ژنان پەیوەندی خۆیان لەگەڵ جەستە و ژیانیان لەناو هۆڵەکانی وەرزشدا دووبارە دادەڕێژنەوە

ژنانی تونس هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وەرزشکردن چیتر تەنها چالاکییەکی جەستەیی نییە، بەڵکو بۆتە کەشێک بۆ دەربازبوونیان لە فشارەکانی ڕۆژانە و دووبارە دروستکردنەوەی هاوسەنگی.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس – لەناو هۆڵێکی وەرزشی لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای قەسرین لە تونس، دەنگی مۆسیقا تێکەڵ بە جوڵەی ئامێرەکانی وەرزشکردن دەبێت، لەکاتێکدا ژنانی تەمەن جیاواز سەرقاڵی کۆبوونەوەکانی ڕاهێنانن لە ڕاهێنانەکانی لەشجوانییەوە تا ڕاهێنانی سەما.

 

پێناچێت دیمەنی ڕۆژانەی ئەوێ تەنها چالاکیەکی وەرزشی زوو تێپەڕ بێت، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بێدەنگە کە ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە، ژنان زیاتر لە کەشی وەرزشیدا ئامادە دەبن و زیاتر بڕیار دەدەن وەرزش بکەنە بەشێک لە ژیانییان.

 

لەم کەشانەدا ئەزموونە تاکەکەسییەکان یەکتر دەبڕن و وێنەیەکی بەکۆمەڵ لە پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان ژنان و وەرزشدا پێکدەهێنن، کە هۆڵی وەرزش دەبێتە کەشی دەربازبوون لە فشارەکانی ژیان و دووبارە بونیادنانەوەی هاوسەنگی دەروونی و جەستەیی.

 

ئامرازێک بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان

لەم چوارچێوەیەدا، هاجەر دەعاسی باس لە گەڕانەوەی بۆ وەرزشکردن دەکات دوای چەندین ساڵ لە دوورکەوتنەوە، وتی: ئەزموونی ئێستا بە تەواوی جیاوازە لە ڕابردوو، چ لە ڕووی هۆشیاری و چ لە ڕووی کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانییەوە.

 

دووپاتی کردەوە، بۆ من وەرزش چیتر تەنها چالاکیەکی جەستەیی نییە، بووەتە کەشێکی بنەڕەتی بۆ چێژوەرگرتن، کاتێک دەچمە ناو هۆڵی وەرزشەوە، هەموو شتێک بەجێدەهێڵم، فشار، ماندوێتی، کێشەکان، تەنها سەرنجم لەسەر خۆمە، لە کاتی وەرزشکردندا هەست دەکات وەک ئەوەی وزەکەی بە تەواوی بارگاوی بکاتەوە، هەروەها وەرزش یارمەتی دەدات هاوسەنگی دەروونی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، وتی: هەستدەکەم کە کەسێکی نوێم، بە ڕۆحێکی نوێ و هۆڵەکە بەجێدەهێڵم.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە کاریگەرییەکە تەنها لە لایەنی دەروونیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ لایەنی جەستەیی، هەروەها سەرنجی جیاوازییەکی ڕوونی لە ئاستی لەشجوانی و ئاستی چالاکییەکانی ڕۆژانەیدا داوە، پێی وایە ژنان بە شێوەیەکی سروشتی خەمی جەستە و دەرکەوتنیان هەیە، وەرزشکردن یارمەتیان دەدات ئەم هاوسەنگییە لە نێوان دەرکەوتن و تەندروستیدا بەدەستبهێنن.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە هۆڵی وەرزش هەستێکی دابڕانی کاتی لە بەرپرسیارێتی ڕۆژانەی پێدەبەخشێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ماڵ و خێزانەوە هەیە، وتی: ئەم کاتە تایبەتە بووەتە شتێکی بنەڕەتی لە ژیانیدا.

 

لە کۆتای قسەکانیدا وتی: بۆ ژنان وەرزشکردن شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی، گەڕانەوە بۆ ژیانی ڕۆژانەیان بە وزە و بەرگەگرتنی زیاترەوە.

 

