لە گەڕان بەدوای شوێنێکدا بۆ کۆکردنەوەی دایکان و کچەکانیان تا دامەزراندنی یەکەم خوێندنگەی بالێ لە میسر
رەفیدە حەماد لە بەرامبەر کەمیی ڕاهێنەرو داگیرکردنی کۆمەڵایەتی، دەستی بە گەشتێکی ناوازە کرد لە ئەسیوت، بۆ ئەوەی دەرفەت بە منداڵانی میسر بدات کە شێوازێکی هونەری پراکتیزە بکەن کە ساڵانێک بوو نامۆ بوو بۆیان.
ئیمان سەمیر عەلی
میسر - ئارەزووی رەفیدە حماد بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەکی تایبەت تەنها گەڕان نەبوو بە دوای سەرچاوەیەکی داهاتدا، بەڵکو لە پێداویستییەکی کەسییەوە دەستیپێکرد کە لە کاتی نیشتەجێبوونی لە ئەسکەندەرییە تێبینی کردبوو، کاتێک کچەکەی بۆ یەکێک لە خولەکانی بالێ دەبرد و بۆی دەرکەوت کە شوێنەکە لە هەمانکاتدا خولی یۆگا بۆ دایکان دابین دەکات.
ئەم بیرۆکەیە سەرنجی راکێشا، لە جیاتی ئەوەی دایکەکە چاوەڕێی کچەکەی بکات تاوەکو کۆتایی بە ڕاهێنان دەهێنێت، خۆیشی دەتوانیت کاتەکەی بۆ وەرزشکردن بەکاربهێنێت، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەسیوت، بە دوای شوێنێکدا گەڕا کە هەمان ئەزموونی پێشکەش بکات، بەڵام شتی وا نەدۆزیەوە، بەتایبەت کە زۆرێک لە هۆڵە وەرزشییەکان لەو کاتەدا تەنها بۆ پیاوان تەرخان کرابوون یان تەنها کاتی دیاریکراویان بۆ ژنان دەدان.

لە خەونێکی منداڵییەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی
لە لێرەوە رفیدە حماد، کە دەرچووی کۆلێژی بازرگانییە بە زمانی ئینگلیزی، دەستی کرد بە بیرکردنەوە لە دامەزراندنی پرۆژە تایبەتەکەی خۆی، کە هۆڵێکی وەرزشی بۆ ژنان و قوتابخانەیەکی فێرکاری بالێ بۆ منداڵان پێکەوە کۆدەکاتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٥دا، پرۆژەکەی بە توانایەکی سنووردار دەستپێکرد، لە سەرەتادا پێشوازی لە کچەکانی خۆی و کچی چەند هاوڕێیەکی کرد، بیرۆکەی فێرکردنی بالێ بە منداڵان لە ئەسیوت تا ڕادەیەک نوێ بوو، لە کاتێکدا ئەم جۆرە چالاکییە لە باشووری میسر بڵاو نەبووەوە.
بیرۆکەکە لە سەرەتادا رووبەڕووی ڕای جیاواز بووەوە، لە کاتێکدا هەندێک کەس هانیان دا و بە ئەزموونێکی نوێ و ناوازەیان زانی، هەندێکی تر ئامۆژگارییان کرد کە پاشگەز بێتەوە، بەو پێیەی کۆمەڵگە ڕەنگە سەیری بالێ بکات وەک جۆرێک لە سەما نەک وەک وەرزش و هونەر.
بەڵام پەیوەندی رفیدە حماد بە بالێوە کۆن بوو، چونکە لە منداڵییەوە سێری نمایشەکانی لە تەلەڤزیۆن دەکرد و هەستی بەو جوانیە دەکرد کە ئەم هونەرە هەڵیگرتووە، هەمیشە هیوای دەخواز کە دەرفەتی فێربوونی لە منداڵیدا لە سوهاج هەبووایە، وتی: ئەم هەستە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی سووربوونی لەسەر بیرۆکەکە، ئارەزووی بۆ پێدانی دەرفەتێک بە منداڵانی باشووری میسر کە لە منداڵیدا بۆ خۆی نەبوو.
