خۆراکی تەندروست؛ بێبەشییەکی تر کە ڕووبەڕووی ژنانی دووگیانی یەمەن دەبێتەوە
لە کاتێکدا خێزانە یەمەنییەکان لە خەباتدان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری زیادە دەبنەوە کە بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و چاودێری تەندروستی پێویست لە کاتی دووگیانیدا.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن-ململانێکان و تێکچوونی دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستەنگی بۆ خێزانە یەمەنییەکان لە دەستەبەرکردنی خۆراکی پێویست و هاوسەنگ، ژنان و بەتایبەت دایکان پشکێکی بەرچاو لە بارگرانی ئەم قەیرانە لەناو بنەماڵەکانیاندا هەڵدەگرن.
لەگەڵ دابەزینی داهاتی خێزانەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، زۆرینەی خێزانەکانی یەمەن ناچارن ژمارەی ژەمەکان کەم بکەنەوە کە دەیخۆن یان دەستبەرداری ئەو خۆراکانەبن کە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ماددە خۆراکییە پێویستەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی منداڵان دەبێت و مەترسی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی زیاد دەکات.
داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن کە ١٨.٣ ملیۆن کەس لە یەمەن بەدەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، جگە لەوەش، پێشبینی دەکرێت کە نزیکەی ١٠٣ ملیۆن ژنانی دووگیان و شیردەر لە ساڵی ٢٠٢٦دا تووشی بەدخۆراکی ببن.
لە کلینیکەکەیدا، هودا حمادی، پزیشکی پسپۆڕی خۆراکی دەبینێت کە ژنانی دووگیان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، جا بەهۆی کەمی کێش یان جەستەیان وەرنەگرتنی ماددە خۆراکییە پێویستەکان بێت لە کاتی دووگیانیدا.
وتیشی: هەژاری و تێکچوونی دۆخی ئابووری هۆکاری سەرەکیی بەدخۆراکییە لە یەمەن، هاوکات لەگەڵ کەمیی سەرچاوە مرۆییەکان و کشانەوەی چەند ڕێکخراوێک کە پێشتر پاڵپشتیی خێزان و دامەزراوە تەندروستییەکانیان دەکرد کە لە بواری خۆراک و چارەسەری بەدخۆراکیدا کاریاندەکەن، نەبوونی هۆشیاری لە گرنگی خۆراک هۆکارێکی ترە کە کێشەکە گەورەتر دەکات، جا چ لەڕووی خووی خۆراکەوە بێت یان دەستڕاگەیشتن بە ڤیتامین و کانزاکان، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هۆشیاری دایکان سەبارەت بە گرنگی پاراستنی تەندروستی و خۆراکی خۆیان لە کاتی دووگیانیدا ئاڵۆزتر دەبێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی منداڵەکە دەبێت، بەتایبەتی لە مانگەکانی یەکەمی دووگیانی دا.
ئەم نیگەرانیانە لە دۆخی بەرفراوانی مرۆیی وڵات دابڕاو نین، نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کەس لە یەمەن لە ساڵی ٢٠٢٦دا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی مرۆیی دەبێت کە ١٠ ملیۆن و ٩٥ هەزاریان ژن.
هەروەها توانای سیستمی تەندروستی بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکان دابەزیوە، تەنها نزیکەی ٥٩.٤٪ی دامەزراوە تەندروستییەکان بە توانای تەواو کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاردانەوەکانی بەدخۆراکی تەنها لە لایەنی جەستەییەوە سنووردار نییە، بەڵکو دەتوانێت درێژبێتەوە بۆ گەشەکردنی منداڵان و ئاستی چالاکییەکان و تواناکانی فێربوون، کەمی خۆراکی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتاری منداڵان و ئاستی چالاکییەکان و جوڵەی منداڵان هەبێت، هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر فێربوون و گەشەکردنی زانست و زانیاریان هەبێت، بەتایبەتی کاتێک کەمیی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت.
ژمارە ترسناکەکان لە نێوان ژنانی دووگیاندا
هودا حمادی دووپاتی کردەوە، کە ژنان لە یەمەن زیاتر تووشی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی و کێشەکانی پەیوەست بە بەدخۆراکی دەبن، هەروەها لە ٨٠٪ی ژنانی دووگیان مەترسیی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی و بەدخۆراکییان لەسەرە، کارەکانی لە کلینیکەکەدا بریتین لە بینینی ژنانی دووگیان کە بەدەست پلەی جیاوازی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، جا بەهۆی کەمی کێش یان زیادەی کێشەوە بێت، ئاماژە بە تێبینییەکانی ئەو ژنانە دەکات کە لە کەرتی منداڵبوون و ژنان کاردەکەن سەبارەت بە حاڵەتەکانی کەمی هەندێک ماددەی خۆراکی، لەنێویاندا کالیسیۆم.
