ڕاگەیاندنەکانی ئێران تۆپی پێ لە ژنان قەدەغە دەکەن

ڕژێمی ئێران بۆ وەرزش و تۆپی پێ هەمیشە دیدگای ئەمنیەتی بووە و هەوڵیداوە یانەکان لەڕووی ئابوورییەوە وابەستەی حکومەت بن بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواو بەسەریاندا بسەپێنێت.

گلارە گەیلانی

 

کرماشان-تۆپی پێی ئێران کۆپییەکی ناتەواو و دواکەوتووی تۆپی پێی بازرگانی و پیشەسازیی جیهانی ڕۆژئاوایە، لە ئێراندا تۆپی پێ وەک وەرزشێک و چالاکیەکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی چێژبەخش و بونیادنەر دوور لە پێوەرەکانی سەرمایەداری و تەنانەت پێوەرەکانی سوودخوازانەی جیهانی سەرمایەداری بە باشی جێبەجێ ناکرێن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە پەروەردەی وەرزشی بە ئیرادەیەک کە ئاڕاستەی چێژی ئەزموونی بێت، هەروەها لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە زەوتکردنی مافی وەرزش بەدی دەکرێت و ژنان لەم بوارەدا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە.

 

زەوتکردنی مافی پەخشی ڕاستەوخۆ

 دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە یارییە وەرزشییەکانی ژنان بەتایبەتی تۆپی پێ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش بکەن بەمەش هەڵاواردن و چەوساندنەوە بەرامبەر بە وەرزشی ژنان کەوتووەتە ئاراوە بۆ پەخشکردنی یارییەکان.

 

ئەم سەرچاوەیە داهاتێکی یەکجار زۆر بۆ یانەکانی سەرتاسەری جیهان دەهێنێت، بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە ڕاگەیاندنەکان لە ئێران ملکەچی قۆرخکاریی حکومەتن، ڕاگەیاندنی ئەهلیش، ڕێگەیان پێنادرێت کاربکەن، هەروەها ڕاگەیاندنی حکومیش ڕەتیدەکاتەوە یارییەکانی ژنان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش بکەن ، بۆیە یانەکانی تۆپی پێی ژنان لە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی وەرزش بێبەشن.

 

ژن نەبیندراو دەکرێت

 سەرەڕای بوونی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە تۆپی پێی پیاواندا، ڕژێمی ئێران پشکی ڕاستەقینەی داهات بۆ مافی پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکانیان بە یانەکانی تۆپی پێی ژنان نادات، بەڵام لە تۆپی پێی پیاواندا، لە هەر حاڵەتێکدا، پەخشی ڕاستەوخۆی یارییەکان هەیە، کە داهاتێکی ڕێژەیی دەخاتە ناو تۆپی پێی پیاوانەوە.

 

هاوکات لە بارەی تۆپی پێی ژنان، پەخشکەر نەک هەر خۆی لە پەخشی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت، بەڵکو ڕەتیدەکاتەوە یارییەکانی ئافرەتان بە شێوەی ئۆفلاینیش پەخش بکات و تەنانەت هەڵبژاردنی وێنەی تۆپی پێی ژنان لە بەرنامەکانی هەواڵدا بە دەگمەن ڕوودەدات، زۆرجاریش سنووردار دەکرێت.

 

ئەم بابەتە وا دەکات تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە نەبیندرێت و لە ئەنجامدا یانەکان و تۆپی پێی ژنان بە گشتی تووشی فشار و خراپ بەکارهێنان دەبن.

 

مافی پەخشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە تێکڕا ٦٠%ی داهاتی یانەکانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان پێکدەهێنن و بێبەشکردنی تۆپی پێی ژنانی ئێران لەم سەرچاوە داهاتە ناچاری دەکات کە سەرچاوەکانی ئەو ٤٠%یەی کە دەمێنێتەوە لەبەرچاو بگرێت، بەڵام لەم بوارەدا دۆخەکە هەر وەک خۆیەتی 2٢٠-٣٠%ی ئەو داهاتەی لە تۆپی پێی جیهانیدا هاوبەشە لە ڕیکلامەکانی سەر درێس و لایەکانی یاریگا، بەڵام ئەم ڕیکلامانەش بەندە بە مافی پەخشی ڕاستەوخۆوە، واتە تا ئەو کاتەی یارییەکان ڕاستەوخۆ پەخش نەکرێن، ناتوانیت ئەو جۆرە ڕیکلامانە بەدەستبهێنێت، هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نابێت پارە بدات بۆ ئەو جۆرە ڕیکلامانە، چونکە پێویستە بیبینن.

 

بەگشتی ستراتیجی ڕژێمی ئێران لەماوەی ئەم دەیان ساڵەدا سەبارەت بە وەرزش و بەتایبەت وەرزشە باوەکانی وەک تۆپی پێ، هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی یانەکان و یاریزانەکان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بمێننەوە، چونکە ئەم ڕژێمە دەزانێت کە وەرزشە باوەکان توانای کۆمەڵایەتی بەرزی هەیە کە وایان لێدەکات بتوانن سەرنجی ملیۆنان کەس ڕابکێشن.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تێڕوانینی ڕژیم بۆ وەرزش و تۆپی پێ هەمیشە ڕوانگەیەکی ئەمنی بووە و هەوڵی داوە لە ڕووی ئابوورییەوە بیکاتە ژێردەستەی حکومەت بۆیە تا ئێستا تەنها کارگە و موڵکە گەورەکانی حکومەت دەبینین کە خاوەندارێتی یانەکان دەکەن، ئەم سیستمە ڕێگە بە بوونی هیچ یانەیەکی ئەهلی نادات.