ژنبوون ئەستەمە بەڵام خەونم گەورەترە؛ ئەزموونی پڕ لە قوربانیدانی یاریزانێکی کورد

هێرۆ جەعفەر، ژنێکی گەنجی شاری کۆیەیە، خاوەن ئامانج و خەونەو ئەمەش وایکردووە هەموو ئاستەنگەکان ببڕێت و ببێتە یاریزانی تۆپی پێ.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- وەرزشکردن لای ژنان لە کۆمەڵگەدا هەمیشە ڕووبەڕووی تێڕوانینی جیاواز و ئاستەنگ بووەتەوە، بەڵام بۆ ژنە بوێرەکان، قوربانیدان و باوەڕبەخۆبوون تاکە ڕێگەیە بۆ تێکشکاندنی سنوورەکان. هێرۆ جەعفەر لە کۆیە یەکێکە لەو نموونە زیندوانەی توانیویەتی بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە درێژە بە خەونەکەی بدات و ئامانجی گەورەی هەبێت بۆ یاریکردن لە یانە جیهانییەکاندا.

 

هێرۆ جەعفەر یاریزانی تۆپی پێیە لە یانەی وەرزشی کۆیە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو باسی لە گرفتەکانی ژنان کرد کاتێک دەیانەوێت بێنە ناو وەرزش و ئەزموونی خۆی لە تۆپی پێدا. هێرۆ وتی: من لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە خولیای وەرزشم، بە تایبەت تۆپی پێ، و تا ئێستاش بەردەوامم، بێگومان، هەرچەندە ڕێگەیەکم گرتۆتە بەر کە ئاسان نەبوو بۆ ئەوەی کە ببمە یاریزانی تۆپی پێ، بەڵام هەموو شتێک زەحمەتە پێش ئەوەی ئاسان بێت. وەرزش و مەشقکردن تەنها جوڵانی ماسولکەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە هەوڵ و قوربانییە تا بگەیتە سەرکەوتن، بەرپرسیارەتی خۆتە، چونکە زۆرجار لەوانەیە پاڵپشتت نەبێت، هاوکاریت نەکەن و ڕەخنەت لێ بگرن، بەڵام هەموو ئەوانە دەبێت بکەیتە ئامانجێک بۆ خۆت و لە خەونەکەتدا بەردەوام بیت.

 

"ئامانج و خەونم هەبوو"

هێرۆ وتیشی: من قوربانیم دا لە تۆپی پێدا و وازم لە خوێندنم هێنا تا ببمە یاریزانی تۆپی پێ. بێگومان، ڕێگەیەکی ئاسان نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجم هەبوو و خەونەکەم هەبوو تەنها بە دەستی خۆم ببینم، سپاس بۆ خوای گەورە توانیم لە یانەکان بەردەوام بم؛ لە یانەکانی ڕەواندز و ژنانی سوران و ئێستاش لە یانەی کۆیەم، یەکێکی دیکە لە سەختییەکان نەبوونی ڕاهێنەر بوو. دەبوو خۆم ڕاهێنان بە خۆم بکەم. بەیانیان کاتژمێر شەشی بەیانی هەڵدەستم و ڕاهێنانم دەکرد و پشتم بە خۆم دەبەست. بێگومان ڕێگری کردن هەبوو، پاڵپشتی کردن نەبوو، دەبوو خۆم هەوڵ بدەم، قوربانی دانەکە ئەوەیە کە تۆ کات بۆی تەرخان بکەیت، و بە خۆشەویستی هەوڵم داوە. توانیم شتی نوێ فێر بم. پاشان پەیوەندیکردن بە یانەکانەوە ئاسان نەبوو؛ لە ڕووی یانەوە ڕەت دەکرێیتەوە و ڕاهێنەر قبووڵت ناکات، بەڵام ئەو شتانە نابێت بێ هیوات بکەن. کاتێک خۆم وتم: «گەر پاڵپشتیش نەکرێم، هەر بەردەوام دەبم.

 

وتیشی: من خەونی گەورەم هەیە، بۆیە هیچ شتێک وام لێ ناکات دەستبەرداری ئامانجەکەم بم، خەون و ئامانجی من، هەرچەندە پاڵپشتیش نەکرێم، زۆر لەوە گەورەترە، ئەویش ئەوەیە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید، یانەی ئیسپانیی یاری بکەم. بێگومان هەموو ئەوانە ئەستەمە، بەڵام مەحاڵ نییە و دڵنیام ڕۆژێک دێت وەک کوردێک شانازیم پێوە دەکەن.

