بیلمیبی لە ناوچە گەرمەکانی ئاسیادا گەشە دەکات

بیلمی میوەیەکی بەناوبانگە وەک تام لەگەڵ شۆربا و چەندین خواردنی دیکە بەکاردێت، جگە لە تام و بۆن خۆشیەکەی سودێکی زۆر دەبەخشێت بە تەندروستی مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

داری بیلمیبی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ژینگە گەرمەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گەشە دەکات، بە داری خەیاریش ناودەبرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر لە چەندین جۆری بارودۆخی خاکدا دەمێنێتەوە، جگە لە لە میوەکەی تۆو و گوڵەکەی خاوەنی بەهای بەرچاون و لە ئامادەکردنی چەندین چارەسەری گیایی جیاوازدا بەکاردەهێندرێن.

 

میوەی بیلمیبی جگە لە پێکهاتە بنەڕەتیەکانی کە بریتین لە کاربۆهایدرات و ڕیشاڵ و پڕۆتین، بڕێکی زۆر لە ڤیتامین سی و بی و کالیسیۆم و ئاسنی تێدایە، کە ئەم پێکهاتە خۆراکییانە پێکەوە سودێکی زۆر پێشکەدەکەن بە تەندروستی مرۆڤ.

 

سودە تەندروستیەکانی

یارمەتیدەری بەڕێوەبردنی بەرزی فشاری خوێن دەکات، خواردنی بە کوڵاوی یارمەتیدەرێکی باشە و گەنجینەیەکی باشی دژە ئۆکسێنەرە و پرۆتینەکانی ناوی وادەکات چارەسەرێکی نایاب بێت بۆ دابەزاندنی بەرزی پەستانی خوێن، هەروەها دەبێتە هۆی فراوانکردنی خوێنبەر و مولولەخوێنەکان و ئارامکەرەوەی ماسولکەکانی دڵە

 

ئاستی شەکری خوێن ڕێکدەخات، بە چاودێریکردنی چالاکی ئەنسۆلین لە جەستەدا ڕیگری دەکات لە بەرزبونەوەی لە ناکاوی ئاستی گلوکۆزی خوێن بەمەش یارمەتیدەرێکی باشە لە کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشی شەکرە.

 

کۆکە و هەڵامەت چارەسەر دەکات، بەهۆی بوونی ڤیتامین سی لەم میوەیەدا سودی نایاب بۆ کارکردنی سیستەمی بەرگری جەستە دەبەخشێت، لەبەرامبەر ئەمەشدا چارەسەری هەڵامەت و کۆکە دەکات، دەبێتە هێورکەرەوەی ئازاری قورگ و بەرگری جەستە بەهێز دەکات.

 

ئێسک بەهێزتر دەکات، بیلمیبی بڕێکی زۆر کالیسیۆمی تێدایە، کە چڕی ئێسک بەرزدەکاتەوە و پێکهاتەی ئێسک دەپارێزێت، بەتایبەت کاتێک وشک دەکرێتەوە یاخود دەکرێت بە ترشیات، بەشیوەیەکی سەرنجڕاکێش ئێسکەکان ڕەق دەکات و وایان لێدەکات بەهێزتربن.

 

زیپکەی پێست چارەسەر دەکات، تایبەتمەندە بە ڤیتامین سی و ترشی ئۆکسالیک و ڤیتامین ئەی و دژە ئۆکسێنەری باشی تێدایە بۆ پاراستنی شانەکانی پێست، پەڵە و ئاوسانی پێست کەمدەکاتەوە و سوربونەوە و زیپکە ناهێڵێت، پێست نەرم و ڕوون و درەوشاوە دەکات

 

گرژبوونی ماسولکەکان کەمدەکاتەوە، چارەسەرێکی سروشتی سەرسوڕهێنەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ماسولکەکان و ئارامکەروەی گرژبونی شانەکان، شێلاندنی قاچ و قۆڵەکان و جەستە بە هەویری گیایی لە گەڵاکانی بیلمیبی، یارمەتی ڕزگاربوونێکی خێرای فشاری ماسولکەکان دەدات، هەروەها خواردنەوەی شەربەتەکەشی ئازار وناڕەحەتی و ڕەقبونی ماسولکە و جومگەکان ناهێڵێت و چارەسەریان دەکات.

 

بیلمیبی میوەیەکی چڕ و پڕە لە ماددە خۆراکییەکان و تەندروستە بۆ خواردن کاتێک بەشێوەیەکی مامناوەند وەک بەشێک لە خۆراکی ڕۆژانە بەکاربهێندرێت، بەڵام ئەگەر بەڕێژەیەکی زۆر بخورێت بەهۆی زۆری ئەو ترشیەی تێیدایە، دەبێتە هۆی هەرس نەکردنی خۆراک و تووشبوون بە دڵە کزە و کێشەکانی دیکەی گەدە و ڕیخۆڵەکان و گورچیلەکان.