جەستەی ژن؛ ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئیرادەی ژنان

تەندروستی ژنان یەکێکە لەو شتانەی کە کەمترین بایەخی پێدەدرێت و لە ئێرانیشدا کە یاسا و کۆمەڵگە پیاوسالارییە، تەندروستی و جەستەی ژنان بووەتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنیان، کۆمەڵێک ژن باس لە ئەزموونەکانیان دەکەن لەم بوارەدا.

لارا گەوهەری

 

مهاباد- بە تێڕوانینێکی سادە لە تەندروستی ژنان، کاتێک باس لە ڕەگەز دەکرێت، تێدەگەین کە لە ئێران یاساکانی حکومەت و کولتووری پیاوسالاری تەندروستی ژنان دەخەنە مەترسییەوە، لە ئێستادا بەپێی "پلانی زیادکردنی ڕێژەی منداڵبوون و ڕێگریکردن لە دابەزینی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوانی وڵات"، "لەباربردن، نەزۆککردن، ڤازێکتۆمی، توبکتۆمی" قەدەغەیە، هەروەها دوو بۆ پێنج ساڵ زیندانی بۆ بکەرانی دانراوە، خزمەتگوزاری چاودێری لە کاتی دووگیانیدا لە لیستی بیمەدا لادەبرێن و دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە فەرمی بەردەست نین، ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان نەکردووە لە هەندێک خزمەتگوزاری پزیشکی ژنان بێبەش دەکرێن، هەموو ئەم گرفتانە لەگەڵ قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئێران کە ساڵانێکە سێبەری بەسەر مافەکانی ژناندا کردووە، نموونەی ئاشکرای توندوتیژی دژ بە ژنانن، کە تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ژنان دەخاتە مەترسییەوە.

 

لەم ڕاپۆرتەدا لەگەڵ چەند ژنێک قسەمان کرد سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ژنان و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

"زۆرێک لەو ژنانەی هاوسەرگیریان نەکردووە، ناتوانن سەردانی پزیشک بکەن"

سەمیرە بابایی تەمەنی، ٢٩ ساڵە و هاوسەرگیری نەکردووە، دەربارەی سەردانیکردنی پزیشکی ژنان دەڵێت: کاتێک فۆڕمی پێداویستی پزیشکیم پڕکردنەوە، خانەی هاوسەرگیری نەکردووەم هەڵبژارد، تووشی هەوکردنێکی سەخت ببووم، لەبەرئەوەی هاوسەرگیریم نەکردبوو، زۆر ململانێم لەگەڵ خۆمدا کرد بۆ ئەوەی نەچمە لای پزیشک، بەڵام هەوکردنەکەم ئەوەندە توند بوو کە ناچار بووم بچم، کاتێک چوومە لای دکتۆر و زانی کە هاوسەرگیریم نەکردووە، ڕەتیکردەوە پشکنینم بۆ بکات و وتی لەڕووی یاساییەوە کێشەم بۆ دروست دەبێت ئەگەر پشکنینت بۆ بکەم، هەروەها چەند جۆرێک حەبی بۆ نووسیم، یەکێک لە حەبەکان تا کۆتایی کاریگەری لەسەر نەخۆشییەکەم هەبوو.

 

سەبارەت بە هەستەکانی بەرامبەر بە کاردانەوەی پزیشکەکە دەڵێت: لەو ساتەدا هەستم بە خراپییەکی زۆر کرد و هەستم کرد کەسێک هەبوون و کەسایەتی من دەکوژێت، بەڵام هیچ شتێک نەبوو کە بتوانم بیکەم، هەستم دەکرد ئەو دەستی یارمەتییەی کە بۆ کەسێک درێژم کردبوو، بە توندوتیژییەکی پیس ڕەتکرایەوە، دواتر کاتێک جارێکی تر سەردانم کردەوە بۆ ئەوەی پزیشکێک پشکنینم بۆ بکات، بیمەم بەکارنەهێنا و ناچار بووم بڵێم هاوسەرگیریم کردووە، زۆر کەس وەک منن، وە ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە زۆرێک لە ژنانی هاوسەرگیری نەکردوو خۆیان دەرمان دەکەن، چونکە ناتوانن بچنە لای پزیشک و نەخۆشیەکەیان خراپتر دەبێت.