 

جگە لەوەش وێنەکێش و فۆتۆگرافەرە

هێرۆ شانازی بەوە دەکات کە جگە لە تۆپی پێ، بەهرەی وێنەکێشان و فۆتۆگرافی هەیەو وتی: من کار لەسەر بەهرەکانم دەکەم نەک بڕوانامە، چونکە زۆرجار بڕوانامەش هەیەو کەسەکە هیچ بەهرەیەکی نییە. هەرچەندە لە هەندێ شوێن پێویستیت پێ دەبێت، بەڵام کە دەبیت یاریزانی تۆپی پێ، کەس نالی شەهادەکەی چییە؟ چونکە ئەوکات ئەوان ئیش لەسەر بەهرەمەندی تۆ دەکەن، نەک بڕوانامەکەت، لە پۆلی چواری ئامادەیی وازم هێنا. ویستم بگەڕێمەوە، بەڵام لە پەیمانگاکان منیان وەر نەگرت بەهۆی تەمەنەوە؛ وتیان تەمەنت گونجاو نییە.

 

"ژنبوون زۆر سەختە"

هێرۆ پێیوایە ژنبوون زەحمەتە کە بیەوێت بڕیار بدات ببێت بە هەر شتێک، سەرەتا لەلایەن خێزان ڕێگری لێ دەکرێت لەبری ئەوەی پاڵپشتی بکەن کە ژنێک دەیەوێت ببێت بە یاریزان. بچوکترین شت، جلێکی وەرزشی بۆ ناکڕن وتێ: من دەڵێم بەزۆری نەزانن؛ گەر هاوکاری بن و پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن، لەبری ئەوەی کچەکەت لە ماڵەوە کاتەکانی بەفیڕۆ بدات لە شتی بێسود و سۆشیال میدیا، با کارێک بکات باشترە. با دەستی منداڵەکانیان بگرن بۆ ئەو بوارەی خۆی دەیەوێت.

 

"خەڵک زۆر ڕەخنەی لێ دەگرتم"

ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک کە ئەو سەرقاڵی ڕاهێنانە، خەڵک لەبری دەستخۆشی ڕەخنەیان لێ گرتووە تا ڕادەی گاڵتە پێکردنیش. وتی: هەموو کات بیرم دەکردەوە کە من لە ڕێگای ڕاستەم، بۆیە خەڵک ڕەخنەم لێ دەگرن، چونکە خۆیان هیچیان بۆ ناکرێت، بۆیە من دەڵێم وەرزش بۆ هەمووانە، بێ جیاوازی ڕەگەزەکان. بۆیە دەبینین ژنمان هەیە لە پاڵەوانێتی وڵاتانیش بەشدارن و ئێمەش هیچمان لەو ژنە پاڵەوانانە کەمتر نییە. بەڵام من ئەوانە دەگەڕێنمەوە بۆ داب و نەریت لای ئێمە، کە کاتێک کچێک کارێک دەکات کەس دەستخۆشی لێ ناکات، بەڵام بۆ کوڕەکە بە پێچەوانەوە، بۆ ژن هەموو شتێک لای کۆمەڵگا باش نییە. بۆیە داواکارم دایک و باوکان پاڵپشتی کچەکانیان بکەن؛ بەزۆری مەزانن کە پشتگیری بکەن.

 

سەبارەت بە یاری تۆپی پێی ژنان، تا ئێستا هیچ تیمێکی یازدەی ژنان نییە لە کوردستان. ئەوەی هەیە فۆتساڵە، بەداخەوە ئەوەش گرفتێکی گەورەیە بۆ ئێمە. بۆیە ناچارین لەگەڵ کوڕان یاری بکەین لە تیمی یازدە، کە ئەوەش ناخۆشی دێتە ڕێت، بەڵام ناچارین.

کاتێک کوڕەکان دەبین من یاری جوان دەکەم و لێهاتووم، پێیان سەیرە و سەرسام دەبن. بۆیە داواکارین لە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار کە پاڵپشتی تیمی کچان بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکنایدا وتی: زۆر زۆر سوپاسی یانەی وەرزشی کۆیە دەکەم کە پاڵپشتی سەرەکی ئێمەی ژنانە لە کۆیە. هۆڵ و جێگا و ڕاهێنەرمان بۆ دابین دەکەن بێ بەرامبەر و پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردووین، بە تایبەت بۆ من کە لە شارێکی دیکەوە هاتوم، لێرە زۆر هاوکارمن.