پرۆژەکە لە سەرەتادا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە، دیارترینیان نەبوونی ڕاهێنەری پسپۆڕی بالێ بوو لە ئەسیوت، هێنانی ڕاهێنەر لە قاهیرە کارێکی سەخت بوو، بەتایبەت لەگەڵ کەمیی ژمارەی منداڵان لە سەرەتای پرۆژەکەدا، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، رفیدە حماد دەستی کرد بە بەکارهێنانی ژنانی گەنجی خوێندکارانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی، ئەوانەی بابەتی "جووڵە و کارامەیی هونەری" دەخوێنن و لەو ڕێگەیەوە ڕاهێنانیان لەسەر بنەماکانی بالێ و هەندێک جووڵەی سەرەتایی پێدەدرا.

لەگەڵ زیادبوونی خواست لەسەر قوتابخانەکە، ژمارەی منداڵان زیادی کرد و قوتابخانەکە گەیشتە قۆناغی لیستی چاوەڕوانکراوەکان، ئەوەش وایکرد بە دوای ڕاهێنەرێکی پسپۆڕدا بگەرێت، توانی دواتر سوود لە ڕاهێنەرێک وەربگرێت کە لە پەیمانگای بالێ لە قاهیرە بوو، لە خانەی ئۆپەرای میسریش کاری دەکرد، کە ئەوەش گۆڕانکارییەکی ڕوونی لە ئاستی ڕاهێناندا دروستکرد، هاوکار بوو لە دابینکردنی جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی نمایشەکان، ئامادەکردنی منداڵان بۆ ڕاهێنان و نمایشەکان بە شێوازێکی پیشەگەرتر ئەنجام درا.
سەرباری ئاستەنگە هونەرییەکان، قوتابخانەکە رووبەڕووی لایەنێکی تریش بووەوە کە پەیوەندی بە دابونەریتەکانەوە هەبوو لە باشووری میسر، کاتێک رفیدە حماد ڕوونیکردەوە، کە ئەو پرسیارەی لە کاتی تۆمارکردنی منداڵان لە قوتابخانەکەدا دووبارە دەبووەوە هەمیشە سەبارەت بە بڕوانامە و ئەزموونی ڕاهێنەر نەبوو، بەڵکو لە زۆر کاتدا ئەوە بوو "ئایا ڕاهێنەرەکە پیاوە یان ژن؟"، وتی: هەندێک خێزان مەرجیان دانا کە دەبێت ڕاهێنەرەکە ژن بێت لە کاتی ڕاهێنانی کچەکانیاندا، لە هەندێک حاڵەتدا خێزانەکە رەتیدەکردەوە ناوی خۆی تۆمار بکات ئەگەر ڕاهێنەرەکە تەنها پیاو بووایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕەخنە و کۆتوبەندانەیە کە لەلایەن هەندێک خێزانەوە لە باشووری میسر بوونی هەیە، لە هەمان کاتدا، ئەم تێڕوانینە بەسەر هەموو خێزانەکاندا جێبەجێ نابێت، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان پشتگیری ئەم ئەزموونەیان کرد و بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بوون لە ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانەکە.
لە نێوان ڕەخنە کۆمەڵایەتییەکان و فراوانبوونی ئەزموونەکەدا
ئەزموونی پرۆژەکە لە ڕەخنە بەدەر نەبوو، بەتایبەت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کە تیایدا هەندێک لە بڵاوکراوەکانی پەیوەست بە ڕاهێنانەکان یان نمایشەکانی بالێ ڕووبەڕووی لێمەدوان و قسە نەرێنییەکان دەبوونەوە.
وتیشی: هەندێک لە قسەکان مامەڵەیان لەگەڵ بالێ دەکرد وەک شتێکی قبوڵنەکراو، هەندێکیان گەیشتنە ڕادەی ڕەخنەگرتن لەو خێزان و منداڵانەی کە بەشدارییان لەم چالاکییەدا کردبوو، بەڵام ئەو بڕیاریدا نەچێتە ناو هیچ ململانێیەکەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو قسانەدا، بەو پێیەی پێی وایە مافی هەر کەسێکە کە باوەڕی بە بیرۆکەکە نەبێت یان بەشداری تێدا نەکات، بەڵام مافی ئەوەی نییە بێڕێزی بە کەسانی تر بکات لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانیان.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەزموونەکە لە ژیانی ڕاستیدا جیاواز بوو، ئەو خێزانانەی کە پەیوەندییان بە قوتابخانەکەوە کردبوو زۆرینەیان پشتگیری بیرۆکەکە بوون، ژمارەیەک لە منداڵانیش بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ڕاهێنان و بەشداریکردن لە نمایشەکاندا بەردەوام بوون.
