لە تۆماری مەدەنی ئێراندا ڕێگری لە هەڵبژاردنی ناوی کوردی بۆ منداڵان دەکرێت

ڕژێمی ئێران لەپێناو تێکدانی مێژوو و کولتووری کوردستان، هەوڵ دەدات ناوی کوردی بۆ منداڵانی تازە لە دایکبوو لاببات و ڕێگری لە دەرکردنی بڕوانامەی لەدایک بوونیان بکات.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- دیاردەی ئاسیمیلاسیۆن یان تواندنەوەی کولتووری لە ئێران بۆتە یەکێک لە ئامرازە سیاسییەکانی ڕژێم، بۆ سڕینەوەی زۆرێک لە کولتوورە کۆنەکان کە لە جوگرافیای ئێراندا هەن و گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی زۆرێک وەک نەتەوەی کورد بە گۆڕینی فەرهەنگ و زمانیان.

 

ئازادی هەڵبژاردنی ناوی منداڵە تازە لەدایکبووەکان یەکێکە لە مافە پێشێلکراوەکانی کورد، لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران فشارەکانی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی ناوی کۆرپە دوو هێندە کردووە و بە دروستکردنی کۆتوبەندێکی توند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگری لە بنەماڵە دەکات کە ناوی کوردی هەڵبژێرن.

 

سارا ئەحمەدی دوو مانگ لەمەوبەر منداڵی بووە و ناوی دڵخوازی خۆی و هاوژینەکەی بۆ منداڵەکەیان، لیڤین بووە، بەڵام تۆماری مەدەنیی سەردەشت ڕێگری لێکردووە و ناچاربوون ناوی بنێن مەهسا، لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕژێمی ئێران توندترە لە هەڵبژاردنی ناوی کوردی بۆ منداڵان و زۆرجاریش لە وەڵامی ناڕەزایەتی بنەماڵەکاندا، ئەو ناوانەی لە کاغەزێکدا تۆمارکراون، دەخاتە پێشەوە لە باوک و دایکەکان و پێیان دەڵێت کە تۆ تەنها مافی ئەوەت هەیە لەم لیستەی ناوەکاندا هەڵبژێریت.

 

منداڵەکەیان بێ تۆماری لەدایکبوون ماوەتەوە

محەمەد قادری، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری مهابادە، دوای دوو ساڵ خۆی و سارای هاوژینی کچێکیان بوو و ناوی مەتیانایان بۆ هەڵبژارد و دەڵێن: مەتیانا شوێنێکی مێژوویی کوردستانە لە ورمێ، بەڵام ناوەکە لەلایەن تۆماری مەدەنیی مهابادەوە دوای دوو مانگ لە لەدایکبوونی کۆرپەکە، تۆمار نەکراوە، ئێمە بێ بڕوانامەی لەدایک بوون ماینەوە و ناهێڵن ناوێکی کوردی بۆ هەڵبژێرین، ڕژێم پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ناوەکە لە سیستمدا هەڵبژێردرێت و دەبێت ناوێکی فارسی هەڵبژێریت.

 

جگە لەو سنووردارکردنانەی کە لە هەڵبژاردنی ناوێکدا هەن، هەندێک سنووردارکردن تایبەتن بە پارێزگای ورمێ و لە شارەکانی دیکەدا بوونیان نییە.

 

شیما گلاوی، ناوی وریای بۆ منداڵەکەی هەڵبژاردووە، بەڵام لە بەڵگەنامەی لەدایکبوونیدا بە کەسرا تۆمار کراوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: لە ورمێ منداڵم بووە و خەڵکی شنۆم، من لە هەردوو شاری ورمێ و شنۆ داوای بڕوانامەی لەدایک بوونم کرد، بەڵام پێیان وتم کە ئەم ناوە بۆ ئەم پارێزگایە قەدەغەیە، ئەگەر دەتەوێت منداڵەکەت ناوی کوردی هەبێت، پێویستە شاری سنە بڕوانامەی لەدایکبوونی بۆ وەربگریت، بۆیە ناچار بووم دوو ناوی بۆ هەڵبژێرم و ناوی بڕوانامەی لەدایکبوونی جیاوازە لە ناوی ڕاستەقینەی.

 

جێی ئاماژەیە، لە شاری نەغەدە چالاکێکی مەدەنی ئەم شارە ساڵێک لەمەوبەر ناوی کچەکەیان ناوە بەنانان، بەڵام تۆماری مەدەنی ڕێگری لێکردن لە پێدانی بەڵگەنامەی لەدایک بوونیان، بۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیان دەربڕی سەبارەت بە پێنەدانی بڕوانامەی منداڵەکەیان، چەند مانگێک دواتر توانیان بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ کچەکەیان بەدەستبهێنن.

 

هەرچەندە دیاردەی ئاسمیلەکردن بە تێپەڕبوونی کات دەتوانرێ بوەستێنرێت، بەڵام زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە کولتوور و زمانی نەتەوەی ئاسمیلەکراو دەگەیەنێت و ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا دەگوزەرێت، لەناوبردنی ناسنامەی ئەو گەلانەیە کە دەسەڵاتی ئەوتۆیان نییە بۆ پاراستنی مێژوو و کولتووری خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەرخۆدان دەکەن و ئەم پرەنسیپە هەڵبژاردنی ناوێکی کوردی دەکاتە خەبات بۆ نەتەوەیەکی لەو جۆرە.