 

ژنان بەهۆی نەتوانینی خەرجییەکانەوە بەدەست دەرمانی لەباربردنەوە دەناڵێنن

نەسرین دەروێشی ژنێکی دووگیانە و پێشینەی نەخۆشی داون سیندرۆمی لە خێزانەکەیدا هەیە، نەسرین سەبارەت بە پشکنین لەکاتی دووگیانیدا دەڵێت: پێشتر زۆرێک لە پشکنین و وێنەکان کە لەکاتی دووگیانیدا دەگیران لەلایەن پزیشکەوە پێشنیار دەکرا و بیمە دەیگرتەوە،  من هەموو پشکنینەکانم بۆ منداڵی یەکەمم کرد، بەڵام بۆ ئەو منداڵەی ئێستا لە سکمدایە، پزیشکەکان لە ئەگەری داون سیندرۆم ئاگادار کردووەتەوە، دەڵێن کە پشکنینەکان ئاسایین، بەڵام لەسەر داوای ئێوە، دەتوانم تاقیکردنەوەکانی داهاتووتان بۆ بنووسم.

 

سەبارەت بە تێچووی زۆری پشکنینەکان دەڵێت: هەر پشکنینێک کە کردوومە بەتەواوی بێبەرامبەر بووە، چونکە ئەگەر بمەوێت شوێنێکی سەلامەت بۆ سۆنەر هەڵبژێرم، کە سەر بە حکومەت نەبێت، پارەی زۆر وەردەگرن یان بیمەکە ڕێژەیەکی کەم دەدات و لە تواناماندا نییە خەرجییەکەی بدەین.

 

نەسرین دەڵێت: وەک ئەوە وایە حکومەت بە هەر نرخێک بێت بیەوێت ژمارەی دانیشتووان زیاد بکات، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەش تەندروست نەبێت، لەناو هاوڕێکانمدا ژنێکم بینیوە کە مەترسی ئەنجامدانی پشکنینی وردتریان نەکردووە و لە پشکنینە سەرەتاییەکان ڕازی بوون، بەڵام منداڵی مردوویان بووە و لەباربردنیان کردووە، یان منداڵەکانیان بە تەندروستی لەدایک نەبوون.

 

"ڕووبەڕووی مەترسی مردن بوومەوە"

ماریا خزری تەمەن ٢٧ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە ناچار بە لەباربردن کرا. سەبارەت بە ئەزموونی لەباربردنی منداڵ دەڵێت: لە ساڵی یەکەمی هاوسەرگیرییەکەمدا بۆم دەرکەوت کە دووگیان بووم، من و هاوژینەکەم هیچ کێشەیەکمان نییە و مناڵم خۆشدەوێت و بەڕاستی حەزم دەکرد ببمە دایک، بەڵام هاوژینەکەم ناچاری لەباربردنی منداڵەکەمی کردم و وتی منداڵی ناوێت.

 

ماریا بەهۆی پێداگری هاوژینەکەیەوە ناچار بوو لەباربردنی نایاسایی بکات و وتی: چوومە لای مامانێک و ئەویش ڕازی بوو کە لەباربردنی منداڵەکە بە تێچووی زۆر ئەنجام بدات، زۆرێک لە مامانەکان ئەمە دەکەن هەرچەندە نایاساییە، بەتەواوی بیرمە کاتێک مامانەکە لێی پرسیم، دڵنیای دەتەوێت منداڵەکە لەبارببەیت، منیش گریام، وتی ئەگەر لە کاتی دووگیانیدا خەرجییە پزیشکییەکانیشی نەبێت، دەبێ خۆت چاودێری خۆت بکەیت، بەڵام سەرم لە سەرم دانا و ئەویش لەباربردنەکەی کرد.

 

دەشڵێت: تەمەنم ٢١ ساڵ بوو، هیچ ئەزموونێکم نەبوو و گەنج بووم، مانگێکی تەواو خوێنبەربوونم هەبوو و پێم وابوو ئاساییە، بەڵام کاتێک بە دایکمم وت، بەخێرایی بردمی بۆ لای پزیشک و دوای سۆنەر، بۆمان دەرکەوت کە لەباربردنەکە بە تەواوی نەکراوە و جارێکی دیکە بۆیان ئەنجام دامەوە.

 

دوای ئەم لەباربردنە، ماریا هەرگیز نەیتوانی دووگیان بێتەوە و پێدەچێت تا کۆتایی ژیانی لەژێر کاریگەرییەکانی لەباربردنەکەدا بژی، دەڵێت: من ڕووبەڕووی مەترسی مردن بوومەوە و ئێستا کە ٦ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕیوە، تا ئێستا نەمتوانیوە ببمە دایک و ڕقێکی سەیرم هەیە بەرامبەر هاوژینەکەم و تا ئێستاش نازانێت دەتوانێت دووگیان ببێت یان نا.

