نەخۆشی دەردەشاهانە "نەقرەس _داء الملوك"

پزیشک هەڤین کەمال شا، دەربارەی نەخۆشی دەردەشاهانە ئاماژە بەوەدەکات، جۆرێکە لە ھەوکردنی جومگەکان بەھۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی یوریک "uric acid" لە لەشدا، بریتییە لە پاشماوەی پیورین "purin" کە بەشێکی زۆربەی ئەو خواردنانەی ئێمە دەیخۆین لەوە پێکھاتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک ھەڤین کەمال شا، ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن، بابەتێکی لەسەر نەخۆشی دەردەشاهانە نووسیوەو ڕوونیکردووەتەوە، نەخۆشییەکە جۆرێکە لە ھەوکردنی جومگەکان بەھۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی یوریک "uric acid" لە لەشدا، بریتییە لە پاشماوەی پیورین "purin" کە بەشێکی زۆربەی ئەو خواردنانەی ئێمە دەیخۆین لەوە پێکھاتووە، Top of Formزیادبوونی کریستاڵی یوریک ئەسید لە جومگەکاندا دەبێتە ھۆی ھەوکردن و داخورانیان و دەبێتە ھۆی ئازارێکی زۆر لە جومگەکاندا، ھەروەھا کاریگەری ھەیە بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە و گیرانی بۆریەکانی بەم کریستاڵانە و دەبێتە ھۆی سستی گورچیلەکان .

 

نیشانەکانی دەردەشاهانە، ئازارێکی زۆر لە جومگە تووشبووەکە بە دوایدا تووشی ئاوسان و گەرم داھاتن و سوربوونەوە دەبێت، لەگەڵ ئازار لەکاتی دەست لێدانی دا، زیاتر جومگە بچوکەکان تووشی ئەم دۆخە دەبن بە تایبەتی جومگەی پەنجە گەورەی قاچ.

 

ئەو جومگانەی تر کە ئەگەری تووشبونیان ھەیە وەک: ئەنیشک ، ئەژنۆ ، مەچەک ، پەنجەکان ..ھتد، لەھەندێک کەسدا ئازارەکە ئەوەندە زۆرەو کتوپڕە کە بە بەرکەوتنی پێخەفیش ئازار بۆ جومگەکە زیاد دەکات، ئەم جۆرە ئازارە کتوپڕانە لەوانەیە چەند کاتژمێرێک بۆ چەند ڕۆژێک بخایەنێت و بە بەکارھێنانی دەرمان یان بەبێ دەرمانیش نەمێنن، لە چەند دۆخێکی دەگمەندا لەوانەیە چەند ھەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام لەوانەیە لە ماوەی مانگەکەدا دوو سێ جار ئازاری بۆ بێت.

 

کێن ئەوانەی تووشیان دەبێت؟

١- پیاو زیاتر لە ژن.

٢- ڕەشپێست زیاتر لە سپی پێست.

٣- لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات بەتایبەتی ئەوانەی لە سەروو ٧٠ ساڵەوەن.

٤- لە ژناندا زیاتر لە دوای وەستانی سووڕی مانگانە ڕوودەدات کەپێی دەوترێت "menopause".

٥- لە ڕێگای بۆماوە، ئەگەر خێزان نەخۆشی دەردەشاهانەیان ھەبوو، ئەوە ڕێژەی تووشبوون بەم نەخۆشیە بۆ ٢٠% زیاد دەکات.

 

ھۆکارەکانی :

١- کێشی زیاد، بەتایبەتی لە گەنجاندا.

٢- بەکارھێنانی ماددە کحولیەکان بەڕێژەی مامناوەند بۆ زۆر.

٣- بەرزی پەستانی خوێن.

٤- سستی گورچیلەکان.

٥- بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان، یاخود ھەندێک نەخۆشی ڕێژەی یوریک ئەسید زیاد دەکەن لە خوێندا.

٦- سستی ڕژێنی دەرەقی و کەمی دەردانی ھۆرمۆنی تایرۆکسین "hypothyroidism".

 

دەستنیشانکردنی:

پشکنینی خوێن دەکرێت بۆ زانینی ڕێژەی یوریک ئەسید لە خوێندا، ھەندێک جار پشکنینی شلەی ناو جومگەکە دەکرێت، ئەویش بە دەرھێنانی بڕێک لێی بە ھۆی سرنجی پاکژی تایبەت، لەتاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکرێت ئەگەر کریستالی یوریک ئەسید ھەبوو لە ناویدا ئەوە مانای ئەوەیە ئەو نەخۆشە دەردەشاهانەی هەیە.

 

چۆن خۆمان بپارێزین لە نەخۆشی دەردەشاهانە؟

١- خواردنەوەی ئاو و شلەمەنی زۆر یاریدەدەرە بۆ ئەوەی تووشی ئازاری کتوپڕی ئەم نەخۆشیە نەبین ھەروەھا کاری گورچیلەکان باش دەکات و ناھێڵێت تووشی بەردی گورچیلە بین لەنەخۆشێکدا خۆی دەردەشاهانەی ھەبێت.

٢- خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوە کحولیەکان .

٣- کێشت دابەزێنە.

٤- ڕێکخستنی خواردن: لەو خواردنانە دوور بکەوەرەوە کە ماددەی یوریک ئەسید زیاد ئەکەن لە خوێندا، ئەویش ئەو خواردنانەن کە ماددەی پیورینیان تیادایە وەک: گۆشتی سوور ، جگەر ، گورچیلەکان ، مۆخی مێشک، ھەروەھا گوێچکە ماسی، ماسی تونە، لولپێچ، پاقلەمەنیەکان، قارچک، سەوزە گەڵا تۆخەکانی وەک سپێناغ، شێلم، بڕۆکلی، کەلەرم، توێژینەوەکان دەڵێن گۆشتی ئاژەڵ و خواردنە ئاوییەکان بە گشتی زیادی دەکەن بەڵام خواردنی شیرەمەنیەکان کەمتری دەکەن.