ئەڤۆکادۆ ڕێگری لە شێرپەنجەی مەمک دەکات

ئەڤۆکادۆ گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شێرپەنجە، بە تایبەتی شێرپەنجەی مەمک لە ژناندا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەڤۆکادۆ، میوەیەکی توێکڵ ئەستور و زبرە کە لەگەڵ پێگەشتندا لە سەوزەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەش، لە ناوچە گەرمەکانی ئەمریکا، بەڕازیل و رۆژئاوای هیند بەرهەم دێت و گەشە دەکات.

 

زۆرجار ئەڤۆکادۆ بە خۆراکی سەرەکی ناودەبرێت، لەبەر ئەوەی پڕە لە ماددە خۆراکیەکان و چەورییە تەندروستەکان، کە سوودێکی ئێجگار زۆری بۆ تەندروستی دڵ هەیە، ڕێگری لە گیران و کۆبوونەوەی کلس دەکات لە بۆڕییەکانی خوێن، کۆلیسترۆڵ لە ئاستێکی دیاریکراودا دەهێڵێتەوە، پارێزگاری لە دەمارەکان دەکات و لە ڕەق بوون دەیانپارێزێت، گەددە بەهێز دەکات لەکاتی دووگیانی ژناندا، دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوە و ئێڵنجدان کەم دەکاتەوە، ڕێگری لە شێرپەنجە و دروست بوونی خانە شێرپەنجەییەکان و بەتایبەت شێرپەنجەی (پرۆستات و مەمک) دەکات، ڕێگرە لە چالاک بوون و گەشەسەندنی ئەو خانە شێرپەنجەییانەی کە لە جەستەدا بوونیان هەیە.

 

بەها خۆراکیە بنەڕەتیەکان چین لە ئەڤۆکادۆ دا ؟

ئەڤۆکادۆ ڕیشاڵ و ڤیتامین C و E و K و B6 تێدایە و بەهای خۆراکییەکەی زۆر بەرزە بە جۆرێک، کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم و فۆلات لەخۆدەگرێت، ڕێژەی شەکریان کەمە و کۆلیسترۆڵیان نییە.

 

لەکاتێکدا ئەڤۆکادۆ بە میوە دادەنرێت، بەڵام زۆرجار وەک سەوزە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش بەهۆی کەمی ڕێژەی شەکر و زۆری ئەو ڤیتامینانەی کە تێیدایە.