە بەوە دەکات، کە هاودەنگی مەغریب تەنها لە ژناندا سنووردار نییە، بەڵکو هەموو ئەو گەلانە دەگرێتەوە کە لە ژێر داگیرکاری یان دیکتاتۆریەتدا دەژین، بەڵام گرنگیدان بە ژنان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە زۆرترین کاریگەری شەڕ و ململانێیان لەسەرە، هەروەها ئەوەی لە فەڵەستین، سودان یان سووریا ڕوودەدات، ناتوانرێت لە هاوکێشە سیاسییەکاندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو ڕاستیەکی ڕۆژانەیە کە ژنان ئاسایش و پاراستن و مافە سەرەتاییەکانی لەدەست دەدەن.
وتیشی: ئێمە لەڕێگەی ئاستە جیاوازەکانی هاودەنگی کاردەکەین، جا لەڕێگەی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەوە بێت یان لەڕێگەی پەیوەندی مەجازییەوە، کە بووەتە توانای کۆکردنەوەی بینەرێکی زۆر بە کەمترین هەوڵ، دەربڕینە سیمبولییەکانیش کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە، چونکە شێوازی ڕێکخستنی هەمەچەشن و پەرەسەندوو دروست دەکەن.
دووپاتی دەکاتەوە، کە یەکێتی چالاکی ژنان بەشداری لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان دەکات، کۆنگرە ئەنجام دەدات، لێدوانی هاوبەش دەردەکات، ئەمەش بەشدارە لە گۆڕینی ئەو وێنەیە کۆنەپەرستانەیەی کە ژنان بۆ ڕۆڵی زیانبەرکەوتوو بچووک دەکاتەوە، هەروەها هۆشیاری کۆمەڵگە بەرز دەکاتەوە لە گرنگی پاراستن و پشتیوانی.
”لە نێوان سیمبولی و پراکتیکیدا”
هاودەنگی تەنها هاوسۆزی سۆزداری نییە، بەڵکو کردەوەیەکی یاسایی و سیاسییە، وتی: پاراستن لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکان یان ململانێکانی نێوان دەوڵەتەکاندا لە پێشینەی کارەکانیدایە و ژنانی فەڵەستینی لە زیانبەرکەوتووە سەرەتاییەکانی ئەو شتەن کە بە جینۆساید پێماسەی دەکات، هاوپشتی لە ڕێگەی خۆپیشاندان و هێما کولتوورییەکان و چالاکی کۆمەڵایەتییەوە خۆی دەردەخات.
پێی وایە فشاری گشتی و هاودەنگی نێودەوڵەتی بەشدارن لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و پشتگیریکردنی دادپەروەری، بەتایبەتی کاتێک یاساکان بە تەنها بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی.
عایشە لخماس جەخت لەسەر بنەمایەکی بنەڕەتی دەکاتەوە: مافەکانی مرۆڤ دابەش ناکرێن. بە بۆچوونی ئەو، سەختە بەرگری لە مافەکانی ژنان بکرێت لە ئاستی ناوخۆییدا و لە هەمان کاتدا چاو لە پێشێلکارییە سەختەکانی شوێنەکانی دیکەدا دابخرێت، هەرەەها هاوپشتی لەگەڵ ژنانی دووردا ڕەنگدانەوەی هۆشیارییەکی ژنانی گشتگیرە کە هاوسۆزی هەڵبژێردراو ڕەتدەکاتەوە و پێی وایە کەرامەت گشتگیرە.
”ئاڵەنگاری و پابەندبوونی بەردەوام”
سەبارەت بەو ئاڵەنگاریانەی کە چالاکوانانی ژنانی مەغریب لەم هەوڵەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، دووپاتی دەکاتەوە، کە هیچ شتێک ڕێگرییان لێناکات هاودەنگی لەگەڵ ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی ململانێدا نیشان بدەن، دان بەوەدا دەنێت کە پشتیوانی ڕاستەوخۆ هەندێک جار دەتوانێت سەخت بێت، بەڵام کارکردن لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی ژنانەوە، وەک هەوڵێکی بەردەوام دەمێنێتەوە.
هەروەها ئەم پابەندبوونە بە چوارچێوەی ناوخۆییەوە دەبەستێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کە زیاتر لە ٥٠٪ی ژنان لە مەغریب تووشی جۆرێک لە توندوتیژی دەبنەوە، ئەمەش پێویستی بە بەهێزکردنی یاساکان و پشتگیریکردنی سیستەمی دادوەری و بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیە، بەم شێوەیە هاوپشتی دەرەکی دەبێتە درێژکراوەی شەڕی ناوخۆیی دژی توندوتیژی و هەڵاواردن، نەک جێگرەوەی بۆی.
”یاسا بە تەنها بەس نییە”
ڕوونیدەکاتەوە، کە یاسا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان، بەڵام بەبێ دادپەروەری کاریگەر بەس نین، تەنها دەرکردنی یاساکان بەس نییە، دەبێت سیستەمێکی دادوەری هەبێت کە کار بکات بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە تاوانباران و جێبەجێکردنی سزاکان، هاودەنگی و فشار و کۆکردنەوەی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان.
پێی وایە پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ململانێدا، پێویستی بە میکانیزمی بەدواداچوونی داهێنەرانە و بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت، ژنانی مەغریبی وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک دارفۆردا خزمەتیان کردووە و هەوڵەکانیان ستایشی نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بوونی چالاکانەی مەغریبییە لە پرسەکانی ئاشتی و دادپەروەریدا.
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئامانجەکە بونیادنانی بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینەی ژنانە لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا ژنان سەرکردایەتی هەڵمەت و خۆپیشاندانەکان دەکەن لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئەمریکای لاتین بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی فەڵەستین و سودان و لیبیا و شوێنەکانی دیکە.
چالاکوانی مافی مرۆڤ، پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشوو، عایشە لخماس، لە کۆتای قسەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە، کە هاودەنگی ژنانی مەغریبی لەگەڵ ژنان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هەڵوێستێکی سۆزداریی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو دەربڕینی هۆشیاری کۆبووەوە و مێژوویەکی دوور و درێژی خەباتە.