لە خویلایەکەوە بۆ شێوازی ژیان

سەبارەت بە بەتینە بن خەمیسی، باس لە گەشتێکی دوور و درێژ لەگەڵ وەرزش دەکات کە ساڵانێک لەمەوبەر وەک خولیایەک دەستی پێکردووە، پێش ئەوەی وردە وردە بگۆڕێت بۆ شێوازێکی ژیان، وتی: نەبوونی کولتووری وەرزشی ژنان لە ڕابردوودا وایکرد کە ڕاهێنانی وەرزش کەمتر بەربڵاو بێت، بەڵام دۆخەکە ئەمڕۆ بە ڕوونی گۆڕاوە، بەو پێیەی ژنان زیاتر هەیەجان بوون و ئاگاداری گرنگییەکەی بوون.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە سەرەڕای بەرپرسیارێتی خێزانی و پیشەیی بەردەوام بووە لە وەرزشکردن، بەو پێیەی چیتر بە هەڵبژاردن نییە بەڵکو بە پێویستییەک بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەروونی و جەستەیی دەزانێت، وتی: وەرزشکردن یارمەتیم دەدات لە کەمکردنەوەی فشاری دەروونی ڕۆژانە و هەستکردن بە باشی و توانای بەردەوامبوونم لە کارکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی خێزانەکەم بە وزەیەکی زیاترەوە.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆر کەس بەبێ ئەوەی درک بە سوودە ڕاستەقینەکانی بکەن، دەست دەکەن بە وەرزشکردن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەست بە گۆڕانکاری لە باری دەروونی و تەندروستی و وزەی گشتی دەکەن، هەروەها وەرزشکردن تەنها کێش یان لەشجوانی نییە، بەڵکو ڕێگایەکە بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان بە شێوەیەکی گشتگیر چونکە کاریگەری لەسەر هەردوو دەروون و جەستە هەیە.

 

ژنان زیاتر هۆشیار دەبن

ڕاهێنەر عەبیر خەماسی دووپاتی دەکاتەوە، کە ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداری لە هۆڵەکانی وەرزش دەکەن بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندای، ئەم گۆڕانکارییە بە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە وەرزشی ژنان دەزانێت، وتی: ژنان زیاتر ئاگاداری گرنگی وەرزش بوون بۆ هەردوو تەندروستی جەستەیی و دەروونی، چیتر وەک چالاکیەکی لاوەکی سەیری ناکەن، بەڵکو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شێوازی ژیانیان.

 

وتیشی: زۆرێک لە ژنان بە هەستکردن بە ماندوێتی یان دوودڵی دەچنە ناو هۆڵی وەرزشەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەست بە باشتربوونی ڕوون دەکەن لە دۆخەکەیاندا، دوای ماوەیەکی کورت لە ڕاهێنان، ئاستی وزەیان بەرز دەبێتەوە، باری دەروونییان باشتر دەبێت، هەست بە باشی دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم باشتربوونە پاڵنەرە بۆ زۆر کەس بۆ بەردەوامبوون و تەنانەت هانی کەسانی دیکەش دەدات تاقیبکەنەوە، هەروەها ئاماژە بە جێاوازی بەرنامە وەرزشییەکان دەکات کە لە هۆڵی وەرزش پێشکەش دەکرێن، لە ڕاهێنانی لەشجوانی و هێزەوە تا ڕاهێنانی سەما، جگە لە وەرزشەکانی دیکەی وەک بۆکسێن، لەگەڵ ئەم هەمەچەشنییە کە وەرزش زیاتر سەرنجڕاکێش بێت بۆ ژنان.

 

بە تایبەتی سەرنجی لەسەر بۆکسێنە، ڕوونی دەکاتەوە، کە سەرەڕای وێنە کۆنەپەرستانەیەکەی، بەڵام بووەتە وەرزشێکی دڵخواز لەلای زۆرێک لە ژنان چونکە یارمەتی دەردانی وزەی نەرێنی دەدات و لە هەمان کاتدا جەستە بەهێز دەکات، ژنان توانای خۆیان سەلماندووە بۆ ڕاهێنانی ئەم وەرزشانە بە کارایییەکی بەرز، تەنانەت هەندێکجار چاوەڕوانییەکانی ڕاهێنەرانیش تێدەپەڕێنن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکی بەهێز و خواستی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە.

 

هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستن لە چوارچێوەی ژیانی ڕۆژانەی ژندا دەکاتەوە، ئاماژە بە پێویستی هەڵبژاردنی کاتێکی گونجاو بۆ وەرزشکردن دەکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پابەندبوونەکانی کار و ماڵەوە، هەروەها گرنگی هەبوونی ڕاهێنەر و بەرنامەی شارەزا کە توانا جیاوازەکانی بەشداربووان لەبەرچاو بگرن.

 

عەبیر خەماسی لە کۆتای قسەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە، کە وەرزش بووەتە ئامرازێکی هاوسەنگی بۆ ژنان، نەک تەنها بۆ باشترکردنی جەستەیی  بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی تەندروستی دەروونی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ژیان.

 

لە نێوان هاجەر دەعاسی و عەبیر خماسی و بەتینە بن خەمسی، تاکە وێنەیەک دێتە پێشەوە: ژنان بەسەر ئەزموونە بچووکەکانی ڕۆژانەدا تێدەپەڕن کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ژیانیان هەیە و لەسەر شێوازی پێناسەکردنەوەییان لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە بە هێمنی بەڵام بە بەردەوامی لە گۆڕاندایە.