سەرباری قوتابخانەی بالێ، رفیدە حماد لە ڕێگەی "فيتنس ئاند جاليری"ـەوە کار دەکات بۆ پێشکەشکردنی چالاکیی وەرزشی بۆ ژنان و منداڵان، لەوانەش ڕاهێنانی کێشەکان و لەشجوانی و کاردیۆ و یۆگا، چالاکیی شوێنەکە تەنها لە وەرزشدا کورت نەبووەوە، بەڵکو جارجارە میوانداری بۆنەی کراوە کە ژنان و خێزان دەکاتە ئامانج، وەک نمایشکردنی کۆمەڵێک جلوبەرگ یان بەرهەمی ماڵەوە یان جلوبەرگی منداڵان، ئەم چالاکییانە لە رۆژی دیاریکراودا بەڕێوەدەچن کە پێشوەختە ڕاگەیەندراون، شوێنەکە لەو ماوەیەدا دەگۆڕێت بۆ پانتاییەک کە چالاکیی وەرزشی و بۆنەکانی تایبەت بە ژنان و خێزان پێکەوە کۆدەکاتەوە.
لە سەرەتای کردنەوەی قوتابخانەکە لە ساڵی ٢٠١٥وە، ئەسیوت شایەتی فراوانبوونێکی گەورە بوو لە ژمارەی هۆڵە وەرزشییەکاندا، و بڵاوبوونەوەی هۆڵی وەرزشی ڕوونتر بوو، لەوانەش ئەو هۆڵانەی کە بۆ ژنان تەرخان کرابوون، بەڵام رفیدە حماد پێی وایە سروشتی پرۆژەکەی جیاوازە، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئامێرە نەریتییەکانی هۆڵی وەرزشی نابەستێت، بەڵکو پشت بە ڕاهێنانی جووڵەیی و ڕاهێنانی کێشەکان و لەشجوانی و کاردیۆ و یۆگا دەبەستێت.

ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامبوونی پرۆژەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ سەرکەوتنێکی گرنگ پێکدەهێنێت، بەتایبەت کە هەندێک لە بەکارهێنەران لە چەندین ساڵی پێشووەوە لەگەڵی دەستیان پێکردبوو، منداڵانیش لە تەمەنێکی بچووکدا پەیوەندییان بە قوتابخانەکەوە کرد و لەگەڵیدا بەردەوام بوون تاوەکو قۆناغەی گەورەبوون.
سەرباری ئەوەی بەدیهاتووە، رفیدە حماد هێشتا هەوڵ دەدات کە قوتابخانەی بالێ بە درێژایی ساڵ بە بێ پچڕان کار بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە خواست لەسەر بالێ هێشتا کەمترە بەراورد بە وەرزشەکانی تری وەک جیمناستیک، کە چێژ لە بڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوان دەبینێت لە باشووری میسر و شاهیدی پاڵەوانێتی و چالاکییە بە درێژایی ساڵ، بەڵام بالێ هێشتا پێویستی بە بنکەیەکی گەورەتری منداڵانی ئارەزوومەند هەیە تاوەکو کارکردنی قوتابخانەکە بە درێژایی ساڵ ببێتە شتێکی جێگیر.
لە کۆتای قسەکنیدا وتی: لە دوای زیاتر لە ١٢ ساڵ لە دەستپێکردنی، رفیدە حماد بەردەوامە لە کارکردن لەسەر پرۆژەکەی، ئامانجێکی نوێ دەخاتە بەردەمی کە بریتییە لە فراوانکردنی بنکەی مەشقکردنی بالێ لە نێوان منداڵانی باشووری میسردا، گۆڕینی قوتابخانەکە لە چالاکییەکی وەرزییەوە بۆ قوتابخانەیەک کە بە درێژایی ساڵ کار بکات.