ناوچە گوندنشینەکان: ڕێگایەکی درێژتر بۆ چاودێریکردن
ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری خۆراکی و تەندروستی، کە لە خراپی دۆخی ڕێگاوبانەکان و سەختی گەیشتن بە نەخۆشخانەکانەوە دەستپێدەکات، بەردەوام دەبێت بە تێچووی زۆری گواستنەوە، دەگاتە لوتکە بە نەبوونی کارمەندی پسپۆڕ لە هەندێک بواردا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە چەمکی خۆراکی چارەسەری یەکێکی دیکەیە لە بەربەستەکان، هەندێک لە خێزانەکان چەمکی خۆراکی چارەسەری کەمدەکەنەوە بۆ ئەو یارمەتییە خۆراکییانەی کە لەلایەن بەرنامەکانی خۆراکەوە دابین دەکرێن، وەک دانەوێڵە و گەنمەشامی، لەکاتێکدا خۆراکی چارەسەری پێویستی بە هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی هەر حاڵەتێکی تاکەکەسی و داڕشتنی پلانێکی خۆراکی گونجاو هەیە.
هەروەها تێچووی پشکنینەکان و تەواوکەرە خۆراکییەکان و پلانی خۆراکیش بارگرانییەکی زیاترە لەسەر خێزانەکان، کە ئاماژە بە گرانی تێچووی پشکنینی ڤیتامین و کانزاکان دەکات، ئەمە جگە لە نرخی تەواوکەرەکان و کەمیی هەندێکیان لە ناوچە گوندنشینەکان.
ئەم گرفتانە لەناو سیستەمێکی تەندروستیدا سەرهەڵدەدەن کە لە ئێستاوە بەدەست کەمی سەرچاوەکانەوە دەناڵێنێت، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی لە ٤٠٪ی دامەزراوە تەندروستییەکان لە یەمەن کارناکەن یان بەشێکیان کاردەکەن، لەکاتێکدا تەنها نزیکەی لە ٢٠٪ی دامەزراوە تەندروستییە کاراکان خزمەتگوزاری تەندروستی دایکان و منداڵان پێشکەش دەکەن.
خۆراک تەنها تەواوکەری خۆراک نییە
ڕوونیکردەوە، کە چارەسەرکردنی بەدخۆراکی نابێت تەنها بە خواردنی تەواوکەری خۆراکی سنوردار بێت، بەڵکو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ژنەکە و پێداویستییە خۆراکیەکان دەست پێدەکات، پاشان دیاریکردنی ماددە خۆراکییە تایبەتەکان یان تەواوکەرە خۆراکیەکان کە پێویستیانە بە پشتبەستن بە پشکنینی پزیشکی و بەدواداچوون.
هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی بێ جیاوازی ڤیتامین و کانزاکان، ڕوونیکردەوە، کە پێداویستی ژن بەپێی باری تەندروستی و قۆناغی دووگیانی جیاوازە، وتی: دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک ماندوێتی، هەڵوەرینی قژ، ئازاری جومگە و ددانەکان مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ کەمی ماددە خۆراکییە تایبەتەکان، ئەمەش وایکردووە پشکنینی پزیشکی و هەڵسەنگاندنی پێویست پێش دیاریکردنی چارەسەرکردن.
جەخت لەسەر گرنگی وەرگرتنی خۆراکی هاوسەنگ و جیاوازی ژنانی دووگیان کردەوە، کە هەموو ئەو ماددە خۆراکیانەی لەخۆبگرێت کە جەستە پێویستی پێیەتی، نەک گرنگیدان بە یەک جۆری خۆراک یان خواردنی تەواوکەری خۆراک بەبێ چاودێری پیشەیی.
لە کۆتایدا، لە وڵاتێکدا کە ١٨.٣ ملیۆن کەس بەدەست نائەمنی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن و زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند دەبنەوە، پێدەچێت خۆراکی ژنانی دووگیان بەشێک بێت لە قەیرانێکی فراوانتر کە تێکەڵ بە شەڕ و هەژاری و دابەزینی خزمەتگوزارییە تەندروستی و مرۆییەکانە.