چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشی فرەڕەقبوونی دەماری تاقیدەکرێتەوە

لە توێژینەوەیەکدا چارەسەرێکی نوێ بۆ نەخۆشی فرەڕەقبوونی دەماری تاقیدەکەنەوە کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەخۆشی فرەڕەقبوونی دەماری "MS" نەخۆشییەکی بەرگریی دژەخۆییە واتە سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرشدەکاتە سەر خانەکانی جەستە و وەک تەنێکی نامۆ دەیانناسێتەوە، بەمەش هەوکردنی تووند دروستدەبێت و خانەکان لەنێودەچن.

 

 

توێژەران لە زانکۆی کامبریج لە ئینگلاند بەشێک لە خانەکانی بەرگریی جەستە دەچێنن تاوەکو ئەو هەوکردنەی بەهۆی نەخۆشی فرەڕەقبوونی دەمارییەوە دروست دەبێت، بنبڕی بکەن.

 

پڕۆفیسۆر ئادریان لیستۆن، سەرپەرشتیاری تاقیکردنەوەکە وتی: بەشێک لە خانەی تایبەتمەندی بەرگریی جەستە بەکاردەهێنین بۆ چارەسەرەکە، چونکە ئەو خانانە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشکردنە سەر خانەکانی جەستە و سیستمی بەرگریی جەستە دەوەستێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دەرمانەکە بەجۆرێک کاردەکات کە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو کۆئەندامی دەمار و تەنیا لە مێشک و دڕکەپەتک کاربکات، تاوەکو ڕێگری لە هەوکردنی مێشک و پووکانەوەی دەمارەخانەکان بکرێت.

 

هاوکات ئاماژە بەوەشدەکەن، چارەسەرەکە لە قۆناخی دەستپێکدایە و چەند قۆناخێکی ماوە تاوەکو لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە.

 

 

نیشانەکانی نەخۆشییەکە:

- ناڕێکیی لە جووڵە

- کەمبوونەوەی هاوسەنگیی جەستە

- لاوازیی بینین

- لاوازیبوونی بیرکردنەوە و توانای یادگە

-سڕبوونی پەلەکان

-گرژبوونی ماسولکەکان