ناوەندی مشتەنوور کە بۆردومان کرابوو بە دەرفەتی کەمەوە جارێکی دیکە کار دەکات

پەرستار ئاهین محەمەد کە لە ناوەندی تەندروستی مشتەنوور کار دەکات ئاماژەی بەوەکرد، ناوەندەکە دوای بۆردومانەکە کراوەتەوە، بەڵام کەمی کەلوپەل و دەرمان هەیە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دەستەی تەندروستی هەرێمی فورات دوای بۆردومانی ناوەندی تەندروستی مشتەنوورو وەستانی خزمەتگوزاری ناوەندەکەی کردەوە.

 

لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، دەوڵەتی تورکیا ناوەندی تەندروستی مشتەنووری بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد. ناوەندەکە خزمەتگوزاری جۆراوجۆری بۆ ٥٠٠ نەخۆش دابین کردووە، بە بەهای ٢٠٠ هەزار یۆرۆ زیانی بەرکەوتووە.

 

پەرستار ئاهین محەمەد، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە ناوەندی تەندروستی مشتەنوور کار دەکات، باسی بونیادنانەوەی ناوەندی مشتەنوور دەکات.

 

"لەهەر بەشێکدا خزمەتمان کردووە"

لە سەرەتای قسەکانیدا ئاهین محەمەد باسی ئەو ناوەندی مشتەنووری کرد کە کرایە ئامانج و وتی: ناوەندی تەندروستی مشتەنوور لە ساڵی ٢٠١٥بە تیمێکی گەورەوە کرایەوە، چەندین بەش لە بەشە ناوخۆییەکاندا، ڕۆژانە ٥٠٠ نەخۆش، کە ژن و منداڵیان تێدابوو پشکنین و چارەسەریان بۆ دەکرێت، لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، دەوڵەتی تورکیا بە مەبەست چوار جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناوەندەکەی بۆردومان کردو بە تەواوی لە خزمەتگوزاریدا نەما، بەهۆی بۆردومانەکەوە زیانێکی زۆرمان بەرکەوت، هەموو کەلوپەل و دەرمانەکانمان سوتێندران و ناوەندەکە وێران بوو، بە تایبەتی لە ئاستی کۆبانێدا، تاکە ناوەند بوو کە خزمەتگوزاری ئاوا و بێبەرامبەری بۆ خەڵک دابین دەکرد، چونکە زۆربەی خەڵکی کۆبانێ ڕوویان لە ناوەندی مشتەنوور کردووە، لەگەڵ بۆردومانکردنی ناوەندەکە و وەستانی کارەکانمان خەڵکەکە بەربەستی گەورەیان بۆ دروست بوو، بەتایبەتی نەخۆشەکانی بەشی شەکرە و چارەسەر کردنی منداڵان.

 

"کێشەی گەورە لە هەموو بەشەکاندا هەیە"

ئاهین محەمەد ئاماژەی بە زیانەکانی بۆردومانەکە کرد و وتی: بەهۆی پێداویستییەکانی خەڵکەوە، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتەکان سنووردار بوون دەستبەجێ هەنگاومان ناو ناوەندەکەمان بنیاد نا، لەبەر ئەوە لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ناوەندەکەمان کردەوە بە سیستەمەکەی پێشوو کە ڕۆژانە پێشوازی لە نەخۆشەکانمان دەکەین، زۆر کەموکوڕی هەیە لە ناوەندەکەمان، پێشتر ئیکۆیەک هەبوو لە بەشی ژنان، بەڵام ئێستا نییە چونکە سووتا، هەروەها ئێمە پێشتر پشکنینی شەکرەمان دەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانین ئەنجامی بدەین، بەو دەرفەتانەی لە دەستماندان، تەنها دەتوانین دەرمان بدەین، بە شێوەیەکی گشتی، کەمی هەموو کەلوپەلی تەندروستی و پزیشکی هەیە بەڵام سەرەڕای ئەو کەموکوڕییانەی کە بەهۆی بۆردومانەکەوە بەدەستییەوە دەناڵێنین، هەموو دەرفەتێکمان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان ڕەخساندووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاهین محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و وتی: بەدڵنیاییەوە،بە ئامانجکردنی ناوەندێکی تەندروستی تاوانی جەنگە و دەبێت دەوڵەتی تورکیا سزا بدرێت، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەندروستی دەکەین کە ڕێگری لەو تاوانانە بکەن، دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات و زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.