زانایان: ڤایرۆسە ملیۆن ساڵەکان یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە دەدەن

زانایان ئاماژە بەوەدەکەن، پاشماوەی ڤایرۆسە کۆنەکان کە ملیۆنان ساڵە لەناو DNA مرۆڤدا شاردراونەتەوە، یارمەتی لەش دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی پەیمانگەی فرانسیس کریک دەریخستووە، پاشماوە نوستووەکانی ئەم ڤایرۆسانە کاتێک خانە شێرپەنجەییەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچن بەئاگا دەبن، ئەمە بەبێ مەبەست یارمەتی سیستمی بەرگری دەدات.

 

تیمەکە دەیانەوێت ئەم دۆزینەوەیە بەکاربهێنن بۆ دیزاینکردنی ڤاکسینێک کە دەتوانێت چارەسەری شێرپەنجە بەهێز بکات یان تەنانەت ڕێگری لێ بکات.

 

توێژەران تێبینی پەیوەندییەکیان کردووە لە نێوان ڕزگاربوونێکی باشتر لە شێرپەنجەی سییەکان و بەشێک لە سیستمی بەرگری کە پێی دەوترێت خانەی B، خانەکانی B ئەو بەشەی لەشمانن کە دژەتەن دروست دەکەن و زیاتر ناسراون بە ڕۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن وەک کۆڤید.

 

ئەوەی ئەوان لە شێرپەنجەی سییەکاندا دەیکەن نهێنی بوو، بەڵام زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی ئاڵۆز بە بەکارهێنانی نموونەی نەخۆشەکان و تاقیکردنەوەی ئاژەڵان نیشانیان دا کە هێشتا هەوڵدەدەن بەرەنگاری ڤایرۆسەکان ببنەوە.

 

هەندێک لەو ڕێنماییە بیانییانە بە تێپەڕبوونی کات هەڵبژێردراون و خزمەتی بەسوود دەکەن لەناو خانەکاندا، بەڵام هەندێکی دیکە بە توندی کۆنتڕۆڵکراون بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەیان.

 

ڕێنماییە بۆماوەییە کۆنەکان چیتر ناتوانن هەموو ڤایرۆسەکان زیندوو بکەنەوە، بەڵام دەتوانن پارچەیەک لە ڤایرۆس دروست بکەن کە بەس بێت بۆ سیستمی بەرگری تا هەڕەشەیەکی ڤایرۆسی ببینێت.

 

دژەتەنەکان بەشەکانی دیکەی سیستمی بەرگری بانگ دەکەن کە خانە تووشبووەکان دەکوژێت، سیستمی بەرگری هەوڵدەدات ڤایرۆسەکە بوەستێنێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا خانە شێرپەنجەییەکان دەرهێنێت.

 

دکتۆر کلێر برۆمڵی لە ڕێکخراوی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا وتی: هەموومان دی ئێن ئەی ڤایرۆسی کۆنمان هەیە لە جینەکانماندا کە لە باوباپیرانمانەوە گواستراوەتەوە، ئەم توێژینەوە سەرنجڕاکێشە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕۆڵەی لە شێرپەنجەدا هەیە و چۆن سیستمی بەرگریمان دەتوانێت خانە شێرپەنجەییەکان بناسێنێت و لەناوی ببات.

 

وتیشی: لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینی شێرپەنجە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توێژینەوەیە بۆ ئەو توێژینەوانە زیاد دەکات کە ڕەنگە ڕۆژێک بێت ئەم ڕێگا داهێنەرە بۆ چارەسەری شێرپەنجە ببێتە ڕاستی.