ژنانی ڕۆژنامەنووس لە میسر ڕووبەڕووی هەڵاواردن و دوورخستنەوە دەبنەوە
ڕۆژنامەگەری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی هۆشیاری گشتیدا، لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی ژنان لە میدیاکاندا، پرسیار لەسەر ئاستی دادپەروەرانە لە چوارچێوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و توانای گەیشتنیان بۆ پێگەی کاریگەر و بڕیاردان دێتە ئاراوە.
ئەسما فەتحی
قاهیرە – سەرەڕای ئەو سەرکەوتنانەی کە زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە بوارەکانی لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتکردنی مەیدانی و ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوەدا بەدەستیان هێناوە، ژنان هێشتا لەناو دیمەنی میدیادا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆز دەبنەوە، ئەم ئاڵەنگاریانە پەیوەندییان بە سروشتی ژینگەی کار و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانەوە هەیە کە پەیوەندییان بە ڕۆڵی ژنانەوە هەیە.
لە ژێر ڕۆشنایی پێکهاتە خێراکانی بواری میدیادا، پرسەکانی یەکسانی و ئاسایشی کار و ژینگەیەکی پارێزراوی کارکردن بوونەتە بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکان سەبارەت بە داهاتووی ڕۆژنامەگەری و پێویستی بونیادنانی دامەزراوەی میدیایی دادپەروەرانەتر کە توانای بەکارهێنانی بەهرەی پیشەیی هەبێت بەبێ جیاوازی.
ئاڵەنگاریەکان لە جیاکاری پیشەیی زیاتر درێژدەبنەوە و جۆرەکانی تری کەمکردنەوە، وەک هەراسانکردن، تۆقاندن و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا نەبوونی ڕوونی میکانیزمەکان بۆ مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و دادپەروەرانەی کارکردن بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس.
ژنانی ڕۆژنامەنووس هەر لە سەرەتاوە پەراوێزخراون
فاتن سەبحی، ڕۆژنامەنووس باسی لەو جۆرە هەڵاواردنانەی کرد کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لەناو دامەزراوە میدیاییەکان، هەروەها دوورخستنەوە لە یەکەم ساتەوەختی دابەشکردنی ڕاپۆرتەکان و هەڵبژاردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ کارکردن لە بەشە جیاوازەکاندا دەست پێدەکات.
ڕوونیشی کردەوە، کە زۆرجار ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەو دۆسیانە دیاری دەکرێن کە لەلایەن هەندێک وەزارەتەوە بە "کەمتر گرنگ" دادەنرێت، لە کاتێکدا دۆسیە سەرەکییەکانی وەک ئەوانەی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دەگرێتەوە دەدرێنە ڕۆژنامەنووسانی پیاو، هەروەها ئەم دابەشکردنە ئەوەندەی پەیوەستە بە تێڕوانینە کۆنەپەرستانەکانەوە بۆ ڕۆڵی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا، لەسەر بنەمای لێهاتوویی پیشەیی نییە.
هەروەها ئاماژەی بە جیاوازییەکی ڕوون کرد لە دەرفەتەکانی مەشق و پلەبەرزکردنەوە و موچەدا، وتی: موچە و پاداشتی هەڵنژاردن زۆرجار لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسانی پیاودایە، لەسەر بنەمای ئەو گریمانانەی کە پیاوان "زۆرتر کاردەکەن" یان باشتر دەتوانن مامەڵە لەگەڵ فشارەکانی کارکردندا بکەن.
زیاتر جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێکخراوە میدیاییەکان زۆرجار ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەرفەتی گەشتکردن یان ڕووماڵکردنی گرنگ بەدەر دەکەن، بەو پێیەی بوونی ئەوان نوێنەرایەتی "بارگرانییەک" یان بەرپرسیارێتییەکی زیادە دەکات، کە ئەمەش زۆرێک لە ژنان لە دەرفەتی پیشەیی گرنگ بێبەش دەکات کە دەتوانن بەشداربن لە گەشەکردن و پێشکەوتنیان لەو بوارەدا.
جیاکاری پیشەیی درێژدەبێتەوە بۆ ئاسایشی کارو ژینگەی کار
فاتن سەبحی وتی: هەڵاواردن لە دابەشکردنی دۆسیەکاندا یان هەلی پلەبەرزکردنەوەدا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئاسایشی کار، کە ژنانی ڕۆژنامەنووس زیاتر بەرەوڕووی دەرکردن یان کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتن دەبنەوە کاتێک کەمکردنەوەی قەبارە لەناو ڕێکخراوە میدیاییەکان ڕوودەدات.
ڕوونیشیکردەوە، هەندێک لە کارگێڕیەکا وەک "بارگرانییەک" سەیری ژنان دەکەن بەهۆی ئەگەری هاوسەرگیری، دووگیانی، یان بەرپرسیارێتی خێزانی، ئەمەش لە بڕیارەکانی دامەزراندنی کار و مانەوەدا ڕەنگدەداتەوە.
هەروەها باسی لەو هەراسانکردن و پێشێلکارییانە کرد کە زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە ئازاردانی سێکسی و جیاکاریی ڕەگەزی، جگە لەو هەراسانکردنانەی کە ڕەنگە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یان لەلایەن خەڵکەوە ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئەمەش ئەو فشارە دەروونی و پیشەییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، خراپتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە خێزانەکانیش فشار دەخەنە سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ژینگەی نائارامی ڕۆژنامەگەری، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی پارێزگارییەکی گونجاو و میکانیزمی کاریگەری سکاڵاکردن.