 

"هیوادارم ڕۆژێک کچەکەم خۆی کۆنترۆڵی جەستەی بکات"

هدیە پەرویزی دایکی منداڵێکە و بەم دواییە لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، دەڵێت: کاتێک زانیم دووگیانم سێ مانگە، کێشەیەکم لەگەڵ هاوژینەکەمدا هەبوو، بەڕاستی ویستم منداڵەکەم لەبارببەم، بەڵام هاوژینەکەم پێیوابوو کە ئەم منداڵە دەتوانێت وا لە من بکات بە هەموو شێوەیەک بەرگەی بگرم، خێزانەکەیشی بە هەمان شێوە بەهۆی بیروباوەڕی خۆیانەوە ئەم کارەیان لێ قەدەغە کردم، خێزانەکەم بە هیچ شێوەیەک پشتگیریان نەکردم، کاتێک چوومە لای دکتۆر و وتم بڕیارە لەباربردنی منداڵ بکەم، وتی ئەمە یاسایی نییە و نایکەم، بەتایبەتی کاتێک هاوژینەکەت ڕازی نەبێت، چونکە دەتوانێت سکاڵامان لەسەر تۆمار بکات.

 

هدیە وتیش: زۆر کەس لەباربردنی منداڵ دەکەن، بەڵام کاتێک منداڵەکە گەورە بێت و هاوژینەکەت ڕازی نەبێت، نایاسایی دەبێت و ئەنجام نادرێت، هەندێک شوێنیش ئەگەر بیکەن، داوای پارەیەکی زۆر دەکەن، کە منداڵەکەم لەدایکبوو، تووشی خەمۆکی بووم و نەمتوانی دایکێکی باش بم، سەرەڕای ئەو هەموو سەختیانەی هەمبوو، لە هاوژینەکەم جیابوومەوە، بۆ ئەوەی کچەکەم لە داهاتوودا ئەگەر وەک نمونەیەک سەیری من بکات، تێبگات کە نابێت بە هەر نرخێک بێت خۆڕاگری بەرامبەر شتێک بکات کە نایەوێت، هیوادارم ڕۆژێک کچەکەم بە پێچەوانەی منەوە کۆنترۆڵی جەستەی خۆی بکات.

 

"ژنان بەهۆی زۆری خەرجی لەباربردنی منداڵەوە ڕوو لە ڕێگەی مەترسیدار دەکەن"

شیما شەریفزادە مامانە و سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە دووگیانی دەڵێت: خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن لە دووگیانی هێشتا لە ناوەندە تەندروستیەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام پزیشک و مامانەکان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان ڕووبەڕووی سنووردارکردن و مەترسی دەبنەوە، ئێمەش خزمەتگوزاری چارەسەرکردن و ڤازێکتۆمی ئەنجام نادەین، زۆرێک لە حەب و دەرمانەکانی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوون تەنها بە ڕەچەتەی پزیشک دەفرۆشرێن، بێگومان هەندێک لە دەرمانخانەکانیش حەبی خۆپارێزی یان فریاگوزاری بەبێ ڕەچەتە دەفرۆشن، بەڵام فرۆشتنی ئەو دەرمانانە سنوردارن و بەرنامەکە داڕشتن و دابینکردنی بێبەرامبەر بۆ کەلوپەلەکانی پەیوەست بە خۆپاراستن لە دووگیانی و هاندانی بەکارهێنانیان لە تۆڕی تەندروستی لە سەرتاسەری وڵات هەڵوەشاوەتەوە، لەبەر ئەم هۆکارەش ​​زۆرترین زیان بۆ ئەو ژنانە دەگات کە کەم داهاتن، یان ئەوانەی تەنها دەتوانن بۆ ڕیگری لە دووگیانی خزمەتگوزارییە حکومییە بێبەرامبەر و هەرزانەکان بەکاربهێنن.

 

هەروەها دەڵێت سەبارەت بە هەندێک لە ژنان کە ڕوو لە لەباربردنی منداڵی مەترسیدار و ناستاندارد دەکات: هەندێک لە ژنان ڕوو لە ڕێگای مەترسیدار دەکەن، وەک خواردنی حەب بە بێ سەرپەرشتی پزیشک، خواردنەوەی کحولی، و چوون بۆ شوێنی نایاسایی و ناتەندروستی، بەهۆی بێتوانایییان لە پێدانی پارەی لەباربردن و دەرمانی ڕێگری لە دووگیانی، پێویستە بزانین کە بەکارهێنانی هەریەکێک لەو شێوازانە ژیانی ژنان و تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە.