ڕۆژی جیهانی نابینایان و پێویستی ئاگاداربوون لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان

پرسێکی گرنگ لە ئێراندا ئەوەیە کەدەوڵەت لە جیاتی پشتیوانی لە نابینایان، بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی نابیناکردنی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا.

فەوزان ئەحمەدنیا

 

ڕۆژی جیهانی نابینایان کە بەڕۆژی گۆچانیی سپی ناسراوە، هەموو ساڵێک لە ١٥ی تشرینی یەکەم لە ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆژە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی دەستکەوتەکان و گرنگیدان بە پێداویستییەکانی کەسانی نابینا و ئەو کەسانەی کەم دەبینن ناونراوە.

 

ڕۆژی جیهانی نابینایان بۆ هوۆشیارکردنەوەو نیشاندانی پشتیوانی وداننان بە دەستکەوتەکان لە بوارە جیاوازەکاندا گرنگە، هەروەها ئەمڕۆژە دەتوانێت ببێتە هاندەرێک بۆ حکومەت و ڕێکخراو و تاکەکان بۆ گرتنەبەری کردەوەی ئەرێنی و کاریگەر بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی نابینایان.

 

بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی ٢٢٣ هەزار و ٢٠٩ کەس لە ئێران کەم بینایییان هەیە کە ١٣.٥٪ی کۆی گشتی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، بە پێی ئامارە بەردەستەکان ٥٥٪ی نابینایان لە ئێران ژنن، بەم شێوەیە ڕێژەی ژنان بۆ پیاوان لەنێو نابینایاندا نزیکەی١.٢٢ بەرامبەر١، واتە بۆ هەر١٠٠ پیاوی نابینا، نزیکەی ١٢٢ ژنی نابینا هەیە.

 

نابینایان لە ئێران ڕووبەڕووی چەندین کێشە و تەحەددا دەبنەوە کە کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان هەیە، دەتوانرێت ئاماژە بەمانەی خوارەوە بکرێت:

 

دامەزراندن: یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان بۆ نابینایان دۆزینەوەی کارێکی گونجاوە، زۆرێک لە خاوەنکارەکان بەهۆی نەزانی یان جیاکارییەوە کار نادەن بە نابینایان، ئەم بابەتە دەبێتە هۆی بێکاری و کێشەی ئابووری بۆ نابینایان و بێبەشیان دەکات لە هەلی کاری گونجاو.

 

خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە: زۆرجار ژینگە گشتی و شارەکان بۆ نابینایان ناگونجێن، ئەمەش بریتییە لە نەبوونی سیگناڵی دەنگی لە چوار ڕێیانەکاندا، نەگەیشتن بە ئامێری وەرگرتنی پارەی ئۆتۆماتیکی و کێشەی هاتوچۆ لەسەر شەقامەکان، ئەم بابەتانە دەبنە هۆی ئەوەی کە نابیناکان لەبواری گواستنەوە و بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە گشتیەکاندا تووشی کێشەببنەوە.

 

ئامێری چاکسازی: نابینایان پێویستیان بە کەرەستەی تایبەت هەیە وەکو گۆچانی سپی، ئامێری خوێندنەوەی برایل؛ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە بەهۆی تێچووی زۆر و بەردەستبوونی سنووردار، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان.

 

پەروەردە: دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی پەروەردەیی گونجاو و مامۆستای پسپۆڕ بۆ نابینایان سنووردارە، ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کوالیتی خوێندن و دەرفەتی خوێندنیان هەبێت.

 

خزمەتگوزارییە تەندروستی و پزیشکییەکان: نەبوونی کەرەستەی پزیشکی گونجاو بۆنابینایان و نەزانینی کارمەندانی پزیشکی لە پێداویستییە تایبەتەکانی نابینایان، دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی نابینایان هەبێت.

 

فشارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان: نابیناکان ڕووبەڕووی هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی جێندەری دەبنەوە، باوەڕە نەریتی و کولتوورییەکان لە هەندێک بواردا دەتوانن سنووردارکردنی زیاتریان بۆ دروست بکەن، ئەم سنووردارکردنانە لەوانەیە بریتی بن لە سنووردارکردنی جووڵە، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و تەنانەت جیاکاری لە خێزانەکەدا.

 

کاریگەرییە دەروونییەکان: جیاکاری و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە گۆشەگیری و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە نابینایاندا، نەبوونی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و خێزانیش دەتوانێت ئەم کێشانە گەورەتر بکات، نابینایان پێویستیان بە پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم تەحەددایانە ببنەوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر یەک لەم کێشە و گرفتانە لە سەر ژنان کاریگەری زیاتری هەیە، ڕەنگە ژنانی نابینا بەهۆی زیاتر پشتبەستن بە ئەندامانی خێزان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە کەمتر بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ئەمە هۆکارێکە بەرەوڕووی توندوتیژی خێزانی ببنەوە، ئەم توندوتیژییانە دەتوانن توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت ئابووریش لەخۆ بگرن.

 

سەرەڕای هەموو ئەم کێشە و هەڵاواردنانە، ژنانی نابینا چ لە دەرەوەی وڵات و چ لە ئێران توانیویانە ئازایانە بەرامبەر هەموو کێشەکان بوەستنەوە و دەنگی خۆیان بگەیەنن.

 

لە ژنانی نابینای سەرکەوتوو لە جیهاندا دەتوانی ئاماژە بە مارلا ڕونیان ڕاکەری دوو ماراسۆنی ئەمریکیی و یەکەم وەرزشکاری نابیناو هلێن کلر یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسانی نابینا و نابیست لە مێژوو، نووسەر و وتاربێژ و چالاکوانی سۆسیالیستی و یەکێک لە کەسایەتییە ئیلهامبەخشەکانی سەدەی بیستەم بکەین.

 

هەروەها لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کەسانێک وەک سۆهەیلا جورکێش، یەکێک لە قوربانیانی تێزاب لە ئێران کە سەرەڕای لەدەستدانی بینایی، درێژە بە چالاکییە کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤییەکانی دەدات و ڕامۆنا هاشمی، کچێکی تەمەن١٢ساڵە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان کە لە بواری نووسین و مەلەکردن و شەترەنجدا چالاکە ناو ببەین.

 

بۆ ژنانی نابینا، تەحەددیاتی زیادە وەک سنووردارکردنی جەستەیی و کۆمەڵایەتی دەتوانێت بەشداربێت لە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی، پرسێکی گرنگ لە ئێراندا ئەوەیە کەدەوڵەت لە جیاتی پشتیوانی لە نابینایان، بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی نابیناکردنی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا، لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی٢٠٢٢، ڕژێمی ئێران بە توندی مامەڵەی لەگەڵ خۆپیشاندەران کرد و هێزە ئەمنییەکانی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا، ئەم کارانە بریتی بوون لە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقاندنی دەمانچەی ساچمەیی کە لە ئەنجامدا زۆرێک لە خۆپیشاندەران بە سەختی برینداربوون.

 

لە درێژەی ڕوونکردنەوەکانی پێشوودا دەبێت بڵێم کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی٢٠٢٢دا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و فشارەکانەوە، زۆرێک لە بریندارەکان نەیانتوانی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بگات.

 

هەندێک کەس بەهۆی سەختی برینەکانیان و دەستنەگەیشتن بە چارەسەری پێویست تووشی کێشەی جددی بوون و تەنانەت بینایییان لەدەستدا، ئەم دۆخە نیگەرانییەکی زۆری کۆمەڵگەی پزیشکی و مافی مرۆڤی لێکەوتەوە و زۆرێک لەڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەم دۆخە و داوای دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی ئازادانە و چاونەترسانەیان کرد بۆ هەموو مرۆڤەکان.

 

بەپێی زانیارییەکان لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی٢٠٢٢، لانیکەم ٥٨٠ کەس تووشی برینێکی سەختی چاویان بوون کە بەشێکی زۆریان بەهۆی تەقەی ساچمە بووە، ئەم ئامارە لەلایەن پزیشکانی چاوەوە لە تشرینی دووەمی ساڵی٢٠٢٢ڕاپۆرت کراوە و ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی زیانبەرکەتووان زیاتر بێت.

 

ڕژێمێک کە هۆکاری نابیناکردنی خەڵکەکەی بێت، ناتوانێت پشتیوانی لە نابینایان بکات و هەلومەرجی خۆشگوزەرانی و پەروەردە و ئەمنی پێویستیان بۆ دابین بکات، سەرەڕای ئەو هەموو فشارانە لەسەر ئەو ژن و پیاوانەی بەهۆی ڕژێمەوە  چاویان لەدەستداوە، دەبینین ئەو کەسانە هێشتا لە بەرامبەر نادادپەروەری و نایەکسانیدا بەرز و پتەو وەستاون، خەباتیان تەنها بۆ لەدەستدانی چاویان نییە، بەڵکو بۆ ئەو نادادپەروەری و دڕندەییەی کەڕژێم بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.

 

نابینایانی ڕاستەقینە ئەوانەن کە چاویان بەرانبەر ستەمکاری و ستەمدا دادەخەن و ئەوڕێگایە پەیڕەو دەکەن کە هەژاری و ستەم و جیاکاری و کوشتار و شەڕ دەهێنێتە جیهان، ڕۆژی جیهانی نابینایان بەرز ڕابگیرێت بۆ هەموو ژنە ئازاکانمان کە سەرەڕای لەدەستدانی چاویان بە چاوی دڵیان شەڕیان کرد.