نەبوونی ڕێسا و میکانیزمی لێپرسینەوە قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە
فاتن سەبحی ئاماژەی بەوەدا، کە یەکێک لە کێشە هەرە دیارەکانی ناو کۆمەڵگەی ڕۆژنامەگەری، نەبوونی ڕێسایەکی ڕوونە کە ژینگەی کار بەڕێوەدەبات و دڵنیابێت لە جیاکاری نەکردن لە نێوان ڕۆژنامەنووساندا.
جەختی لەوە کردەوە، کە زۆرجار دامەزراوە میدیاییەکان میکانیزمی ڕوونیان نییە بۆ ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان یان جیاکارییەکان، هەروەها ڕێکاری لێپرسینەوەی پارێزراویان نییە کە مسۆگەری پاراستنی زانیاریدەرەکان و شایەتحاڵەکان لە چەواشەکاری یان تۆڵەسەندنەوەی پیشەیی دەکات.
ڕوونیشی کردەوە، زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان یان ناوزڕاندن لەناو کۆمەڵگەی ڕۆژنامەوانیدا خۆیان لە قسەکردن لەسەر ئەو پێشێلکارییانە یان هەراسانکردنانە بەدوور دەگرن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەگەر وەک "کێشە دروستکەر" یان سکاڵا لەسەر سەرۆکەکانی یان هاوکارەکانی تۆماربکات، ئەوا ناوبانگی پیشەیی ڕۆژنامەنووسێک دەتوانێت زیانێکی زۆری پێبگات.
هەروەها ڕەخنەی لە نەبوونی بەرنامەی مەشق و هۆشیاری بۆ سەرنووسەران و سەرکردەکانی ناو ڕێکخراوە میدیاییەکان سەبارەت بە چەمکەکانی یەکسانی و جیاکاری، میکانیزمەکانی دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراوی کارکردن بۆ ژنان گرت.
داوای ژینگەیەکی ڕۆژنامەوانی دادپەروەرتر و پارێزراوتر بۆ ژنان دەکات
فاتن سەبحی کۆمەڵێک پێشنیاری خستەڕوو کە دەتوانن بەشداربن لە باشترکردنی بارودۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس لەناو دامەزراوە میدیاییەکان، جەختی لەسەر گرنگی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی میسری کردەوە کە ڕۆڵێکی چالاکتر دەگێڕێت لە چاودێریکردنی بارودۆخی کارکردن لەناو ئەم دامەزراوانەدا.
داواشی کرد کۆبوونەوەو سەردانی بەردەوام بۆ دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ چاودێریکردنی ژینگەی کار و گوێگرتن لە ڕۆژنامەنووسان، ئەمە جگە لە دانانی ڕێسای ناوخۆیی و کۆدێکی ڕەوشتی کە مسۆگەری یەکسانی و جیاکاری نەکردن لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکات، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی دروستکردنی میکانیزمی ڕوون و پارێزراو کردەوە بۆ ڕاپۆرتکردنی پێشێلکاری و هەراسانکردن، لەگەڵ مسۆگەری ڕاستەقینە بۆ ئەوانەی کە زانیاری دەدەن، ڕزگاربووان و شایەتحاڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە چەواشەکارییان یان لەدەستدانی کارەکانیان.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە نەبوونی ئەو مسۆگەریانە وا دەکات زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ترسی کاردانەوەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی بێدەنگ بن، ئەمەش وا دەکات چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەستێوەردانێکی دامەزراوەیی جددی بێت کە پاراستنی ژنان لە چوارچێوەی ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانیدا مسۆگەر دەکات و دەرفەتەکانیان بۆ بەشداریکردن و گەشەپێدانی پیشەیی لەسەر ئاستێکی یەکسان بەرز دەکاتەوە.
شایانی باسە، ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبنەوە لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پێویستی بەپەلەی چاوخشاندنەوە بە ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی ئاشکرا دەکەن، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی یەکسانی، دەرفەتی یەکسان، پاراستن لە هەموو جۆرە جیاکاری و پێشێلکارییەک.
ئەم ئاڵەنگاریانە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری تەنها پەیوەندی بە ئازادی ڕاگەیاندن یان باشترکردنی بارودۆخی ئابووری دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکو پەیوەندی بە توانای ئەوانەوە هەیە بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی پیشەیی دادپەروەرانە کە ڕێز لە مافی هەموو کرێکاران بگرێت، بەبێ گوێدانە ڕەگەز.
لە بەردەوامی نەبوونی میکانیزمی ڕوون بۆ لێپرسینەوە و ڕاپۆرتکردن و پاراستن، زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ترسی لەدەستدانی کار یان خراپ بەکارهێنانی زیاتر، بەرەوڕووی چەواشەکاری، دوورخستنەوە یان بێدەنگی زۆرەملێ رەبنەوە، کە ئەمەش پێویستی بە کردەوەی جددیتر هەیە لەلایەن ڕێکخراوە میدیاییەکان و سەندیکاکانەوە بۆ دامەزراندنی سیاسەتی ڕوون کە مسۆگەری پارێزراوی پیشەیی و دادپەروەری لە شوێنی کاردا بکات.
پشتیوانی و بەهێزکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس هەروا پێویستە بۆ بونیادنانی میدیایەکی هەمەچەشنترو سەربەخۆتر کە توانای نوێنەرایەتیکردنی دەنگ و پرسە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەی هەبێت، هەروەها بوونی ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا تەنها پرسێکی ژنان نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە کوالیتی خودی کاری میدیایی و توانای نوێنەرایەتیکردنی ڕاستیەوەیە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر و گشتگیرتر.