ژنانی سودان لە نێوان بارودۆخی تەندروستی ئاڵۆزدا بەرەنگاری نەخۆشییەکان دەبنەوە
هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی یەکەمدا ژمارەیەک دامەزراوەی تەندروستی لە سودان لە "تشرینی پەمەیی" چالاکی ئەنجام دەدەن، لە ڕێگەی ئەم چالاکییانەوە داوای زوو دەستنیشانکردن دەکەن بۆ ئەوەی مەترسییەکانی داهاتوو ڕوونەدات.

ئایە ئیبراهیم
سودان - مانگی هۆشیاری ئەمساڵی شێرپەنجەی مەمک لە کاتێکدایە کە بارودۆخی تەندروستی ئاڵۆز ڕووبەڕووی ژنانی سودان دەبێتەوە لەو وڵاتەدا، لەوانەش ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، جگە لە گرنگیدان بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک و خۆپاراستن لێی، نەخۆشیەکانی دیکە وەک تای خوێنبەربوون و مەلاریا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە خەرتومی پایتەختدا بڵاوبوونەتەوە.
مەیادە عەبدوڵا، بەرپرسێک لە ڕێکخراوی "ئەتوانیت" کە کار لەسەر بەهێزکردنی ژنان دەکات لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، وتی: تشرینی پەمەیی شوێنی دەستپێکردنی هەڵمەتەکەیانە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە گرنگی زوو دەستنیشانکردن و خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک.
ڕوونیشیکردەوە، ئازارەکانی ژنان و ئەو فشارانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەناو ئەو ململانێیەدا چەند هێندە زیادی کردووە، شێرپەنجە دڵەڕاوکێیەکی زیادەیە بۆ ژنان، وتی: هەوڵدەدەین زانیاری پێویست لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی خۆپێشاندان و فێربوونی ئەو دامەزراوانەی چارەسەر پێشکەش بە ژنان بکەین، ئەمە جگە لەو پڕۆژانەی کە بۆیان دابین دەکەین، داوای لە هەموو ژنان کرد کە زوو پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بکەن بۆ پارێزراوی خۆیان.
ئالا قاسم، پسپۆڕی نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵان لە بەشی ئۆنکۆلۆژی لە شاری پزیشکی مەروی ڕایگەیاند، زیاتر لە %٧٥ی دایکان یاوەری منداڵەکانیان دەکەن کە تووشی شێرپەنجە دەبن و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی وڵات و سەختی گەیشتن بە نەخۆشخانەکە، ئازارێکی زۆریان هەیە، بەو پێیەی تاکە نەخۆشخانەیە کە پێشوازی لە منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی سەخت دەکات، کە ئەمەش بووەتە هۆی فشاری دەروونی بەرچاو.
ڕوونیشیکردەوە، کە بڵاوبوونەوەی پەتاکان لە هەندێک ناوچەدا ئازارەکانی دایکان گەورەتر کردووە، ئەمەش وایکردووە لە گۆڕەپانێکدا دایبنێن، ئایا پێویستە یاوەری منداڵە نەخۆشەکەی بکات بۆ نەخۆشخانە و منداڵەکانی دیکەی بەجێبهێڵن لە مەترسیدا، یان دەبێت بمێنێتەوە بۆ پاراستنی هەموویان؟، ژنانی سودان وەک هێمای هێز و خۆڕاگری دەمێننەوە، توانای ئەوەیان هەیە بە خۆڕاگری و ئیرادەی نەگۆڕ ڕووبەڕووی سەختترین بارودۆخەکان ببنەوە.
بڵاوبوونەوەی پەتا ئازاری ژنان زیاتر دەکات
تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای جزیرە لە ناوەڕاستی سودان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغەی کە دەوڵەتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرادا بووە، کە ئەمەش بووە هۆی داخستنی دامەزراوە حکومییەکان، لە نێویاندا دامەزراوە تەندروستییەکان، کە نزیکەی ٩٠%یان داخران، بەپێی وتە ڕەفقە عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس دانیشتووی پارێزگاکە.
ئاماژە بە سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی پەتا دەکات، وەک تای خوێنبەربوون، تای ڤایرۆسی و هەوکردنی جگەر، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتداران قوتابخانەکان دابخەن وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایانە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی هەڵمەتەکانی پاکوخاوێنی ژینگەی و هۆشیاری تەندروستی هەوڵەکانیان دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.
ڕوونیشیکردەوە، ژنان زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن و بەهۆی بوونیان لە پەناگەدا ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە، وتی: ژنان هێشتا لە خەباتدان بۆ مانەوە دوای تێکچوونی بارودۆخەکان لە کاتی شەڕ و ئێستاش بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە.
پشتگیری دەروونی پێویستییەکی ڕەهایە
سامیە حسێن، بەرپرسی نەخۆشخانەی ئۆنکۆلۆژی دامان ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرینەی تووشبووانی نەخۆشخانەکە ژنن، هەروەها ژنانیش هەن کە یاوەری منداڵە نەخۆشەکانیان دەکەن، کێشەکە لەوەدایە کە چارەسەر لە هەموو بوارەکاندا بەشێوەیەکی بەرفراوان بەردەست نییە، ئەمەش ناچاری کردوون لە پارێزگا جیاوازەکانەوە مەودای دوور ببڕن و بەدوای چارەسەردا بگەڕێن لەو نەخۆشخانەیەی کە کاری لێێدەکات، پێویستی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ ژنان لەم جۆرە بارودۆخانەدا کردەوە، بە تایبەت کە چیرۆکی جوڵاو و کارەساتبار هەن کە پێویستیان بە پشتیوانی کردن هەیە.
زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشی: ژیانێکی نوێ
سەلما عەواز فەزیل، چالاکوانی کۆمەڵایەتی کە لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و میدیا لە شاری پزیشکی مەروی لە پارێزگای باکوور کاردەکات، وە ساڵانە چالاکی تشرینی پەمەیی ڕێکدەخات، جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێکخستنی ئەم جۆرە بۆنەیە بەشێکە لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە پێویستی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە نێو ئەو ژنانەی کە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی ململانێ و نەخۆشی دەبنەوە.
داوای لە ژنان کرد کە ترسیان لە شێرپەنجەی مەمک نەبێت، زاڵ بن بەسەر ترسەکە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە زوو دەستنیشانکردنی ژیان ڕزگارکەرە، هەروەها گومانی لە سەختی تووشبوون بە نەخۆشییەکە نییە، جا بۆ ژنێک بێت یان خێزانەکەی، چونکە ململانێی بەردەوام بەهۆی بارودۆخی ئابووری و گرانی تێچووی چارەسەرکردن، ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵیدا قورستر کردووە.