مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا

پزیشک هاژە عەبدوڵا دەربارەی مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا دەڵێت: دەکرێت زۆر سوودبەخش بێت و دەکرێت بۆ هەندێک ژنیش قەدەغە بێت و زیانی هەبێت، بەڵام سوودەکانی زیاترە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هاژە عەبدوڵا، پسپۆڕی چاودێری ژنانی دووگیان، ئاماژەی بەوە کردووە مەلەکردن تاکە وەرزشە کەمترین زیان و قورسی هەبێت بۆ دایکی دووگیان و لەگەڵیشیدا سوودی زۆرە.

 

ئەو پزیشکە چەند ڕێنماییەک بۆ مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا دەخاتەڕوو، دەبێت سێ جار لە هەفتەیەکدا ژنی دووگیان مەلە بکات و کاتەکەشی ٣٠ خولەک زیاتر نەبێت، هەر ١٥ خولەک جارێک پشوو بدات و ئاوی باش بخواتەوە، هەڵبژاردنی حەوزێکی باش و کراوە بۆ مەلەکردن، ئاوێکی پاک کە دووربێت لە میکرۆب و پیسی و دووربێت لە ماددەی کیمیاییە پاککەرەوەکان، وا پێویستە کە حەوزی مەلەکردنەکە سەر کراوە بێت تاوەکو حاڵەتی هەناسەتوندی ڕوونەدات، نابێت ماوەیەکی زۆر بمێنیتەوە لەناو حەوزەکەدا.

 

ئەو پزیشکە ڕێنماییەکان وەها درێژە پێدەدات، هەناسەدانی قووڵ لە هەوای پاکدا، ئاگاداربێت لە خلیسکان و نەکەویتە سەر زەوی، نابێت لە ساونا و چاکوزیدا مەلە بکات، بەتەنها نەڕوات بۆ مەلەکردن، نابێت ئاوەکە زۆر سارد یاخود زۆر گەرم بێت، پێش ئەوەی دەست بکرێت بە مەلەکردن دەبێت وەرزشی خۆگەرمکردن ئەنجام بدات بۆ ئەوەی جەستە گەرم ببێت.

 

شێوازەکانی مەلەکردن بۆ ژنی دووگیان:

دەتوانێت بە درێژایی ماوەی دووگیانی سوود لە شێوازی باڵەمەلە وەربگرێت،

لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدا واباشترە کە شێوازی بۆقەمەلە ئەنجام بدات و

بەهۆی پەستانی زۆر لەسەر پشت و کەمەر نابێت ژێرە مەلە ئەنجام بدات.

 

سوودەکانی مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا:

نقوم بوونی جەستە لە ئاودا، یەکێک لە سوودە گرنگەکانی ئەوەیە کە هەموو لەشی لەناو ئاو دایە و جەستە هیچ پەستانێک ناخاتە سەر پشت و قاچی دایکەکە.

 

ئارامی دەروونی، بە بەراورد بە وەرزشەکانی دیکە زۆرترین ئارامی دەروونی دەبەخشێت و ئەنجامدانی لەگەڵ یۆگادا زۆر سودبەخشە.

 

چالاککردنی سوڕی خوێن، مەلەکردن لەش و ماسولکەکان بەهێز دەکات و سوڕی خوێن چالاک دەکات بۆ بەشەکانی جەستە.

 

دابینکردنی ئۆکسجین، مەلەکردن وەرزشێکی هەواییە واتە ئۆکسجین بۆ لەشی دایک و منداڵەکەش دابین دەکات.

 

کەمکردنەوەی ئازاری پشت، مەلەکردن پەستانی زۆر لەسەر پشت کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکەی.

 

جێگیری پلەی گەرمی جەستە، لە ماوەی دووگیانیدا پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە بە مەلەکردن دەتواندرێت پلەی گەرمی لەش جێگیر بکرێت.

 

باشترکردنی کارەکانی دڵ، مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا کار و چالاکییەکانی دڵ و دەمارەکان باشتر دەکات.

 

خاوکردنەوەی ماسولکەکان، ژنانی دووگیان بەگشتی تووشی کەشەنگبوونی ماسولکەکان دەبن و ماسولکەکانیان ڕەق دەبێت، بە مەلەکردن لەمە ڕزگاریان دەبێت.

 

بەرزکردنەوەی چالاکی کۆئەندامی بەرگری جەستە، ئاو هەمیشە چارەسەرێکی باشە بۆ زۆرینەی نەخۆشییەکان و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش کە دژی نەخۆشییەکان بجەنگێت.

جێگیری کێشی لەش، ڕێگایەکە تاوەکو کێشی لەش جێگیر بێت و ڕێگری دەکات لە زیادبوونی کێش.

 

خەوێکی باشتر، زۆرینەی ژنان بەهۆی قورسی و هەناسەتوندییەوە خەوێکی باشیان نییە لە ماوەی دووگیانیدا بە مەلەکردن ئەم کێشەیەیان چارەسەر دەبێت.

 

جەستەیەکی تەندروستتر، مەلەکردن قەبزی و بای سک کەم دەکاتەوە و جەستە چالاک دەکات.

 

چ کاتێک نابێت مەلە ئەنجام بدرێت لە ماوەی دووگیانیدا؟

-خوێنبەربوونی منداڵدان.

-بوونی کێشە لە منداڵەکەدا.

-کێشەکانی دڵ.

-پێشینەی لەبارچوون یاخود منداڵبوونی پێش وەختە زیاتر لە جارێک.

-بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە.

-نەخۆشییە کۆنتڕۆڵ نەکراوەکانی گورچیلە.

-تەقینی پەردەی سەراو.

-دووگیانی بە دووانە یاخود زیاترەوە.

-نەخۆشیەکانی سییەکان.

 

لە چ کاتێکدا دەبێت واز لە مەلەکردن بهێندرێت؟

کاتێک لە کاتی مەلەکردنەکەدا ئەم حاڵەتانە هەبوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکرێت و واز لە مەلەکردن بهێندرێت:

 

-خوێنبەربوون لە دامێنەوە.

-نەمانی جووڵەی منداڵ.

-دڵتێکچوون و ڕشانەوە.

-هەناسە توندی.

-سەرگێژخواردن.

-بێهێزی و بوورانەوە.

-سەرئێشە.

-ئازاری سەر سنگ.

-ئازاری پشت و مل.

-بوونی کێشە لە کاتی ڕۆشتندا.

-گرژبوونی بەردەوامی منداڵدان.

-تەقینی پەردەی سەراو.