ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی شەڕی غەززەوە بڵاوبوونەتەوە، زیاتر ژنان و منداڵانی گرتووەتەوە

پزیشک نور شوا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شەڕەی لە کەرتی غەززە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامە، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و هەزاران کەسی ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی کردووەتەوە.

ڕەفیف سەلیم

 

غەززە- لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕ لە غەززە بەردەوامەو دانیشتووانی کەرتی غەززە بەدەست کەمی خۆراک دەناڵێنن، بەشێوەیەک تا ئاستی برسێتی دۆخەکە خراپ بووە، شەڕەکە بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، ئەمەش زیاتر کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵان کردووە.  

 

"ژینگە پیس بووەو نەخۆشی بڵاوبووەتەوە"

پزیشک نور شوا ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەرییەکانی شەڕ چەندین نەخۆشی بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر دانیشتووانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پیسبوونی ژینگە و هەموو ئەو ماددەی تەقەمەنیانەی لەسەر شەقامەکانن، بوونی ئاوی پیس یاخود نەبوونی خۆراک و چارەسەری پێویست بۆ بریندارەکان، چەندین نەخۆشی بڵاوبووەتەوە، وتی: سەرەتا پێویستە تاک ئاگاداری خۆراک و جۆری ڤیتامینات بێت لە خواردنەکانیدا، یاخود ماسی بخۆن بۆ دابینکردنی ماددەی خۆراکی پێویست، جگە لەوە هێلکە و شیر بەسوودن بۆ مرۆڤ بەڵام بەهۆی شەڕەوە لە بازاڕەکانی غەززەدا نەماون، هەروەها نەبوونی کارەبا و بەرزی پلەی گەرمی، سەرجەمیان هۆکارن بۆ تێکچوونی تەندروستی هاوڵاتیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، نەمانی ئەو خۆراکانەی پێشوو مانای ئەوەیە لەش پرۆتین و ڤیتامین و کالسیۆم و ئاسن و کانزاکانی پێویست بەدەست ناهێنێت، بەمەش کۆئەندامی بەرگری کە بەرەنگاربوونەوەی چەندین نەخۆشی دەکات لاواز دەبێت و نەخۆشی دەتوانێت هێرشی بکاتە سەر.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەکە تەنها لە خۆراکدا نییە، بەڵکو پیسبوونی ژینگە گەیشتووتە بیر و ئاوەکانی ژێر زەوی لە غەززە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە، زەردوویی، و ڕشانەوە، کە بریتین لەو نەخۆشیانەی بۆ چاکبوونەوەیان پشت بە ئاوی کانزایی و پاک دەبەستن.

 

نەخۆشییەکانی گەدە و جگەر، کە بەهۆی پیسبوونەوە دروست دەبن، جگە لە دروستبوونی پەڵە لەسەر پێست، سەر ڕووتاویی ناوچەی سەر و برۆ، نەخۆشی کۆکە و زەردوویی و مێرووەکانی سەر وەکو مێشوولە بەهۆی نەبوونی ئاوی پاک بۆ خۆشۆردن، هەموو ئەم نەخۆشیانە زیاتر لەوانی تر ژنان و منداڵان دەکەنە ئامانج.

 

"ژنانی تووشبوو بە نەخۆشی درێژخایەن کاریگەری زیاتریان لەسەرە"

پزیشک نور شورا باسی لەوەکرد، ئەو کەسانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەم قەیرانەوە، ئەو ژنانە بوون کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەک بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە، جگە لە تووشبووانی شێرپەنجە و گورچیلە نەخۆشەکە لە ئازاردا دەستی بە هاوارکردن دەکات و هیچ چارەسەرێک نییە بۆیان ئەنجام بدرێت، جگە لەوەش پزیشک و پەرستارەکان کار ناکەن بەهۆی شەڕی بەردەوام و ترس لە گیانی خۆیان.

 

جەختیشی کردەوە، ئەو گەمارۆیەی بەسەر نەخۆشخانەکاندا سەپێندرا و لەناوبردنی کەرتەکە بووە هۆی خراپترکردنی دۆخەکە، چونکە پێشتر دەرمانخانەکان کە ئەرکیان چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی سادە بوو وەک ئەنفلۆنزا، کارەکانیان بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە ئاسان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا فشار لەسەر نەخۆشخانە سەرەکییەکان دروستبووە بۆیە حاڵەتەکانیش بەرەو خراپتر دەڕۆن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، نور شوا، ئاماژەی بەوەدا فشارەکان لەسەر ئەو ناوەندانە بەڕێژەی ٨٥٪ زیادیکردووە، بەهۆی ئەوەی بەشێکیان لە خزمەت دەرچوون لە سەرەتای شەڕ و لە کاتی هێرشە زەمینییەکان کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستیان پێکردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە، چونکە نەبوونی کوتان یەکێکە لە هۆکارەکانی خراپتر بوونیان.